دژایەتی وپەلاماردانى پارتى و هەولێر لە یەکاتدا
![دژایەتی وپەلاماردانى پارتى و هەولێر لە یەکاتدا](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250210222056_original_25.jpg )
لە ماوەى چەند ساڵى رابردوو، ئەوەى بە وردى سەرنجى لە سەر درا بێت ، ئەوەیە ، کە دوژمنانى ئەم گەل و قەوارەیە ، لە یەک کات و ساتدا هەولێرى پایتەختى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان کە دامەزرێنەر و پارێزەرى دەستکەوتەکانێتى بە جۆرەها پیلان ،سیناریۆ ،قەیرانسازى ، گەمارۆ و چەکێک پەلامار داوە ، چونکە خەونى دوژمنان وداگیرکەران بەدیهێنانى مەرامە تایبەتییەکانیان و ناچارکردنى گەلى کورد بووە بۆ خۆچەماندن بۆ جێبەجێکردنى نەخشەکانیان لە ناوچەکەدا .
لە ماوەى ساڵانى 2011 بە ئێستاى 2025 ، وردبوونەوە لە هەنگاو بەهەنگاویی ئەو کارتە فشارە دەرکی و ناوخۆیانە ، ئیتر هەر لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ساختە بگرە ، تا بەکارهێنانى چەند چین و توێژێکى ناو هەندێک لایەنى لاواز و قورمیشکراویی بێگانە و نەیارانى کوردستان ، تا دەگاتە دروشمى برۆخێت و سووکایەتیکردنى بە رەمز و شکۆمەندییەکان و خەبات و پێشمەرگە و شەهیدان ، ئینجا پیلانى برسیکردن و بڕینى قووت و مووچەى کوردستان تا هێرش و پەلاماردانى سەربازى و بەکارهێنانى جۆرها چەک و مووشەک و ئینجا ئاگرتێبەردانى سەروماڵى کاسبکاران و تیرۆر و ئاژاوەنانەوە وڕفاندن و دەیان کارى تێکدەرانەى دیکە ، کە مەرام تێیدا تێکدانى سەقامگیرى و ئاسایش و ئارامى هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى هەولێرى پایتەخت و پارتى دیموکراتى کوردستان و خەونى لەباربردنى ئەم قەوارەیە .
خۆپیشاندان و ناڕەزایی و مانگرتن داواکارى رەوایە و شارستانیانە و دیموکراسیانە ، بوونى ئۆپۆزسیۆنێکى بونیاتنەر کە تێیدا پایەکانى حکوومرانى بەهێز بکات و چاودێرییەکى ورد و تەندروستانە لە سەر دامودزەگان بکات زۆر رەوا و تەندروستە، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە سەماکردن بە سازى دوژمنان ونەیارانى کوردستان دەچێتە چوارچێوەى مانگرتن و ناڕەزایی دەربرین؟ ، ئایا بردنى زانیارى و سیخوریکردن بۆ نەیارانى کوردستان بەمەبەستى لێدانى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان دەچنە چوارچێوەى ئۆپۆزسیۆن بوونەوە ؟ بە شان و باڵ هەڵدا گووتنى دیکتاتۆر و ستەمکار و میلیشیا لە یاسا دەرچوو کە خەون و هەموو مەرامەکانیان تێکدانى نێوماڵى کوردستانییە دەچێتە چوارچێوەى مانگرتن وخۆپیشاندان و داواکردنى مافى مامۆستا ؟ سووکایەتى کردن بە مێژوو و سەروەرییەکان و سفرکردنەوەى خەبات و بەرخودان و پێشمەرگە و شەهیدان و سەروەرییەکانى ئەم گەل و قەوارەیە دەچێتە چوارچێوەى ئۆپۆزسێۆنبوونێکى نیشتیمانپەوەرى و کوردپەوەرەوە ؟
هەموو ئەم پیلان و سیناریۆانە لەکاتێکدایە ، کە ئەوانەى کە لە عێراق و دەرەوەى سنوورەکان خەونى لە باربردنى هەرێمى کوردستان و تێکدانى رەوشە ئارام و سەقامگیر و گەشەسەندووەکەى دەبینن ، خۆیان لە خراپترین رەوشى سیاسى و ئەمنى و لە پەلەقاژەى مردن دان ، چونکە دواى گۆرانکارییەکانى ناوچەکە و تێکشکانى هیلالى شیعى و بەرەى موقاوەمەى شکستخواردوویان ، تاکە شوێن کە دڵیان خۆشکردووە هێرش وپەلامارى بدەن بەڵکو قەرەبوونى پووکانەوە و ریسواییەکانیان بکەن هەرێمى کوردستانە وەک دوورگەیەکى ئارام و سەقامگیر لە ناوچەکەدا .
