د.كامەران وەیسی مامۆستای زانكۆ لە زاخۆ: وەرچەرخان لە بیركردنەوەی نەژادپەرستەكان لە توركیا دروست بووە و دەرفەتێكیش بۆ سەركردایەتیی دەم پارتی دێنێتە پێشەوە بۆ ئەوەی بە شێوازی ئاشتییانە و داكۆكی لە مافەكانی كوردی باكوور بكات
ئەو گفتوگۆیەی ئێستا كە لە دوای لێدوانەكانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە سەبارەت بە دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كورد لە باكوور دەكرێن، ئامانج لێی ئەوەیە شەڕ كۆتایی بێت و دەست بكرێت بە چارەسەری ئاشتییانەی سیاسی، جێگەی خۆشحاڵیشە كە دەم پارتی بە گەرمی پێشوازی لێكردووە. هەر بۆیە ئەگەر حكومەتی توركیا بە ڕاستی بێتە پێشەوە و هەنگاوی جددی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە هەڵبگرێت، ئەوا بە ڕاستی دەكرێت وەك دەرفەتێكی زێڕین بۆ كورد لە قەڵەم بدرێت و زۆر گرینگە كە پەرلەمانتارەكانی دەم پارتییش پێشوازی لەم پرۆسەیە بكەن و پشتیوانی لێ بكەن.
ماوەی زیاتر لە 40 ساڵی ڕابردوو ئەوەی سەلماند كە كێشەی كورد لە باكوور بە خەباتی چەكداری چارەسەر ناكرێت. لەو ماوە دوور و درێژەدا پەكەكە درێژەی بە شەڕ دا، بەڵام هەتا ئێستاش كێشەكە چارەسەر نەكراوە و هەر لە جێگەی خۆیەتی و هەر بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە. هەر بۆیە ئەم پەیامەی كە ئۆجەلان وەك سەرۆكی پەكەكە لە زیندانی ئیمڕاڵییەوە ناردوویەتی و داوای كۆتاییهاتنی شەڕ و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەكات، دەرفەتێكی زێڕین بۆ سەركردایەتیی پەكەكە دێنێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی كۆتایی بە شەڕ بهێنن، هەروەها دەرفەتێك بۆ سەركردایەتیی دەم پارتی دێنێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی بە شێوازی ئاشتییانە و لەناو پەرلەمانی توركیا داكۆكی لە مافەكانی كوردی باكوور بكات.
پەیڤەكانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی مەهەپەی نەژادپەرست، ئەویش ئاماژەیە بۆ وەرچەرخانێكی دیكە لە بیركردنەوەی نەژادپەرستەكان و ئەم پارتە «مەهەپە» بە درێژایی تەمەنی خۆی نكۆڵی لە بوون و مافەكانی كورد لە توركیا كردووە، لە ئێستاشدا باخچەلی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە و دەڵێت «چارەسەرنەكردنی كێشەی كورد مەترسییە لەسەر پاشەڕۆژی توركیا و دەبێت توركیا ڕێگەیەك بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد بدۆزێتەوە»، ئەمەش ڕاشكاوانە مانای ئەوەیە گۆڕانكاریی تەواو لە پڕۆگرام و ئایدیۆلۆژیەتی مەهەپە دروست بووە و، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی دەبێت گۆڕانكاری لە دیدوبۆچوونی پێشووی خۆیان بكەن و ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد بگرنە بەر.
ئێستا كە هەردوو پارتی هاوپەیمانیی حوكمڕانی «ئاك پارتی و مەهەپە» هەمواركردنەوەی دەستوووری توركیا بە تەنیا ڕێگە دەزانن بۆ ئەوەی ئایندەی حوكمڕانیی خۆیان مسۆگەر بكەن، ئەوا ئەمە دەرفەتێك دەخاتە بەردەم پەرلەمانتارانی «دەم پارتی» كە هەوڵەكانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی پرسی چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەی كورد لەناو دەستووردا جێگەی بۆ بكەنەوە، ئەگەر بە شێوەیەك لە شێوەكان مافەكانی كورد لە دەستووری توركیا بچەسپێنرێت، ئەوا دەكرێت باكووری كوردستان بە شێوەی لامەركەزی ئەوجا «ئۆتۆنۆمی بێت یان فیدڕاڵی» كاروبارەكانی خۆی ڕێك بخاتەوە و بەڕێوەیان بەرێت.