ڕێگەنەدەین دوژمنان و بەکرێگیراوان سەرقاڵ و بەڵارێدامان ببەن

ڕێگەنەدەین دوژمنان و بەکرێگیراوان سەرقاڵ و بەڵارێدامان ببەن

مێژوو گەواهیدەرە هەر کاتێک دەرفەت و پێشهاتێکى نوێ بۆ دۆزى رەواى گەلى کورد لە هەر چوار پارچەى کوردستان هاتبێتە پێشەوە ، ئەو دوژمنان و داگیرکەران بە چاوساغى بەکرێگیراوەکانیان هەوڵیانداوە کورد بە ئامانجەکانى نەگات و ئاستەنگ و کۆسپى گەورەیان لەبەردەم کاروانى خەباتى دروستکردووە.
رووداوەکانى چەند ساڵى رابردوو، هێرش و پەڵارماردان بۆ سەر هەرێمى کوردستان چ لە سەر ئاستى دەرەکى و نێوخۆیی باشترین بەڵگەى حاشاهەڵنەگرن ، بەتایبەت قۆناغى ئێستاى ڕووداو و پێشهاتەکانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، کە نەیاران هەستیان بەو مەترسییە کردووە ، کەوتنوونەتە دژایەتیی وقەیرانسازى و شێواندن و هێرشى میدیایی و دەروونى چڕ دژى گەلى کورد ، چونکە باش دەزانن کە ئەو گۆرانکارییانە نەخشە دەستکرد و بەرژوەندییە خۆپەرستانەکانیان کە سەدەیەکە بە داگیرکردنى خاک و نەتەوەی کورد دەخاتە مەترسییەوە ، بەتایبەتى کە لەوتەى کە دەستیان بە سەر جوگرافیا و سەروەت و سامانەکەدا گڕتووە ، جگە لەوەى بەتاڵانیان بردووە لە دژى خۆشى بەکاریان هێناوەتەوە، لە ئێستاشدا شەڕێکى قورسیان لە رووى دەروونى و فەرهەنگى و ئابوورى دژى گەلى کورد دەستپێکردووە ، لە پێناو ئەوەى کە کورد متمانەى بەخۆى نەبێت و لاواز و بێ ئیرادە بێت و هەمیشە خۆى بەرامبەر دوژمنان و داگیرکەران و گەلانى تر بە کەم و پلە چوار و پێنج ببێنێت .
گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ڕەسەنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، لەماوەى یەک سەدەى رابردوودا، بە هەڵومەرجێکى سەخت و مێژوو و خەباتێکى پڕ قوربانیدان تێپەڕێووە لە پێناو پارێزگاریکردن لە خاک و شوناس و بوونى خۆى ، بەڵام تا ئێستاش بەردەوامە لە شەڕى بەدەستهێنانەوەى خاک و دەوڵەتبوون و سەربەخۆی، بە هەڵوەستەکردن لە سەر 33 ساڵ حکوومڕانى هەرێمى کوردستان ، وەک دەبینرێت نەیارانى کورد ، هەموو جۆرە کارت و چەکێکیان لە دژى بەکارهێناوە ، بەتایبەتى شەڕى ئابوورى و فەرهەنگى و دەروونى ، ئێستاش بەهەمان شێوە لە سەر ئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان ، کاتێک دەزانن لە ناو ئەو گۆرانکارى و پێشهاتە نوێیانەدا دەرفەتێک بۆ نەتەوەی کورد هاتۆتە ئاراوە ، بە پیلان و نەخشە و سیناریۆى جۆراجۆر و قێزوە کار بۆ لێدانى کورد دەدەن ، مەرامى سەڕەکیش ئەوەیە تا گەلى کورد نەگاتە بە ئامانجەکانى .
ئەوەتا لە سەر ئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان داگیرکەران بە ڕێگەى کۆبوونەوەى سێ قوڵى و چوار قوڵى و نهێنى و ئاشکرا هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەى پێش بە پێشکەوتنەکانى گەلى کورد لە نێو ئەو گۆرانکار و ڕووداوە مێژووییانە دا بگرن کە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لە ئارادان بگرن ، بەتایبەتى هەرێمى کوردستان ، بە جۆرها پیلانى سیاسى و دیپلۆماسى و ئابوورى هەوڵى شکاندنى ئیرادە و بەڵارێدابردنى کورد دەدەرێت، ئەوەى جێگەى سەرنجە هەندێک کەس ولایەنیش ڕێگەخۆشکەرى پیلان و بەرنامەى نەیرانى کوردستان کە رۆڵێکى نەرێنى دەبیین لەم رەوشە هەستیار و چارەنووسسازەدا کە گرنگە بزانین کە مەرامى دوژمنان و نەیارانى کورد بۆ چییە :
یەکەم ،، هەوڵدان بۆ بەڵارێدا بردنى کاروانى خەبات و ئامانجە رەواکانى کورد
دووەم ،، بە لاواز نیشاندان و شێواندنى ڕاستییە مێژووییەکان بەتایبەت خاک و مافە نەتەوەییەکانى کورد
سێیەم ،، دروستکردنى بێ متمانەیی و تێکشکاندنى ئیرادەى تاکى کورد
چوارەم ،، ناشیرین و ڕەش نیشاندانى نەتەوەى کورد بەوەى کە هەمیشە تەنها خەریکى بەرژوەندى کەسى وحزبى خۆیان، هەروەها فەرامۆشکردنى بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمانەکەى
پێنجەم ،، هێرشى چڕ میدیا و دەروونى بۆ لاوازکردنى بیروباوەرى کوردانە
شەشەم ،، هەوڵدان بۆ شێواندن و پەڵاماردانى خەبات و بەرخودانى کورد و ئینجا خۆشاردنەوە لە شانازیکردن بە کوردبوونت .
حەوتەم ،، هێرشکردنێکى قورس ونەخشە دارێژراو بۆ سەر کەلتوور و مێژوو و ڕەسەنایەتی کورد
هەشتەم ،، هەوڵى دوژمنان بۆ دروستکردنى دووبەرەکى وناکۆکیی نێوخۆى
نۆیەم ،، چاندنى بیرى بێ ئومێدکردن و ڕق و کینە لە نێو تاکەکانى کورد
دەیەم ،، هێرشى قورسى راگەیاندن و دروستکردنى چەندین ماڵپەر و پەیجى سەختە و رۆشنبیر و سیاسى سەختە بۆ لێدانى هەموو پیرۆزییەکانى کورد کوردستان و خەباتى دەیان ساڵەى.
یازدەیەم ،، دروستکردنى درز ولێکترازان لە نێوان هێزولایەنە کوردییەکان لە سەر ئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان ، بۆ ئەوەى وەک هێزێکى پتەو تەبا نەتوانن ڕووبەڕووى دوژمنان و نەیاران ببنەوە و بەرگریی لەمافەرەواکانیان بکەن .

Top