كاروان كەریم خان قایمقامی قەزای شەقڵاوە بە وەكالەت : لەم كابینەیەدا تەنیا لە شەقڵاوە چەندین پڕۆژە بە بڕی 50 ملیار دینار جێبەجێ كراون
لە زنجیرە پڕۆژە و كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شارۆچكەی شەقڵاوە دوابەدوای ئەو گۆڕانكارییە ئیدارییانەی بۆی كرا و شارەدێیەكانی هەریر و پیرمام بوونە شارۆچكە و گرنگییەكی زۆریش درا بە شارەدێیەكانی هیران و بالیسان و ئەو 23 گوندەی لەسەر سنوورەكەی، ئەمە بووەتە هۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی شەقڵاوە بۆ سەرووی 48 هەزار كەس، لە سەنتەری شار و لە ناوچەكە و لە ڕووی گەشتیارییشەوە سنوورەكەی بەرچاوە و ناوچەیەكی كشتوكاڵی و پڕ ڕەز و باخیشە، ئەوەی شەقڵاوە لە هەموو ناوچەكانی دیكەی هەرێم جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە لە كۆنەوە بە درێژایی مێژوو شوێنی پێكەوەژیانی كورد و كلدانەكان بووە و فەرهەنگێكی ڕۆشنبیری و كوردپەروەری و خۆبەختكردنی لە پێناو كورد و كوردستان تێدا بەرجەستە بووە. لە لایەكی دیكەوە شەقڵاوە بە هۆی زۆریی دارودرەخت و چیای سەفین و سرووشتی دەوروبەریەوە ژینگەیەكی پاك و جوان و سەرنجڕاكێشی هەیە. بۆ ئەوەی بزانین شەقڵاوە و سنوورەكەی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستاندا تا چەند گرنگیی پێدراوە و ئەو كار و پڕۆژانە چین بۆی كراون، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ كاروان كەریم خان قایمقامی شەقڵاوە ئەنجام دا.
* لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تا چەند پڕۆژە و كاری خزمەتگوزاری بۆ قەزای شەقڵاوە ئەنجام دراوە؟ ئایا ئەم پڕۆژانە بوونەتە هەوێنی ناوبانگی ئەم شارە گەشتیارییە بۆ خۆشگوزەرانیی دانیشتووانەكەی؟
- لە كابینەی نۆیەمدا ڕەوتی گەشەكردن و زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا زۆر زیاتر و خێراتر و باشتر بووە، ئەمە سەرەڕای ئەو قەیرانانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، بەتایبەتی قەیرانی دارایی و بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە. بە شانازییەوە توانراوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مسرور بارزانی لە ئاستێكی زۆر بەرز و خێرادا خزمەتگوزاریی باش پێشكەش بە خەڵك بكرێت و ئەو هەموو پڕۆژە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرانەی بۆ خەڵك و هاووڵاتیان كراوە، ڕۆڵی لە گەشەكردنی قەزاكەماندا هەبووە. لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كار و پڕۆژە و خزمەتگوزاریی كشتوكاڵی و پیشەسازی و گەشتیاریی زۆر ئەنجام دراون، جگە لەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی كە بودجەی بەردەوامیان بۆ تەرخان دەكرێت، بۆ نموونە وەكو دابینكردنی ئاوی پاك و چارەسەری هەندێ كێشە و گرفتی پەروەردە و كارەبا و ...تاد، بە شێوەیەكی گشتی ئەو پڕۆژە گەورە و ستراتیژییانەی لە هەموو سێكتەرە جیاجیاكان كە لەلایەن حكومەت بە تایبەتی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بودجەی بۆ تەرخان كراوە، بڕەكەی زیاتر لە 50 ملیار دینارە.