ئەوەتا شاراوە نییە، ئەوەى زیاتر لە 10 ساڵە مووچە و بودجەى خەڵکى کوردستانى بڕیووە ، دەسەلاتە فاشیزمەکانى بەغدایە، ئەوەى هاوبەشى و بڕگەکانى دەستوورى پێشێڵکردووە و پابەندى دەستوور نابێت و ماف و شایستەداراییەکانى خەڵکى کوردستان نانێڕێت بەغدا و هەمان ئەو تاقم و گروپە میلیشیا تیرۆریستانەن کە ئەمڕۆ دێنە ژێر خێوتەکە و بۆ مەرامى شووم و خەونى نەزۆکیان شانوگەرى و پیلانگێرى دەکەن .
ئەوەى ستایشى دیکتاتۆر و فاشیزمە مەزهەبیی و تایفییەکانى دوێنى و ئەمرؤى عێراق بکات و پەلامارى خەبات و بەرخودانى گەلەکەمان بکات ، ئەوە ئاماژەیە بە بەزاندنى هەموو هێڵە سوورەکان و جاشایەتییەکى قێزەوەن و بەزاندنى هەموو هێڵە سوورەکانى ئەم گەل ونیشتیمانە و کاتى سنووردانانە و بێدەنگ بوون لێیان مەترسیدارە .
دەبێ ئەو راستییەن بڵێن کە ، لەکاتێکدا گۆرانکارییەکان دەرفەتێکى گونجاو بۆ گەلى کوردى هێناوەتە ئاراوە و داگیرکەران و نەیارانى کوردستان درکیان پێکردووە ، کاتى ئەوەیە کە کورد لە سەرئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان بە هوشیاری و ژیرانەوە مامەڵە بکەن ، وریا بن لە پیلانگێرى و هەوڵى دروستکردنى لێکترازانى نێوماڵى کوردستانى و بەڵارێدا بردن و سەرقاڵکردنى کورد بە بابەتى ناڕەوا و قەیرانسازى ساختەوە .
پێوست بوو ئەوانەى کە دەڵێن مافمان خوراوە ، بزانن کێ مافەرەواکانى گەلى کورد پێشڵکردوو ە و بودجە و مووچەى کوردستان نانێرێت ، دەبوو ناڕەزایی و مانگرتن و خۆپیشاندان لە دژى پێشێڵکارییەکانى بەغدا بووایە ، عێراقێک کە زیاتر لە یەک سەدەیە بە هەزاران کوردى تەنها بەهۆى کوردبوون و داواکارى مافەرەواکانى بە کوشندەترین چەک و ئەنفال و کۆمەڵکوژى و تیرۆر لە ناوبردووە ، دەبێت ئەو راستیەش لە بیر نەکەین ، کە ئەگەر خەبات و تێکۆشانى پارتى و هێزە نیشتیمانییەکانى تر نەبووایە ، ئەوە ئەمڕۆ بابەتێک بەناوى قەوارەى هەرێمى کوردستان وئازادى و دیموکراسى بوونى دەبوو .
ئەوەى بینراوە و سەرنج دەردێت ئەوەیە کە ،دوژمنان و نەیارانى ئەم گەل و نیشتیمانە رووى تیرە ژەهراویی وپەلاماردانەکانیان بەرەو رووى پارتى و بارزانییە ، چونکە باش دەزانن کە پارتى دیموکراتى کوردستان ئەو هێز نەتەوەیی ونیشتیمانى و کۆڵنەدەرەیە کە لە سەر هیچ فشار و گەلەکۆمەکى و پەلاماردانێک سازش لەسەر ماف و خاکى کوردستان ناکات ، بۆیە، سەرۆک بارزانى و پارتى گەورەترین بەربەستن لە بەردەم بەجێگەیاندنى پیلانگێرى و مەرامەکانیان دژى کوردکوردستان و هەڵبژاردنى 20ى ئۆکتۆبەرى 2024 و سەرکەوتن و متمانەى ملیۆنى جەماوەرى کوردستان بە پارتى وەڵامێکى گونجاوە و خەونى نەیارانى پارتى و هەولێریش هەرگیز نایەتەدى و بەدڵنییاییەوە ئەو رۆژەش نزیکە تا سەروەرى و ئازادى بۆ دەڤەرى سلێمانى قۆرخکراوى دەستى میلیشیا و گروپە لەیاسادەرچووەکان و دەزگەهەواڵگرى و مافیاکان بگەڕێتەوە رزگارى بێت.