ئەندازیار ڕێبین ئەحمەد حەوێز بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بۆ گوڵان:   ئەمساڵ بۆ سێ پاركی نوێ زیاتر لە (22) ملیار دینار تەرخان كراوە

ئەندازیار ڕێبین ئەحمەد حەوێز  بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بۆ گوڵان:     ئەمساڵ بۆ سێ پاركی نوێ زیاتر  لە (22) ملیار دینار تەرخان كراوە

 

 




بۆ هەموو لایەك دیار و ئاشكرایە ڕێژەی سەوزایی هۆكاری سەرەكییە بۆ پاراستنی ژینگە و كەشوهەوا، بۆ ئەوەی بزانین لە كابینەی نۆیەمدا لە پایتەختی كوردستان لەو بوارەدا چی كراوە و تا چەند ڕێژەی سەوزایی زیادی كردووە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەندازیار ڕێبین ئەحمەد حەوێز بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر ئەنجام دا.

 

* ئایا ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر چەندە و لە كابینەی نۆیەم تا چەند گرنگی بە چاندنی دار و درەخت و زیادكردنی پانتایی سەوزایی دراوە؟

- لە كابینەی نۆیەم سەرەڕای ئەو قەیرانانەی كە هەندێكی سرووشتی بوون و هەشیانبوو دەستكرد بوون، بەتایبەتی بڕینی بودجە و مووچە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە كە كاریگەریی زۆری لەسەر هەموو سێكتەرەكانی خزمەتگوزاریی لە هەرێمی كوردستان دروست كرد، بەتایبەتی لەسەر زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی كاریگەریی هەبوو، بەڵام لە كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مسرور بارزانی كە دروشم و كارنامەكەی بە هەموو شێوەیەك جەختی لە خزمەتگوزاری و خۆشكردنی گوزەرانی خەڵك كردووەتەوە، بەردەوام پێداگری لەسەر چاككردن و پاراستنی ژینگە كراوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن سەرۆكی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار كار و هەوڵیان بۆ ئەوە بووە كە سەرەڕای ئەوەی ئەو سەوزاییەی هەیە بیپارێزین و ڕێژەی سەوزاییش بە پێوەری ڕووبەر (2.5%) زیاد بكەین، بەمەش ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر پێشتر (17.5%) بوو، بەڵام لە كابینەی نۆیەمدا بووەتە (20%)، ئەم زیادبوونەش دەگەڕێتەوە بۆ دروستكردنی چەندین باخچە و پارك و نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك باخ لە ناو شار و گەڕەكەكانی شاری هەولێر، لە وەرزی دارچاندنیشدا چەندین هەڵمەتی چاندنی دار و درەخت و نەمام ئەنجام دارون، بەتایبەتی لە ڕێگاكانی سەرەكی و ئەو گەڕەكانەی تازە دروست كراون.

* وەكو ئاماژەت پێكرد، بە هۆی دروستكردنی پاركی نوێ و نۆژەنكردنەوەیان ژمارەیەك پارك و باخچە و چاندنی چەندین هەزار دارودرەخت لە ناو سنووری شارەوانی هەولێردا كە بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی، ئایا ئەو پاك و باخچانە كامانەن كە تازە دروست كراون و نۆژەن كراونەتەوە؟