* پڕۆژە و كاری زۆر لە سنووری قەزای شەقڵاوە ئەنجام دراون. با سەرەتا لە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە و چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەوە دەست پێبكەین، كە پێداویستی و خواستی یەكەمی دانیشتووانە، ئایا لەم ڕووەوە چیتان بۆ كراوە؟
- شەقڵاوە لە ڕێگەی پڕۆژەی ئاوی قەندیل و چەند بیری ئیرتیوازییەوە ئاوی خواردنەوەی بۆ دابین دەكرێت، لە كابینەی نۆیەمدا لەو گوژمەیەی ئاماژەمان پێدا كە زیاتر لە 50 ملیار دینارە، لە كاتی ڕوودانی هەر كێشەیەكیشدا لەو كەرتەدا لە ڕێگەی بودجەی حكومەتی هەرێم و پەرەپێدانی پارێزگا و وەزارەتی پەیوەندیدارەوە چارەسەرمان كردووە، ئەویش بەوەی لە هەر شوێن و گەڕەكێك ئاوی خواردنەوە كەم بێت، بیری تازە لێدراوە و ئەو بیرانەش كە پێویستیان بە زیاتر قووڵكردن بووە، بۆیان ئەنجام دراوە. لە گەورەبوونی شارەكە و ناحیەكانیشدا بۆ هەر شوێنێك تۆڕی دابەشكردنی ئاوی پێویستی بە تازەكردنەوە، یان تۆڕی نوێ هەبێت، ئەوە خراوەتە ناو پڕۆژەكان و جێبەجێ كراوە. هەر بۆیە دەتوانم بڵێم لە سایەی دڵسۆزی و پڕۆژەكانی كابینەی نۆیەمەوە لە كەرتی ئاوی خواردنەوەدا كەمترین كێشەمان هەبووە، تەنانەت بۆ زیاتر دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لە ئێستادا خەریكی بیرۆكەی پڕۆژەیەكین كە لە داهاتوودا بە ئومێدین ئەو جۆرە پڕۆژانە لە شەقڵاوە و هەموو شارەكانی دیكەی كوردستان جێبەجێ بكرێن.
* با بێینە سەر ناوبانگی شارەكەتان لە ڕووی گەشتیارییەوە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەش، ئایا لەم ڕووەوە بۆ شەقڵاوە و ئەم سێكتەرە گرنگە چی كراوە؟
- لە كابینەی نۆیەمدا چەندین پڕۆژەی گەشتیاری لەلایەن حكومەت و كەرتی تایبەتەوە بۆ شەقڵاوە و ناوچەكە جێبەجێ كراون. لە سایەی ئەو پڕۆژانەوە دەبینین كە كەرتی گەشتیاری توانیویەتی زیاتر سەرنجی گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕابكێشێت. لەو پێنج ساڵەی كابینەی نۆیەمدا ساڵ لە دوای ساڵ ژمارە و ڕێژەی گەشتیاری بۆ سەنتەری قەزا و ناوچەكە زۆر زیادی كردووە و، لە چوار وەزری ساڵدا دەتوانم بڵێم گەشتیار ڕووی تێ دەكەن و دەمێننەوە. لەلایەن ئیدارەی قەزاوە ڕێگەمان داوە و ئاسانكاریمان بۆ كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران كردووە كە پڕۆژەی باش و گرنگی گەشتیاری ئەنجام بدەن، لەوانە بە نموونە كەمپێكی خێوەتگەی دێدەوانی بۆ قوتابیانی زانكۆكانی كوردستان لە شەقڵاوە دروست بكرێت، پڕۆژەیەكی دیكەمان لە بناری سۆرك ئەنجام داوە، بە بێ ئەوەی سرووشتی ناوچەكە تێك بچێت.
* شەقڵاوە لە كەرتی تەندروستیدا چۆنە ئەو پڕۆژانەی لەو سێكتەرەدا جێبەجێ كراون چین و گوژمەكانیان چەند بووە؟
- نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەی كە هەموو یەكە و پێكهاتەی تەندروستی و پزیشكی لە خۆدەگرێت، لەناو سەنتەری شەقڵاوە هەیە و چەندین هۆڵی جۆر نەشتەرگەریشی هەیە، بەڵام پێویستمان بە نەخۆشخانەیەكی دیكە هەیە كە لە سەنتەری قەزاكەدا دروست بكرێت، ئەمەش چونكە سەردانەیكەر و گەشتیاری زۆر دێنە ئەو شارە، هەر چەندە لە پێش كابینەی نۆیەمدا نەخۆشخانەیەك لەژێر جێبەجێكردندا بوو، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە ڕاوەستاوە و ئێستا لەو كابینەیەدا بڕیارە ئەو پڕۆژەیە بكەوێتەوە كار، لە سنوورەكەشدا چەندین بنكەی تەندروستی هەیە كە توانیویانە بە هانای خەڵكەكەوە بێن .
* لە كەرتی پەروەردە و خوێندن و چارەسەری كێشەی دوو دەوامی و سێ دەوامی كراوە و لەو بوارەدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چی بۆ كردوون؟
- نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان و كردنەوەی قوتابخانەی نوێ دەستكەوتێكی دیكەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، هەرچەندە ئێمە لەو كەرتە گرنگەدا هێشتا پێویستیمان بە دروستكردنی چەندین قوتابخانەی دیكە هەیە. لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا بوو گرنگییەكی زۆر بە كەرتی پەروەردە و خوێندن بدات، هەرواش بوو، ئەم كەرتە توانی ڕووبەڕووی هەموو ئەو ئالنگاری و كێشانە ببێتەوە كە تووشی بوون، بەرنامە و بیرۆكە و پلانی تەواومان داناوە، ئەو كەس و منداڵانەی بەهۆی باری خێزانیی خانەوادەكانیانەوە كاری كشتوكاڵی و باخداری دەكەن، یان بە هۆی هەر پیشەیەكی دیكەوە لە خوێندن دابڕاون، دووبارە بیانگەڕێنینەوە ناو پۆلەكانی خوێندن.
