نەدیم شەحادە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری زانكۆی ئەمریكی لوبنانی لە نیویۆرك بۆ گوڵان: حزبوڵڵا لە ڕووی سەربازییەوە دۆڕاوە و لە ڕووی سیاسییەوە براوەیە
نەدیم شەحادە، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری زانكۆی ئەمریكی لوبنانییە لە نیویۆرك و توێژەری بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیایە لە دامەزراوەی چەتەم هاووس. پێشتر بەڕێوەبەری سەنتەر فارێس بووە بۆ دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی توفتس. هەروەها بەڕێوەبەری دیراساتی لوبنانی بوو لە زانكۆی ئوكسفۆرد. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە هەڵكشانی پەرەسەندنەكانی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان و شرۆڤەكردن و لێكدانەوەی هۆكارەكانی ئەم ئەم هەڵكشانە و ئەگەری بەرفراوانبوونی ئەم شەڕە و تێوەگلانی دەوڵەتانی هەرێمی، بەتایبەتی ئێران و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* ئاشكرایە كە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی لە بارێكی نائارام و ناسەقامگیردایە، هەروەك ئەوەیە كە شەڕی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە بەس نەبن، ئەوەتا ئەم شەڕە هەڵكشانێكی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە و ئیسرائیل لە بەرەیەكی دیكەی شەڕەكەوە تێوەگلاوە و چەندین هێرشی چڕی كردووەتەوە سەر پێگەكانی حزبوڵڵا لە نێو وڵاتی لوبنان، ئێوە چۆن لە دۆخەكە دەڕوانن؟
- بۆچوونی من ئەوەیە كە دەكرا ئەم هەڵكشانە پێشتریش ڕووی بدایە، واتە لە دوای هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، بەڵام ڕەنگە مەحاڵ بێت بتوانین دەقاودەق ئەوە دەستنیشان بكەین، كە بۆچی لە ئێستادا ئەمە ڕووی دا، چونكە هەروەك ئاماژەم پێكرد، دەكرا ئەم هەڵكشانە لە هەر كاتێكدا ڕووی بدایە، مەبەستم لە هەر كاتێك لە میانەی ساڵی ڕابردوودایە، بەتایبەتی دوای ئەوەی حزبوڵڵا دەستی كرد بە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل، كە ئەوە بوو ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان (حەسەن نەسروڵڵا)، ڕایگەیاند كە بەرەیەكی دیكەی شەڕ لە دژی ئیسرائیل دەكەنەوە وەك پاڵپشتی و پشتیوانییەك بۆ كەرتی غەززە.
* ئەوە ڕاستە كە هەڵكشانێكی لەم چەشنە لە بارگرژی و پێكدادانەكانی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و دەوڵەتی ئیسرائیلدا پێشبینی كراو بوون، بەڵام ئایا ڕووداوێكی دیاریكراو، یان پەرەسەندنێكی دیاریكراو هەیە كە بووبێتە هۆی ئەوەی لەم كاتەدا دۆخەكە بەم شێوەیە بتەقێتەوە و ئیسرائیلیش بەو چڕییە دەست بە هێرش و بۆردومانی پێگەكانی حزبوڵڵا لە نێو لوبنان بكات؟
- دەكرێت كاتی ڕوودانی ئەم هەڵكشانە پەیوەندی بە پرسێكی هەواڵگرییەوە هەبێت، بەڵام هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، ئەمە پەرەسەندنێك بوو، دەكرا هەر كاتێك ڕووی بدایە.