- ئەمساڵ لەسەر بودجەی تایبەتیی نووسینگەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بڕی پارەی پێویست تەرخان كرا بۆ سێ پاركی بەرفراوان لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، كە پاركێكیان تەواو بووە و هەموو قۆناغەكانی جێبەجێ كراوە و خەڵك و هاووڵاتیان سوودی لێوەردەگرن، ئەویش پاركی (150) مەترییە كە دەكەوێتە یەكتربڕی شەقامی سەرەكیی (هەولێر – پیرمام) و شەقامی (150)ی خێرا، كە بڕی (3) ملیار و (700)ملیۆن دیناری بۆ تەخان كرا. هەروەها بەردی بناغەی پاركی ڕەشكین دانرا، بە ئامادەبوونی جەنابی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگار كە گوژمەی ئەو پاركەش (15) ملیار دینارە و ئێستا قۆناغی یەكەمی ئەو پاركە دەستی پێكردووە و پاركی سێیەم كە هەر لەسەر بودجەی تایبەتیی نووسینگەی جەنابی سەرۆكی حكومەتە، ئەو پاركەش دەكەوێتە یەكتربڕی شەقامی (هەولێر – مووسڵ) و شەقامی خێرای (120) مەتری كە بڕی (3) ملیار و (40)ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە و بەردی بناغەشی بۆ دانراوە، لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا جێبەجێكردنی دەست پێدەكات، ئەو سێ پاركە جگە لەوەی هۆكارێكن بۆ زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی، جوانییەكی زۆر بە شەقامە سەرەكی و دەروازەكانی شاری هەولێر دەدات. 

* ئایا لە هەڵمەتەكانی دارچاندن و زیادكردنی سەوزایی، نەمام و دارودرەخت لە دەرەوەی وڵات دەهێنن، یان ڕێگاچارەی دیكە لەو كابینەیەدا دۆزراوەتەوە؟

- بە هۆی قەیرانی دارایی لە كابینەی نۆیەمدا نەتوانرا دارودرەخت و نەمام لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بهێنین، بۆیە بۆ دابینكردنی پێداویستیی ناوخۆی شاری هەولێر و گەڕەكەكان و هەموو دورگە ناوەندییەكان و زیادكردنی دارودرەخت لە شەقامە سەرەكییەكانی شاری هەولێر و باخچەكان، نەمامگەیەكمان هەبوو، زیاتر بەرفراوان و گەورەترمان كرد، دوو نەمامگەی تازەشمان دروست كرد و لە ڕێگای ئەو نەمگەیانەوە ساڵانە سەد هەزار دار و نەمام بەرهەم دەهێنین، لەگەڵ سەدا هەزار گوڵی جۆراوجۆر، بەبێ ئەوەی خەرجی زۆری پێویست بێت، جگە لە كڕینی نایلۆنەكان و خۆر و لمەكەی ئەو نەمام و گوڵانەش كە لە نەمامگەكان بەرهەم دێت، گونجاون لەگەڵ كەشوهەوای شاری هەولێر، چونكە هەولێر ڕێژەی شێی كەمە و لە هاوینیشدا پلەی گەرمای دەگاتە (50) پلە و لە وەرزی زستانانیش پلەی گەرمای نزیك دەبێتەوە لە سفر كە هەموو داردودرەخت و نەمام و گوڵێك بەرگەی ئەو جۆرە كەشوهەوایە ناگرن.

* لەو كابینەیەدا چیتان بۆ گەڕەكە تازەكان و شەقام و دوورگە ناوەندییەكان كردووە؟

- لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەی تەمەنی كابینەی نۆیەمەوە توانیومانە ئەو گەڕەكە تازەیانەی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر دروست دەكرێن، سەوزایی بۆ بكەین. هەر بۆ نموونە تەنیا لە شەقامی هەولێر- مەخموور لە سەد مەتری تاوەكو مامزاوە (60) هەزار دارودرەخت و نەمام چێندراون، كە لە ئێستادا هەموو ئەو نەمام و درەختانەی چاندوومانن لەو شەقامە سەوز و گەورە بوون و لە هەڵمەتێكیش بۆ شەقامی ئیسكان كە درێژییەكەی زۆر نییە لە ماوەی ڕابردوو زیاتر لە (100) نەمام و درەختمان لە جۆری لبیزیا چاندووە و لە دوورگەی ناوەندی ڕەشكینیش (350) دار و نەمام چاندران.

