بۆچی لەم کاتەدا هەولێر ستراتیژییەکی بەتاڵ...
![بۆچی لەم کاتەدا هەولێر ستراتیژییەکی بەتاڵ...](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250209214343_original_4.jpg )
(پێویستە، حکومەتی کوردستان داوای ڕونکردنەوە لەو لایەنانە بکات کە لە بەغداوە هاتن ئەم هەوڵە ناباشەیاندا).
پرسیارێک دێتە پێشەوە، کاتێک گروپ گەلێکی گەندەڵ کە زیاتر لە بیست ساڵە، بازرگانی بەخاک و خەڵکی عێراق دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی هاوتەریبن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی بەرەیەکی دیاریکراو، لەژێر پەردەی پشتیوانیکردن لە مافی مامۆستایان، هەوڵدەدەن سەرنجیان لەسەر هەولێر چڕبکەنەوە، ئەمە مانای چییە؟
لە ئاستێکدا ستراتیژێکە بۆ دووپاتکردنەوەی دەسەڵات و کاریگەریی گروپگەلێکی ئاڕاستەکراو لە بەرامبەر پاشەکشە ناوچەییەکانیان، بەتایبەتی کە گۆڕانکارییەکانی لوبنان و سوریا ئەوانی لاواز کردوە، لەم کاتە گرنگەدا کەسانێک کە خۆیان لەسەرەی لاداندان، هەرێم بەئامانج دەگرن، ئەمەش وەک کارتێک بۆ دووپاتکردنەوەی هەژموونیان لەناو عێراق بەکاردینن.
من باس لە حەق وناحەقی داواکارییەکانی ماموستایان ناکەم ، لێرە خۆم ناخەمە ناو ئەم پرسەوە ، ڕووکارە سیاسییەکەی دەبینم، میوانەکانی خێمەکە دەبینم، ئەو میوانانەی بەجدی ڕەزاگرانن و دێن موزایەدە دەکەن.
جگە لەوەش، گروپگەلێک بە گرنگیدان گوایە بە "مافی مامۆستایان"، پرسەکە بە شێوەیەک دادەڕێژنەوە کە ئامانجی دیکەی لە پشتە.
ئامانجەکانی ئەم مانۆڕە سیاسییە بەرچاون. ئەگەر گروپە نەیارەکانی عێراق لە هەوڵەکانیان بۆ ناسەقامگیر کردنی هەرێم یان گواستنەوەی سەرنجی نەرێنی سیاسی دەرەوە، بەتایبەتی خۆرئاوا بە قازانجی بەغدا سەرکەوتوو بن، ئەوە دەکرێت لێکەوتەی درێژخایەنی بۆ سەقامگیری هەرێم و عێراق هەبێت.
ئەم جۆرە هەوڵانە دەشێت ببنە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا و حکومەتی هەرێم، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی نوێبوونەوەی ململانێ یان قەیرانی سیاسی و دارایی ، دوریش نییە، ئامانجێکیان لەبەینبردنی لێکگەیشتنی نێوان بەغداد و هەرێم بێت، بۆیە پێویستە، حکومەتی کوردستان داوای ڕونکردنەوە لەو لایەنانە بکات کە لە بەغداوە هاتن ئەم هەوڵە ناباشەیاندا.
ببینن هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕاندایە. عێراقێکی ناسەقامگیر، بەتایبەتی لە لە ناوەڕاست و بەلای ناوچە کێشە لەسەرەکاندا، بەم هەنگاوانە نا سەقامگیرتر دەبێت.
هەڵبژاردنی هەولێری پایتەختی کوردستان، وەک خاڵی سەرەکی ئەم هەڵمەتە ئاڕاستەکراوە، هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.
پاڕادۆکسەکە ڕوونە، سەرەڕای پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە سیاسەتەکانی بەغدا، کێشەی دواکەوتنی مووچە لە 2024 بەردەوام بوو. ئەوەی ئەم دۆخە ئاڵۆزتر دەکات، کاردانەوەی هەمان ئەو کەسانەیە کە سەردەمانێک بانگەشەیان بۆ مەرکەزیکردنی داهات دەکرد، ئێستاش لە دژی حکومەتی هەرێم خۆپیشاندان دەکەن. ئەمەش پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت، بۆچی ناڕەزایەتییەکانیان ئاراستەی بەغدا ناکەن، کە بەرپرس بووە لە دواکەوتنە بەردەوامەکان و دەگوترێت 2025 باشتردەبێت.
ئەم پارادۆکسە ڕەنگدانەوەی ئەو دژایەتییە سیاسییە فراوانەیە کە واقیعی ئێستای هەرێمی کوردستان هەیەتی، حکومەتی هەرێم کە لە ساڵانی ڕابردوودا سازشی بەرچاوی بۆ بەغدا کردووە، ناکرێت، لە درگەیەکی دیکەوە بێنەوەو سازشی زیاتر بە حکومەتی کوردستان بکەن.