* بە هۆی ڕێگەوبانە ستاندارە نێودەوڵەتییەكان و دروستكردنی تونێل و دووسایتكردنی ڕێگەكانەوە شەقڵاوە زۆر نزیك بووەتەوە لە پایتەختی هەرێمی كوردستان، ئایا پڕۆژەی نوێی ڕێگەوبان لە سنووری قەزای شەقڵاوە هەیە؟
- لە كابینەی نۆیەمدا بەردەوام ساڵانە كار و پڕۆژەی قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی كۆڵان و شەقامەكانی ناو سەنتەری قەزا و ناحیەكان كاری بۆ كراوە، هەر بۆ نموونە تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە 30 هەزار مەتر دووجا كۆنكریتی شەقام و كۆڵانەكانی ناو سەنتەری شەقڵاوە ئەنجام دراوە، هەروەها كارەكانی پڕۆژەی چاككردنی ڕێگەی ناحیەی بالیسان بەردەوامە و شاڕێگە و ڕێڕەوی تازەی ڕێگەی نێودەوڵەتیی هاملتۆن كە بەشێكی دەكەوێتە سنووری شەقڵاوە، بەشێكی ئەو پڕۆژەیە دەستی پێكردووە و بەشەكەی دیكە دیراسەی بڕگەكانی دەكرێت. ڕێگەی نێوان هەولێر و سلێمانی كە بە ڕێگەی مامە جەلكەی هێران ناسراوە، چاككردنەوەی بۆ ئەنجام دەدرێت، ڕێگەی شەقڵاوە بۆ هێران بە هەمان شێوە كاری بۆ دەكرێت. لێرەدا دەتوانین بڵێین لەسەر ڕێڕەوی پلانی گەشەسەندن و پێشكەوتنی وڵات بە پاڵپشتی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەڵاڵەی چەند پڕۆژەمان لە بەردەستدایە، بە ئەنجامدانیان دەگەینە شارێكی پایەدار و لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە زۆر جیاوازی و پێشكەوتن دەبینین.
* بۆ بونیادنانی ژێرخانی كەرتی كارەبا و پڕۆژەكانی كارەبا لە سنووری شەقڵاوە چی كراوە و پێویستیتان بە چ پڕۆژەیەكی دیكە هەیە؟
- كارەبا واتە ئاوەدانی و ژیانی بەردەوام و كار و پڕۆژە و خزمەتگوزاری، بە خۆشحاڵییەوە لەم بوارە ژیارییە گرنگەدا كار و پڕۆژەی باش لە شەقڵاوە ئەنجام دراوە، وەك ڕاكێشانی تۆڕی كارەبای نیشتمانی و نۆژەنكردنەوەی تۆڕ و محاویلەی تازە بۆ ئەو گەڕەك و شوێنانە كە پێویست بوون فیدەری نوێی كارەبایان بۆ زیاد بكرێت، بۆ ئەوەی بارقورسی لەسەر تۆڕی كارەبا نەبێت و گرنگییش بە سیستمی ڕووناككردنەوەی شەقام و كۆڵان و ناو شار و ناحیەكانیش دراوە.
* ئایا لە سێكتەری كشتوكاڵ و باخداری، بەتایبەتی ئاودێری و دروستكردنی پۆند و بەنداو چیتان بۆ كراوە؟
- جگە لەوەی لەو كاتەی كە هەریر سەر بە قەزای شەقڵاوە بوو، چەند پۆندی لێ دروست كراوە، بەڵام لە ئێستادا پۆندێكی زۆر گەورە و ستراتیژی لە سنووری شەقڵاوە بەناوی پۆندی «ئاقوبان» دروست كراوە، كە ئەو پۆندە زیاتر لە نۆ ملیار دیناری تێدا خەرج كراوە، لە زۆر ڕووی جۆراوجۆرەوە سوودی بۆ ناوچەكە هەیە و لە پلان و بەرنامەدایە كە بەنداوی سابیراوە دروست بكرێت، كە بە هۆی ئەو بەنداوەوە ئەو كات لایەكی شەقڵاوە وەكو كەناراوێكی لێ دێت، هاوكات بۆ زیاتر خۆشكردنی ئاو و هەوا بەردەوام جۆگەلەی ئاو لە ناو شار و باخەكان و شوێنە پێویستەكاندا دروست كراوە.