* كەواتە ئەمە شتێكی چاوەڕواننەكراو نەبووو و بە درێژایی ماوەی ڕابردوودا ئەگەرێك بوو كە دەكرا بێتە ئاراوە؟
- كێشەكە لەوەدایە كە لە ماوەی ڕابردوودا ئەم ئەگەرە، یان ڕوودانی ئەم ئەگەرە باڵی كێشابوو بەسەر بارودۆخەكەدا، چونكە هەمیشە نادڵنیایی و دڵەڕاوكێ هەبوو لەبارەی ئەوەی ئایا گەشت بكرێت بۆ لوبنان، یان نا، واتە ئەوانەی لوبنانیان جێدەهێشت، دڵنیا نەبوون لەوەی دەتوانن بۆی بگەڕێنەوە، هەروەها ئەوانەی دەگەڕانەوە بۆ وڵات، یان دەهاتنە نێو ئەم وڵاتەوە زەمانەتی ئەوەیان نەبوو كە جارێكی دیكە دەتوانن جێی بهێڵن. هەر چۆنێك بێت دەكرێت بڵێین زانینی كاتی ڕوودانەكەی شتێكی ئەستەم بوو.
* بەڵام ئایا دەكرێت بڵێین كە ئەوەی لە ئارادا بوو بەتایبەتی ئەو دڵەڕاوكێ و نادڵنیاییەی ئاماژەی پێدەكەن، جۆرێك لە حاڵەتی دەروونی خراپی دروست كردبوو، بەتایبەتی لەسەر خەڵكی لوبنان و ئەوانەی گەشتیان بۆ ئەم وڵاتە دەكرد.
- بەڵێ، دەكرێت بڵێین ئەمە بەشێك بوو لە شەڕێكی دەروونی و دروستكردنی فشاری دەروونی.
* زۆر باشە، ئەگەر ئێمە نەتوانین بە دڵنیایی تەواوەوە هۆكار و پاڵنەری ئەوە دەستنیشان بكەین، كە بۆچی شەڕەكە لەم كاتەدا بەم شێوەیە بەرەو هەڵكشان چوو و بۆچی نەتوانرا دۆخەكە ئیحتیوا بكرێت. ئایا دەتوانین بزانین كە ئەو هەلومەرجەی هاتووەتە ئاراوە خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئیسرائیل، یان حزبوڵڵا دەكەن؟ بە دەربڕینێكی دیكە ئایا هیچ ئامانجێكی بنەڕەتی هەیە كە هەردوو لایان بە هۆی ئەم هەڵكشانەوە بتوانن بەدەستی بهێنن؟
- بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. من بەرژەوەندییەكی ستراتیژیی زۆر گرنگ بۆ حزبوڵڵا و بۆ وڵاتی ئێران دەبینم، مەبەستم ئەوەیە بە هۆی ئەو بارودۆخەی هاتووەتە ئاراوە حزبوڵڵا و ئێران دەبنە ئەو لایەنەی كە دانوستاندن و گفتوگۆكانیان لەگەڵدا دەكرێت، لەبارەی ناوچەكەوە.
* دەكرێت ئەمە زیاتر ڕوون بكەنەوە، واتە مەبەستتان ئەوەیە كە چیتر لایەنی سەرەكیی گفتوگۆكار بریتی نابێت لە بزووتنەوەی حەماس؟
- ئێستا كەس ڕووناكاتە ڕامەڵڵا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستاندن، بەڵكو ڕوودەكەنە دەوحە و قاهیرە و بگرە ئەستەنبول بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا گفتوگۆ بكەن. كەواتە حەماس لایەنی گفتوگۆكارە. هەروەها بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆكان لە بارەی لوبنانەوە، ئەوا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەروەها فەڕەنساش گفتوگۆ لەگەڵ حزبوڵڵا ئەنجام دەدەن، نەك لەگەڵ حكومەتی ئەم وڵاتە. هەروەها ئێمە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گوێمان لە لێدوانەكانی سەرۆكی ئێران مەسعود پزیشكیان بوو، كە پێشنیاری ئەوەی دەكرد، كێشەكانی ناوچەكە چارەسەر بكرێت. ئەمە لە كاتێكدا خودی ئێران ئەم كێشانەی لەم ناوچەیەدا دروست كردووە، ئێستاش دەڵێت با ئەو ئاگرە بكوژێنینەوە كە ئێران خۆی هەڵیگرساندوون. ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپاش بێن و ئەم كارە لەگەڵ ئێراندا بكەن و بیكەنە لایەنی گفتوگۆكار بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی ئاماژەیان پێكرا، ئەوا ئێران دەبێتە هێزێكی مەزن لە ناوچەكەدا.
