بەشار ئیبراهیم عەزیز یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی بۆ گوڵان:     ژمارەی مۆڵەتی كارگەكان لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی 2024 گەیشتووەتە 4607 كارگە و 49،757 هەلی كاریان دابین كردووە

بەشار ئیبراهیم عەزیز  یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی بۆ گوڵان:        ژمارەی مۆڵەتی كارگەكان  لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی  2024 گەیشتووەتە 4607 كارگە و 49،757 هەلی كاریان دابین كردووە

 

 

 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی تایبەتی بە پاراستنی بەرهەمی كارگەكان و بونیادنانی ژێرخانی پیشەسازیی داوە، ئەمەش لەپێناو دابینكردنی پێداویستیی ناوخۆ و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجەكان و بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان بووە. بۆ ئەم مەبەستە ئاسانكاریی زۆری بۆ پێدانی مۆڵەتی دامەزراندنی كارگەكانی وەبەرهێنان كردووە، تا وەبەرهێن و بزنێسكارەكان ڕوو لە كەرتی پیشەسازی و دامەزراندنی كارگەكان بكەن. گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە و گەشەكردنی كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان دیدارێكی لەگەڵ بەشار ئیبراهیم عەزیز یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ساز دا.

 

* كەرتی پیشەسازی و كارگەكانی نێوخۆ بەهۆی كۆمەڵێك ئالنگاری و پەتای كۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە ڕووبەڕووی گرفتی گەورە بوونەوە، بەڵام خۆڕاگریی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگر بوو لە بەردەم داخستن و مایەپووچبوونی كارگەكان و، ژمارەیەكی زۆری كارگەش دامەزران. ئایا دەكرێت باسێكی ئەم ژمارە زۆرەی كارگەكانمان بۆ بكەن؟

-فرەچەشنكردنی ئابووری و گرنگیدان بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری بۆ كەمتر پشتبەستن بە داهاتی هەناردەكردنی نەوت، گۆڕانكارییەكی جۆریی لە ئابووری هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە، بەتایبەتی ئەو ژینگە لەبارەی بۆ وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان دامەزرا، كە وای كرد لە ساڵی 2022 ژمارەی پێدانی مۆڵەتی دامەزراندنی كارگەكان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد و گەیشتە نزیكەی 273 مۆڵەت، بە سەرمایەی 187،351 دۆلار و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ نزیكەی 4000 كەس، بەمەش ژمارەی مۆڵەتدان بە كارگەكانی كەرتی تایبەت بۆ نزیكەی 4607 كارگە زیادی كردووە و هەلی كار بۆ زیاتر لە 49،000 كەس فەراهەم كراوە، ڕێژەی 66%ی ئەم كارگانەش لە پارێزگای هەولێرە و 24% لە پارێزگای سلێمانی و 10% لە پارێزگای دهۆكە، لەم كارگانەشدا لە هەولێر 28،010 هەلی كار دابین كراوە و لە سلێمانی 9،249 و لە پارێزگای دهۆك 12،498 كەس هەلی كاریان دەست كەوتووە. هاوكات تاوەكو ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو ژمارەی ئەو كارگانەی كە لێخۆشبوونی گومرگییان بۆ كراوە، گەیشتووەتە 1،426 كارگە، لەم كابینەیەدا گرنگییەكی تایبەتی دراوە بە دامەزراندنی ناوچە پیشەسازییەكان و چەندین ناوچەی پیشەسازی دروست كران و ژمارەیەكی دیكەش لە قۆناغی دامەزراندندان، لە ناو ئەم ناوچە پیشەسازییانەشدا بە سەدان دەرفەت و هەلی دامەزراندنی كارگە دراوە بە وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت، بەتایبەتی لە بواری دامەزراندنی پیشەسازیی خۆراكدا، لە هەرێمی كوردستان خۆراك هەیە، بەڵام پیشەسازیی خۆراكی نەبووە، لەم كابینەیەدا سەدان كارگە بنیاد نراون كە بەرهەمە خۆراكییەكانیان دەخەنە بازاڕەوە، هەرچەندە ئەو كارگانە لە قوتووبەند و دیزایندا نەیانتوانیوە ڕكابەریی بەرهەمی دەرەكی بكەن، بەڵام بە هەنگاوێكی گرنگ بۆ بونیادنانی كەرتی پیشەسازیی خۆراك لە كوردستان هەژمار دەكرێت.