* ئاماژەت بەوە دا كە چەندین باخچە و پاركتان نۆژەن كردووتەوە. ئایا ئەو شوێنانە كەوتوونەتە چ گەڕەك و شوێنێكی شاری هەولێر؟ 

- هەموو باخچە و پاركێك لەبەر ئەوەی بەردەوام هاووڵاتیان سەردانی دەكەن، دەبێت لە ماوەی دە ساڵ بەلایەنی كەمە نۆژەن بكرێنەوە. لەم ڕوانگەیەوە لە كابینەی نۆیەمدا لەسەر بودجەی پێشینەی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكان هەڵمەتێكی گەورە و باشمان بۆ نۆژەنكردنەوەی چەندین باخچە و پارك ئەنجام دا، لەو پاركانەش وەكو پاركی شاندەر و منارە و قوتابیان و گڵكەند و بادوان و كانی و پاركی شار و پێشمەرگە و چەندین پاركی دیكە ئەو نۆژەنكردنەوەیانەش تەنیا چاندنی دارودەرەخت نەبوون، بەڵكو هەموو ئەو پاركانە نۆژەن كراونەتەوە، گلۆپی ڕووناك كردنەوە و بلاجكتۆرەكانیان بۆ تازە كراوەتەوە، هاوكات هەر پاركێك شوێنی (WC) هەبووبێت، ئەوە هەموو پێداویستییەكانیان هەر لە پڕۆژەی ئاو و دەستشۆر و كارەبایان بۆ دابین كراوە. هاوكات هەر لەسەر بودجەی پێشنەی بەڕێوەبەرایەتیمان هەر نافورەیەك لە هەر شوێن و باخچە و پاركێكدا بێت، تورمپای نوێیان بۆ دانراوە بە جوانترین و باشترین كەلوپەل نۆژەن كراونەتەوە، لەوانە وەك نموونە نافورەكانی پاركی شار و لەمەودوا پلان و بەرنامەمان داناوە كە باخچەی ناو گەڕەكەكان بە باشترین و جوانترین شێوە نۆژەنیان بكەینەوە. دەبێت ئەوەش لەبیر نەكەین لە نۆژەنكردنەوەی پارك و باخچەكان جگە لەوەی هەر درەختێك شكابێت، ئەوە شوێنەكەی بە درەختێكی تازەی گونجاو پڕ كراوەتەوە و بە دەیان دەرخت و نەمامی تازەشمان بۆیان چاندووە. هەروەها هەر شەقامێكی تازە لە ناو شاری هەولێر و گەڕەكەكان دروست بكرێت، بۆ نموونە ئەو شەقامە هاوچەرخەی بۆ هەشتی حەسارۆك كراوە، زیاتر لە سێ هەزار دراودرەخت و نەماممان تێدا چاندووە. هەروەها ساڵی پار ئەو كەندەی كە ناوی لێ نراوە (كۆڕنیش) لە هەموو زبڵ و پاشماوەكان پاكمان كردەوە و ژمارەیەكی زۆریش دارودرەختمان لێ چاند، ئەمساڵیش ژمارەیەكی زۆری نەمام و درەختمان هەر لە كۆڕنیش چاند، كە دیمەنێكی جوانی بۆ سنووری گەڕەكەكانی نزیكی دروست كردووە. بە شێوەیەكی گشتی لە كابینەی نۆیەم بەتایبەتی لە دوو ساڵی ڕابردوو توانراوە (120) شوێن لە گەڕەك و شەقامەكانی ناوخۆ و دەرەوەی شارەكان بە چاندنی دارورەخت سەوزایی بۆ بكەین. هاوكات ئەمساڵ لە پاركی هەوار كە دەكەوێتە سەر شەقامی سەرەكی كە بۆ بنەسڵاوە دەچێت، هەڵمەتێكی گەورە و بەرفراوان ئەنجام درا، بە نۆژەنكردنەوە و چاككردنی گلۆپی ڕووناك كردنەوە و شەش هەزار دارودرەختی تازەمان لێی چاند، لەساڵی پاریش ژمارەیەكی زۆری نەمام و درەخت هەر لە پاركی هەوار چاندران، كە ئێستا وەكو دارستانێك دەردەكەوێت. هەروەها لە ئێستادا پاركێك لە گەڕەكی ژیان دروست دەكرێت بە بڕی (1) ملیار و (50) ملیۆن دینار لەسەر ڕووبەری (18) هەزار مەتر دووجا، ئەم پاركە لە گەڕەكێكە كە پێشتر دەوترا خزمەتگوزاری نییە، ئەگەرچی لە كابینەی نۆیەم هەموو خزمەتگوزارییەكانی بۆ دابین كرا و ئەو پاركە گەورە و جوانەشی بۆ دروست دەكرێت. بە شێوەیەكی گشتی لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم زیاتر گرنگی بەو گەڕەك و شوێنانە دراوە كە گوزرەرانی خەڵكەكەی چینی مامناوەند و كەمدەرامەتن. هاوكات پلان و بەرنامە بۆ چەند پاركێكی دیكە لە ناو شاری هەولێر هەیە كە یەكێكیان وەك نموونە لە پێنجی حەسارۆكە و دروستكردنی پاركێكیش لە باشووری شاری هەولێر لەناو ئەو پلانەدایە.

