ترەمپ فەرمانی کشانەوەی لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ دەرکرد
دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کشانەوەی ئەو وڵاتەی لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکرد.
میدیاکانی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی شوبات بڵاویانکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی وڵاتەکەیان فەرمانی کشانەوەی وڵاتەکەی لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکرد و هاوکارییە داراییەکانی واشنتۆنی بۆ UNRWA، دەزگای فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی پچڕاند.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردەوە، ئەو فەرمانە هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر سەرکەوت، ئەوا هاوکارییە داراییەکانی واشنتۆن بۆ UNRWA (رێکخراوی فریاگوزاری فەلەستین) دەوەستێنێت.
هەروەها ڕژێمی ئیسرائیل هەمیشە ڕەخنەی لە UNRWA گرتووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە کارمەندەکانی کردەوەی "تیرۆریستی"یان لە دژی ئیسرائیل ئەنجامداوە.
ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە فەلەستینییەکان لەگەڵ تەلئەبیب بگەنە ڕێککەوتن.
ئەو پێی وایە هاوکارییە داراییەکانی ئەم دامەزراوەیە بۆ فەلەستینییەکان گرژیەکان بڵاودەکاتەوە.
پێدەچێت ترامپ بە پشتیوانیکردنی یەکلاکەرەوە و تاکلایەنە لە ڕژێمی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لایەنی بەرامبەر نیشان بدات بۆ ڕاگرتنی ئەوگرژییە.
گوڵان: سەردار خەلیل