شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: تێچووی مانەوەی یەك شەوی نەخۆشێك لە نەخۆشخانە گەورەكان 300 دۆلار لەسەر حكومەت دەكەوێت

شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:  تێچووی مانەوەی یەك شەوی نەخۆشێك لە نەخۆشخانە گەورەكان 300 دۆلار لەسەر حكومەت دەكەوێت

 

شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە. بۆ گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ، بە هۆی ئەوەی بە ئەندامی لێژنەی سەرپەرشتیاری كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستنیشان كرابوو، نەیتوانی ئامادەی گفتوگۆكە بێت، بەڵام زۆر بەڕێكوپێكی سەرپەرشتیی ڕاپۆرتە مەیدانییەكەی كردبوو، لە هەمان كاتدا لەكاتی هەڵسەنگاندن و ئامادەكردنی ڕاپۆرتی «خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا» بەم جۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو:

 لە كاتی سەرپەرشتیی ئامادەكردنی ڕاپۆرتە مەیدانییەكەی ئەمجارەی «خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا»، لێدوانی بەشداربووان هەر لە زاخۆ هەتا گەرمیان جۆرێك لە هاوشێوەیی پێوە دیار بوو، هەمووشیان بە شێوەیەك لە شێوەكان ڕەخنەیان لە خزمەتگوزاریی هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت هەبوو، پاشانیش كە لە ژووری مۆنتاژی تەلەفزیۆنی قەڵات لەگەڵ مۆنتێری ئەو تەلەفزیۆنە خەریكی بڕینی قسەكان بووین بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێكی پوخت و كورتی لێ دروست بكەین و، وەك هەموو جارێك پێش دەستپێكردنی گفتوگۆكە لەسەر سكرین پیشانی ئامادەبووانی بدەین، هەروەها ئاگاداری ئامار و ڕاپۆرتی ئەو ڕاپرسییەش بووم كە هەڤاڵ دكتۆر جەلال ئەحمەد شرۆڤەی بۆ كردبوو، گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كە بە شێوەیەكی گشتی لە هەموو وڵاتێكدا خەڵك لە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان، بەتایبەتیش خزمەتگوزاری تەندروستی، ناڕازییە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە ناتوانرێت بودجەی پێویست بەو ئاستە بەرزە تەرخان بكرێت كە هەموو هاوڵاتیان ڕازی بكات. لەمەش زیاتر كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی 10 ساڵ زیاترە گەمارۆیەكی توندی ئابووریی لەلایەن بەغداوە بەسەردا سەپێندراوە و تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانیشی بەو شێوەیە بۆ دەنێرێت كە دەیبینین، بۆ ئەوە چووین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیبێت بوودجەیەكیش بۆ خزمەتگوزاریی تەندروستی دابین بكات، بەڵام كاتێك دووبارە بە تەواوەتی سەیری گفتوگۆكەمان بە ڤیدیۆ كردەوە، بەڕاستی داتا و ژمارەی زۆر سەرنجڕاكێشمان بەرگوێ كەوت، وەك:

1- تێچووی مانەوەی یەك شەوی نەخۆشێك لە نەخۆشخانە گەورەكانی وەك «ئازادی – دهۆك، فریاكەوتنی سلێمانی – ڕزگاریی هەولێر» 300 دۆلار لەسەر حكومەت دەكەوێت، تەنیا ئەم سێ نەخۆشخانەیە 1200 قەرەویڵەن.

2- تێچووی یەك پشكنینی سۆنەر و تیشكی ئێكس ڕای و ئێم ئاڕ ئای و سی تی سكان لە نەخۆشخانە حكوومییەكان لەسەر حكومەت 100-200 دۆلار دەكەوێت، وەزیری تەندروستیش بە ئامار خستوویەتە ڕوو كە نزیكەی دوو ملیۆن لەو پشكنینانە لە ساڵێكدا ئەنجام دراون، جێگەی سەرسوڕمان بوون.