* ئاودانی ئەو هەموو پارك و باخچە و دورگە ناوەندی و دارودەرختەی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی چۆن ئەنجام دەدرێت؟

- ئاودانی هەموو سەوزاییەكان بە دوو ڕێگا دەكرێت، كە نیوەی بە ئاوی ژێرزەوی دەكرێت لە ڕێگای ئیریگەیشن كە سیستمێكی دڵۆپاندنە لەو پڕۆژە دانراون وەكو دوورگەی ناوەندی (60) مەتری و (100) مەتری و چەندین شوێنی دیكە و، نیوەكەی دیكە لە ڕێگای تەنكەرەوە ئاودانیان بۆ دەكرێت، كە تەنكەری ئاودانی دارەكان ساڵانە بڕی سێ ملیار و (500) ملیۆن دیناری تێچووی هەیە. واتە لەو پێنج ساڵەی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا تەنیا بۆ ئاودانی دارەكان لە ڕێگای تەنكەرەكانەوە (17) ملیار و (500) ملیۆن دیناری بۆ خەرج كراوە. ئێمە ئومێد دەخوازین چۆن كێشەی ئاوی خواردنەوەی شاری هەولێر لە ڕێگای پڕۆژەیەكی ستراتیژیی فریاگوزاریی خێرا بۆ ماوەی چەندین ساڵ چارەسەر دەكرێت، ئەوهاش لەگەڵ ئەو پڕۆژەی فریاگوزارییەی هەولێر بۆڕییەك بە قەبارە گونجاو لەو ئاوە بۆ ئاودانی باخچە و پارك و سەوزایی شاری هەولێر دابین بكرێت، تاوەكو ئەو (76) بیرەی هەمانە دایانبخەین.

* پشتێنەی سەوزایی دەوری شاری هەولێر بە چی گەیشتووە؟

- لەگەڵ ماستەرپلانی هەولێر، ڕەچاوی ئەوە كراوە كە پشتێنەیەكی سەوزایی لە چوار دەوری شارەكە دروست بكرێت. ئەو پڕۆژەیە كار و پلانی باشی لەسەر كراوە، كە پڕۆژەیەكی زۆر گەورەیە و پێویستی بە بودجەیەكی یەكجار زۆرە كە پشتێنەكە بە تیرەی (77) كیلۆمەتر بە هەر چوار دەوری هەولێر دەسووڕێتەوە و پانییەكەی دوو كیلۆمەترە و لە ئێستادا دەبێت دیزاین و دەرخستەی تازەی بۆ بكرێت، چونكە شاری هەولێر بەراورد لەگەڵ پێش دە ساڵ زۆر بەرفراوانتر بووە. هاووڵاتییان دڵنیا دەكەمەوە، لەوەی بە هۆی ئیرادەی خۆڕاگری جەنابی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دروستكردنی پشتێنەیەكی سەوزایی لە چوار دەوری هەولێر دەبێتە واقیعێكی بەڵگەنەویست لە چوار ساڵی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو پڕۆژەیەش جێبەجێ دەكرێت.

Top