* ئەو كارگانەی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دامەزراون، یان بەرهەمیان زیادی كردووە، زیاتر لە چ بوارێكدا بووە؟

- كارگەكان بەسەر سێ جۆری گەورە و مامناوەند و بچووكدا دابەش بووە، كارگە گەورەكانی وەكو چیمەنتۆ و ئاسن و پلاستیك بە كارگە ستراتیژییەكان دادەنرێن، بۆ نموونە لە چوار ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بڕی بەرهەمهێنان و دابینكردنی چیمەنتۆ لە شەش كارگەی چیمەنتۆ «كارگەكانی تاسڵوجە و بازیان و ماس و گاسن وكار» گەیەندراوەتە 11 ملیۆن تەن، لە 22ی مانگی 6ی 2023 سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی كارگەی چیمەنتۆی دابین-ی لە پارێزگای هەولێر دانا، هەروەها 15 كارگەی شیشی كۆنكرێتی هەیە بە توانای 13 ملیۆن تەن. بەشێوەیەكی گشتی ئەو كارگانەی كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا مۆڵەتیان پێ دراوە بریتی بوون لە كارگەكانی «خۆراك، بیناسازی، ڕستن و چنین، فلزییەكان، كیمیاوی، پلاستیكی، سلیلۆزی، ئامێر و مەكائین، مۆبیلیات، دووبارە بەكارهێنانەوە، خزمەتگوزاری، كە كۆی گشتیی ئەم كارگانە لە ساڵی 2019 تا مانگی 6ی 2023 گەیشتووەتە 805 كارگە و نزیكەی 14 هەزار هەلی كاری تێدا دامەزراوە، لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان ژمارەی مۆڵەتی كارگەكان لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە 4،489 كارگە و 49،757 هەلی كاریان دابین كردووە.

* لە بواری وەبەرهێنان، لە كەرتی پیشەسازیدا چی كراوە، بەتایبەتی گرنگیدان بە ناوچە پیشەسازییەكان، كە ڕۆڵی سەرەكییان لە زیادبوونی ژمارەی كارگەكان لە هەرێمی كوردستان هەیە؟

- دروستكردنی ژمارەیەكی زۆری ناوچەی پیشەسازی چووەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە و ژمارەیەكیان بەردی بناغەیان بۆ دانراوە، وەكو ناوچەی پیشەسازیی زاخۆ، ئەوانی دیكەش قۆناغ بە قۆناغ دەكرێنەوە. لە دهۆك بە ڕێژەیەكی بەرز ناوچەی پیشەسازیی خۆراك تەواو بووە و 330 شوێن بۆ كارگەی خۆراك ئامادە كراوە، بەگشتی لە هەرێمی كوردستاندا لە بەرنامەی وەبەرهێناندایە 16 ناوچەی پیشەسازی دروست بكرێن. ئەم ناوچە پیشەسازییانە ڕۆڵیان دەبێت لە ڕاكێشانی وەبەرهێنەكان بۆ دامەزراندنی كارگە و بەگەڕخستنی سەرمایەكانیان و تەنانەت ڕاكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی، كە زۆر گرنگە بۆ پێشخستن و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی بیانی و جیهانی دەرەوەدا.

* بەرنامە و پلانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ پەرەپێدان و بووژانەوەی كارگەكان چییە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵییەوە هەیە، چونكە لە ماوەكانی ڕابردوودا لە ڕێگەی دانانی بازگەی نایاسایی لە نێوان هەرێمی كوردستان و شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا ڕێگری لە هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆیی هەبوو؟

- ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەموو هەوڵەكانمان خستووەتەگەڕ لەپێناو گەشەپێدانی چالاكییە پیشەسازییەكان و ڕێكخستنی چالاكییە بازرگانییەكاندا، تاوەكو كاریگەریی نەرێنی نەكاتە سەر بەرهەمی ناوخۆیی، هاوكات بۆ پێشكەوتنی كەرتی پیشەسازی پێویستە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵیش ددانپێدانانی بەم مۆڵەتانەدا هەبێت و ڕێگری لە هەناردەكردنی بەرهەمە نێوخۆییەكانی كوردستان نەكات، خۆشبەختانە خۆڕاگری و هەوڵەكانی جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و تیمەكەی ڕۆڵی باشیان هەبوو لە كردنەوەی گرێ كوێرەكان و چارەسەركردنی گرفت و كێشەكاندا، لەلایەكی دیكەوە هەوڵەكانمان بۆ كەمكردنەوەی كرێی كارەبا و بەهێزكردنی ڕۆڵی بانكی بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی پیشەسازی دەست پێكردووە. هەر لە درێژەی هەوڵەكانی وەزارەتماندا توانرا یاسای 20ی عێراقیی ساڵی 1998 كە یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازییە بۆ كەرتی تایبەت و تێكەڵاوە، لە پەرلەمانی كوردستان هەموار بكرێتەوە. یەكێك لەو خاڵانەی كە داوامان كردووە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بابەتی بەشی كانزاكانە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، كە پێویستە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتمان بە هاوشێوەی وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی حكومەتی فیدڕاڵی، چونكە زۆربەی كانزاكان وەكو كەرەستەی خاو لە كەرتی پیشەسازیدا بەكار دێن.

* هەر سەبارەت بە دەركردن و هەمواركردنەوەی یاساكان، ئایا لەم كابینەیەدا تا چەند توانیوتانە ئەم ماددە یاسایی و ڕێنماییانە هەموار بكرێتەوە، یان گۆڕانكاریی تێدا بكرێت كە لەگەڵ قۆناغەكەدا بگونجێت؟

- جگە لە هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی بۆ كەرتی تایبەت و تێكەڵاو، چەندین یاسا و ڕێنمایی دیكە دەرچووە، كە ئیمتیازات و پاڵپشتیی باشی تێدایە بۆ خاوەن كارگە و كارخانەكان، تەنانەت توانیومانە وەبەرهێنانی بیانی ڕابكێشینە ئەم بوارە، بەتایبەتی دوای ئەوەی كۆمەڵێك ئیمتیازات و كارئاسانی و ژینگەی لەبار ڕەخساوە.

* یەكێك لەو گرفتانەی خاوەن كارگەكان هەیانبوو، بابەتی نغرۆكردنی بازاڕەكانی ناوخۆیە بە بەروبووم و بەرهەمی كارگەكانی وڵاتانی ئێران و توركیا، ئایا لەم ڕووەوە چی كراوە، تاوەكو هێنانی ئەو جۆرە كاڵا و بەرهەمانە زیانی نەبێت بۆ ئەو بەرهەمانەی كە لە نێوخۆدا بەرهەم دێت؟

- گرنگیی زۆر بە بەرهەمی نێوخۆیی دەدرێت، لەگەڵ ئەمەشدا هەوڵەكان بەردەوامە تاوەكو یاسای بەرهەمی نێوخۆیی بە تەواوەتی جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە گرنگی بە بازاڕكردنی بەرهەمی خۆماڵی دەدرێت، هەر لەم چوارچێوەیەدا بە دەیان بەردی بناغە دانراوە و كارگەی پیشەسازیی خۆراكی دانراوە و كراوەتەوە، بۆ نموونە سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2022 بەردی بناغەی هەرسێ پڕۆژەی كارگەی دەستاڕی ئارد، خانووی شووشەیی بۆ چاندنی میوە و سە وزە، بەخێوكردنی مانگا و پیشەسازیی خۆراكی لە شاری دهۆك دانا و، لە ساڵی 2023 شدا بەردی بناغەی هەردوو پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی و كارگەی ڕیسایكلینی لە زاخۆ دانا، ئەم پڕۆژانە هەلی كار بۆ هەزاران گەنج دەڕەخسێنن و ئابووریی هەرێم بەرەو پێش دەبەن.

 

Top