داواکردنی مووچە و تێکدانی ئارامی کورستان
![داواکردنی مووچە و تێکدانی ئارامی کورستان](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250210220301_original_29.jpg )
مووچە مافە و لە بەرامبەر کارێکی دیاری کراودا دەدرێت، بۆیە داواکردنی بە ڕێگەیەکی مەدەنیانە دوور لە پیلانی داڕێژراو مەنتقییە و کارێکی ئاساییە .
لە دوای ساڵی 2013 ناکۆکی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دروست بووە و تا کار گەیشتە بڕینی بوجە و مووچە و تەنانەت لەشکرکێشی و هێرشی زەمینیش بۆ خاکی کوردستان و داگیر کردنی، لەو کاتەوە کێشەی مووچە هەیە و مووچە خۆرانی کوردستان لە دۆخێکی خراپدا بووینە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی بەسەر مووچەخۆر و خەڵکی کوردستان دروست کردووە،
لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێزدار " مەسرور بارزانی " هەموو هەوڵێک دراوە بۆ چارەسەر کردنی گرفتی مووچە بە شێوەی ڕیشەیی، خۆشبەختانە لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕێکەوتنی نوێ لەگەڵ بەغدا کراوە و بڕیارە چیتر مووچە دوا نەکەوێت و هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش مانگانە مووچە و شایستەکانیان وەربگرن .
وەک دەزانین کە مامۆستایان توێژێکی گرنگن و هەموومان قەرزداریانین و پەروەردەی دەستییانین، ئەوان هۆکار بوون بۆ ئاوەدانی وڵات و گەشەسەندنی کۆمەڵگە، ڕاستە معاناتی زۆریان هەیە و بەهۆی بێ مووچەییەوە لە دۆخێکی خراپدا بوون، بەڵام ناکرێت ببنە هۆی ڕووخان و شێواندنی وڵات و ئارامییەکەی کوردستان، بەڵکو ئەو سەقامگیرییە لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت .
هەولێر ژمارەیەکی زۆری کونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتانی لێیە، بەو ئارامییە دڵخۆشن و سەرسامیشن، هەر ئاژاوەگێڕییەک و گردبوونەوەیەک کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی وڵاتەکەمان دەبێت.
هەرچەندە داواکردنی مووچە و هەر مافێکی دیکە کارێکی شەرعییە، بەڵام پێویستە هەموومان کوردستان و هەولێرمان خۆش بووێت، چونکە ئەو ئارامیی و ئازادییە بوونی هەیە بە ئاسانی نەهاتۆتە کایەوە و سەدان شەهید و ڕووبارێک خوێنی بۆ دراوە .