ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە ئاستێکی باڵای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێری هەڵبژاردنی هەرێم دەکرێت

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە ئاستێکی باڵای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێری هەڵبژاردنی هەرێم دەکرێت

 

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دەدرێت هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەر، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت کۆتایی هات و ڕێژەی بەشداری کردن تێیدا گەیشتە (٩٧٪).

د.دیندار زێباری ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پڕۆسەکە وتی: یەكێك لە دیاردە گرنگەكانی شارستانیەتی هەر گەل و وڵاتێك گەڕانەوەیە بۆ بەشداری پێكردنی هاووڵاتیان لە زەمینەی دەسەڵاتی سیاسی و سیستمی حوكمڕانیدا، ئەمەش خۆی لە هەڵبژاردندا دەبینێتەوە، بەپێی راسپاردە و پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان دەنگدانی ئازادی هاووڵاتیان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان بۆ پەرلەمان یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی هەر تاکێک.

ڕێکخەریی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر وتی: لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٦١٥ کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، لەوانە (٢١٥٩٦٠) دەنگدەری تایبەت. ئەوەشی روونکردەوە کە (١١٩١) کەس لەوانە (٣٦٨) ئافرەتی کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (١٠٠) کورسیی پەرلەمان کە (٥) یان بۆ پێکهاتەی کریستیان و تورکمانە و (٣٠٪)ی بۆ کۆتای ئافرەتانە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد (١٤٣١) بنکەی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دابەشکراون و (٤٠،٩٠١) کارمەند پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن.

سەبارەت بە چاودێری کردنی پرۆسەکە لەلایەنی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: لە ئاستێکی باڵای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێری پرۆسەکە دەکرێت کە بریتییە لە (١٨٣٠) کەس لە (١٦) کونسوڵخانە و (١٥) ڕێکخراوی بیانی، (١٠٩) میدیاکار لە (٢٢) دەزگای میدیایی جیهانی، (٥٣) لایەنی سیاسی، (٩٨) ڕێکخراوی ناوخۆ و (٤٣١٣٩) بریکار و چاودێری تایبەت بە لایەنە سیاسییەكان و (٩٦١٠) چاودێری ناوخۆیی پشت پێ بەستراو چاودێری پرۆسەکە دەكەن. هەروەها (٤٨) دەزگای راگەیاندنی ناوخۆ بەشداری دەکەن لە ڕووماڵکردنی پرۆسەکە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی:، تەواوی رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئاستێکی بەرزەوە چاودێری دەکرێن و پرۆسەکە بە هەنگاوێکی گرنگ سەیر دەکریت بۆ سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

Top