3-سەرۆكی ئەنجومەنی تالاسیما لە كوردستان بە ئامار دەڵێت «3600-4000» تووشبووی نەخۆشی تالاسیما لە هەرێمی كوردستان هەن و خەرجی هەر یەكێك لەم نەخۆشە لە یەك مانگدا 1000 دۆلارە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئێستادا هیچ كەموكورتییەكیان نییە و تەنیا داوای خزمەتگوزاریی زیاتر دەكەن.

4- هەموو نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی حكومەت لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو لەناو قەیرانی داراییش لە كاركردن بەردەوام بوون و هیچ كاتێك ڕانەوەستاون.

بێگومان ڕاپۆرتەكە كە لە ژمارەی ئەمجارەی گۆڤاری گوڵاندا بڵاو كراوەتەوە، زۆر زانیاریی زیاتر لەسەر كەرتی تەندروستی و هەنگاوەكان بۆ ڕیفۆرمی فراوانی ئەم كەرتەی لەخۆ گرتووە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین وێڕای ئەو پارە زۆرەی كە من لە چەند خاڵێكدا ئاماژەم پێ كرد و بەڕێز وەزیری تەندروستی هەرێم بە ئاماری زۆر ورد لەم ڕاپۆرتە خستوویەتە ڕوو، بەڵام كە سەیری هەڵسەنگاندنی هاووڵاتیان دەكەین بۆ كەرتی تەندروستی، بەڕاستی دەگەیتە ئەو قەناعەتەی هیچ نەكراوە.

هۆكاری ڕازی نەبوونی خەڵك لە خزمەتگوزاریی تەندروستی، بە شێوەیەكی زۆر زانستییانە و بەرپرسیارانە لەم ڕاپۆرتەدا دەستنیشان كراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە خەڵك بەشدار نییە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكاندا، بەڵام وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی زۆر گرنگی «دڵنیایی تەندروستی (Health Insurance) ئامادە كردووە و لەلایەن ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان پەسەند كراوە و چاوەڕێی ئەوە دەكرێت، پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەم دەست بەكار بێت، بۆ ئەوەی بنێردرێت بۆ پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا. ئەم یاسایە كە «دڵنیایی تەندروستی» بۆ هەر هاوڵاتییەكی كوردستان دابین دەكات، دەبێتە هۆكاری ئەوەی ڕێژەیەك لە داهاتی تاك (كە بەپێی یاسا دیاری دەكرێت) تەرخان دەكرێت بۆ «دڵنیایی تەندروستی»، ئەمەش جیا لەوەی دەبێتە سەرچاوەی داهاتێكی باش بۆ كەرتی تەندروستی، لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆكاری دروستبوونی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و ئەو جیاوازییە گەورەیە نامێنێت كە ئێستا وەك واقیع دەیبینین، كەسێكی دەوڵەمەند هەر سەری ژان بكات، دەچێتە نەخۆشخانەكانی ئەوروپا، خەڵكە هەژار و كەمدەرامەتەكەش دەبێت چەند مانگێك سەرە بگرێت هەتا كاتێكی بۆ دیاری دەكرێت نەشتەرگەرییەكی بۆ بكرێت، لەمەش زیاتر ئەم یاسایە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كێبڕكێیەكی دروست لە نێوان نەخۆشخانەكان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی دروست ببێت، بە نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی و تایبەتەوە، هەردوو لاش، (كەرتی تەندروستیی گشتی و تایبەت) بە یەك یاسا هەڵدەسووڕێن و لەژێر چاودێریی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەبن.

لە دواییدا ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بكەم و وەك خاڵێكی جێگەی ئومێد لە ڕیفۆرمی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان سەیر دەكرێت، ئەوەیە هیچ ڕیفۆرمێكی سیستمی تەندروستی بەبێ پشتگیریی بەهێزی سیاسی سەركەوتوو نابێت، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت لە هەرێمی كوردستاندا ئەوەیە كە سەرۆك بارزانی خۆی بە شەخسی و وەك بەشێك لە پڕۆگرامی «كوردستانێكی بەهێز» پشتگیریی دەكات، كە ئێستا ئەو پڕۆگرامە هێڵە سەرەكییەكەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لە كابینەی دەیەمدا زیاتر درێژەی دەبێت و ئەنجامەكانی باشتر دەبینین.

 

Top