* كەواتە پێت وایە یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە كە لە ئەنجامی هەموو ئەو هەڵكشان و پەرەسەندنانەدا ئێران ببێتە ئەو لایەنەی كە گفتوگۆكانی لەگەڵدا ئەنجام بدرێت.
- تا ئێستا پێدەچێت بارودۆخەكە بەم ئاراستەیەدا بڕوات.
* زۆرجار حزبوڵڵای لوبنانی بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە دەوڵەتی لوبنانی كردووەتە بارمتەیەك لە پێناو برەودان بە ئەجێندا و ئامانجەكانی خۆی، بەڵام لە ئێستادا و دوای ئەو گورزە قورسانەی لەم حزبە درا، ئایا چۆن لە ئایندەی پەیوەندییەكانی ئەم حزبە لەگەڵ دەوڵەتی لوبنانی دەڕوانێت؟
- لە ڕاستیدا خۆیشم هەوڵم داوە كە بیر لەم مەسەلەیە بكەمەوە و بگەمە تێگەیشتنێك لەبارەیەوە. پێم وایە دەبێت لەم بارەیەوە جیاوازییەك بكەین لە نێوان لایەنی سیاسی و لایەنی سەربازی. ئەوەی پەیوەست بێت بە لایەنی سەربازییەوە ئەوا نكۆڵی لەوە ناكرێت، كە حزبوڵڵا گورزی گەورەی لێدراوە، هەر لە تەقاندنەوەی ئامێرەكانی پەیجەرەوە، تا دەگاتە كوشتنی زۆرێك لە سەركردەكانی لەسەر دەستی ئیسرائیل، هەروەها بە ئامانجكردنی كۆگا و جبەخانەی چەكەكانی، كەواتە دەكرێت بڵێین كە گومان لەوەدا نییە كە لە ڕووی سەربازییەوە تووشی دۆڕان بووە لە شەڕەكەدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت بڵێین لە ڕووی سیاسییەوە شەڕەكەی بردووەتەوە، چونكە لە ئێستادا هیچ كەسێك لە لوبنان ناتوانێت ئەوە ڕەت بكاتەوە كە ئیسرائیل دوژمنێكی مەترسیدارە بۆ وڵاتی لوبنان، یەكێك لە دەرئەنجامەكانی ئەم حاڵەتەش ئەوەیە كە ئەستەمە بتوانیت لە نێو لوبناندا مشتومڕ لەبارەی شەرعییەتی چەكی حزبوڵڵاوە بكەیت. خاڵێكی دیكە لەم ڕوەوەوە ئەوەیە كە خودی دروستبوونی حزبوڵڵا بەرجەستە دەبێت لە هاتنەئاراوەی بەرهەڵستكارییەك دژ بە داگیركارییەك و كاتێكیش ئیسرائیل لە لوبنان كشایەوە، ئەوا بە حزبوڵڵا دەوترێت كە چیتر پێویستمان بە چەكی تۆ نییە. بەڵام ئەوە بوو كە لە ساڵی 2006دا حزبوڵڵا ڕایگەیاند كە ئێمە بەرەی بەرهەڵستكارین و پارێزگاری لە خەڵك دەكەین و پاساوەكەشیان ئەوە بوو كە دەوڵەتی لوبنان توانایەكی لەم چەشنەی نییە. ئەم هێرشەی ئەمجارەی ئیسرائیلیش بووەتە هۆی ئەوەی زۆر زەحمەتە بتوانرێت مشتومڕ لەگەڵ حزبوڵڵا بكرێت و هەوڵی ئەوە بدرێت كە پێی بوترێت هیچ مەترسییەك نەماوە لەلایەن ئیسرائیلەوە.