کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکاری تاقیکردنەوە بەراییەکان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ پینجشەممە ٦-٢-٢٠٢٥, بە سەرپەرشتی مامۆستا ''لقمان سعید صديق'' بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر, وەک سەرۆکی لقی ئەزموونی لەپارێزگای هەولێر و بەئامادەیوونی, یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بۆ کاروباری تەکنیکی و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبەری تەکنیکی و ئەزموونەکان و بەرپرسی ئەزموونەکان, لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان و سەرپەرشتیارانی یەکەمی پەروەردەیی قەزاکان و بەرپرسی هۆبەی ئەزموونەکان لە پەروەردەی قەزاکان کۆبۆوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا, بەڕیوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر, دوایین ڕێنماییە ئەزموونەگشتییەکان و هاوکات تاقیکردنەوە بەراییەکانی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو, هەروەها جەختی لە چۆنییەتی ئامادەکارییەکانی وادەی تاقیکردنەوە بەراییەکان کردەوە و هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان دێنە بەردەم پڕۆسەکە گفتوگۆی لە بارەیەوە کرا, گوتیشی ئامادەکاری تەواو بکرێت بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئەزموونەکان, دواتر لە تەوەرە یەک لە دوا یەکەکانی کۆبوونەوەکە, بوار بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان درا, وەک ئەندام لە لێژنەی لقی ئەزموونی ڕاو سەرنجەکانییان خستە ڕوو, وێڕای گەیشتن بە خاڵی هاوبەشی کۆبوونەوەکە و چارەسەری گونجاو بۆ سەرخستنی پرۆسەکە, بەرێوەبەری گشتی سوپاسی ئامادەبوانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواستن.