چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی مۆسكۆ بەڕێوە دەچێت
چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی «مۆسكۆ» MKFF بە سەرۆكایەتی مامۆستا كەرەم گەردەن زەری، ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری كوردی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، بە سەرۆكایەتی خاتوو گولیزەر گەردەن زەری»ئینا تێدژۆڤا»، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و زمانەوانی كوردەكان، هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوە ڕەسەنە، بە نمایشی كۆمەڵێك بەرهەم لە بەشی پێشبڕكێی «فیلمی درێژ»، بەشی پێشبڕكێی «بەڵگەفیلم»، بەشی پێشبڕكێی «كورتە فیلم»، بەشی «شەویی سینەمای كوردی»، بەشی «نمایشی باشترین فیلمەكانی ڕووسیا« و پێشانگای كەلتووری و هونەری لە ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ لە شاری مۆسكۆ لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشە جۆراوجۆرەكانی پێشبڕكێ لەم ڕووداوە سینەماییەدا ناسێندران كە بەرهەمی سینەماكارانی ١٢ وڵاتی جیهان، لەوانە؛ فەڕەنسا، عێراق، توركیا، ئێران، سووریا، هۆڵەندا، بەلژیكا، دانیمارك، هەرێمی كوردستان لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونیدا پەخش دەكرێن.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی «فیلمە سینەماییەكان»
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی فیلمە درێژەكان لە چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ بریتین لە: خاتوو ئانجلینا نیكۆنۆڤا دەرهێنەر و سیناریۆنووس و بەرهەمەێنەر لە وڵاتی ڕووسیا، كە لە یەكەمین بەشداریی جیهانی خۆیدا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «ڤێنیز» ئامادەبوو و هەروەها دەرهێنانی فیلمی سینەمایی «بەخێر بێن بۆ ماڵەوە» و فیلمی سینەمایی «ئەرێی كەسێك كچەكەی منی بینیوە؟» لە كارنامەی هونەریی خۆیدا هەیە، خاتوو «لیانكا گریۆ» ئەكتەر و دەرهێنەر لە وڵاتی ڕووسیا كە بە ڕۆڵبینین لە فیلمەكانی «منداڵانی ژێر ١٦ ساڵ»، «گەڕانەوەی چەكدارەكان» و زنجیره دراماكانی «باڕڤیخا» و«هۆڵمز» ناسراوە و هەروەها «ماكسیم دۆبرۆمیسلۆڤ»بەرهەمهێنەری فیلمە سینەماییەكان، بەڵگەفیلمەكان و زنجیرە دراماكان لە وڵاتی ڕووسیا، سەرۆكی لێژنەی دادوەران، كە لە پڕۆژەكانی «مانای ژیان»، «ڕووسیا ـ ئۆدیسە» و»دەرەوی وەرز. حیماسەی لاوان» هاوكاریی كردووە.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی بەڵگەفیلمەكان
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی بەڵگەفیلمەكان لەم ڕووداوە سینەماییە كوردییەدا بریتین لە: «توماس سیدریس» لە وڵاتی یۆنان، كە زیاتر لە ٤٠ خەڵاتی نێودەوڵەتی بۆ كاری توێژینەوەییەكانی خۆی لە بواری بەڵگەفیلمدا بەدەست هێناوە، خاتوو «مزگێن ئەرسلان» ڕۆژنامەنووس و دیكۆمێنتسازی كورد لە وڵاتی بەریتانیا، كە بە یەكەمین فیلمی درێژی خۆی بە ناوی «من فڕیم، تۆ مایەوە» خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی ساڵی لە ئەنجومەنی ڕخنەگرانی فیلمی توركیا، خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی «ئامەد» و خەڵاتی «مریلا گالێتی» لە وڵاتی ئیتاڵیا بەدەست هێناوە، «ئێڤان بۆلۆتنیكۆڤ» دەرهێنەر، سیناریۆنووس لە وڵاتی ڕووسیا ـ سەرۆكی لێژنەی دادوەران.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی كورتە فیلمە چیرۆكییەكان
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی كورتە فیلمە چیرۆكییەكان لە چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی «مۆسكۆ» بریتین لە: خاتوو «ئێلێنا گلیكمەن» لە وڵاتی ڕووسیاـ سەرۆكی لێژنەی دادوەران،»فێكری بەڕۆژی» بەرهەمەێنەر، مۆنتیر و دەرهێنەر لە هەرێمی كوردستان كە دەرهێنانی بۆ فیلمەكانی «خەیاڵی دوای مردن» و «لە لانەی شێر» كردووە، هەروەها «نەوزاد شێخانی» دەرهێنەری ئیزدی كە خەڵاتی «ژان لۆك گۆدار»ی بەدەست هێناوە و بەڵگەفیلمی «كوشتن و بڕینی ڕەش» سەبارەت بە كۆمەڵكوژی ئیزدییەكانی ساز كردووە.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی بەڵگەفیلمە كورتەكان
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی بەڵگەفیلمە كورتەكان لەم ڕووداوە سینەماییە كوردییەدا بریتین لە: خاتوو ڕووگەش كیریچی ئەكتەر، دەرهێنەر و نووسەر لە باكووری كوردستان، شێرۆ هیندە دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە ڕۆژئاوای كوردستان، هەروەها «لوقمان سوخەنوەر» مۆنتێر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ـ سەرۆكی لێژنەی دادوەران، كە مۆنتێری زۆربەی فیلمە ناسراوەكانی سینەمای ئیران و كوردستان، لەوانە؛ «دەنگی باران»، یانە، تەنیا لە ئەستۆدا بووە.
پێشكەشكردنی خەڵاتی بلووری هەتاوی زێڕین
لە چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی مۆسكۆ، ٣٨ بەرهەم پێكهاتوو لە دوو بەشی پێشبڕكێی لەوانە؛ لە بەشی پێشبڕكێی فیلمە بڵندەكان، ٧ فیلمی سینەمایی و٨ بەڵگەفیلمی درێژ هەروەها لە بەشی پێشبڕكێی كورتە فیلمەكاندا ١٤ كورتە فیلمی چیرۆكی و ٩ بەڵگەفیلمی كورت بۆ بەشداری لە بەشی كۆتایی ئەم فێستیڤاڵە دەستنیشان كراون و بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی كریستاڵی «هەتاوی زێڕین»ی ئەم ڕووداوە سینەماییە لەگەڵ یەكتریی ڕكابەریی دەكەن.
خەڵاتی هەتاوی زێڕین ستایلێكی كریستاڵ، بە هێمای هەتاوی زێڕینە و ئەم خەڵاتە گرینگە لە پێنج بەشدا، لەوانە؛ باشترین فیلمی درێژی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵند، باشترین كورتە فیلمی چیرۆكی، باشترین بەڵگەفیلمی كورت و هەروەها خەڵاتی هاوبەشی لە سینەمای كوردیدا بە براوەكان پێشكەش دەكرێت.