مەریەم فرەنكول: هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی چەنگەوە مۆسیقای كۆن و نوێ تێكەڵ بكەم
بە چەنگە جوانەكەی «میری ئەدكار» كە ناسراوە بە (مریەم فرەنكول) لە ئاهەنگ و بۆنە تایبەتەكاندا سەرنجی گوێگر و بینەرانی ڕادەكێشێت كاتێك بەم ئامێرە مێژووییە پارچە مۆسیقای كۆن و مۆدێرن تێكەڵ دەكات، مەریەم بە ڕەچەڵەك سورییە و ماوەی چەند ساڵێكە لە وڵاتی ئیمارات نیشتەجێیە، سەرەتای ئاشنابوونی بە چەنگ ڕێكەوت بوو، بەڵام ئێستا تاكە كەسە لە ئیمارات چەنگ دەژەنێت.
لە دەرفەتێكدا بۆ گوڵان چەند زانیارییەكی دەربارەی ئەم ئامێرە خستە ڕوو.
*چۆن بوو ئامێری چەنگت هەڵبژارد و ئەو پەیوەندییەی نێوانتان چۆن درووستبوو و چۆن پەرەی سەند؟
-من چەنگژەنێكی ئەرمەنیی سوریم و لە ئیمارات لە دوبەی نیشتەجێم. پەیوەندیی من لەگەڵ ئامێرەكە بەم شێوەیە سەری هەڵدا، كاتێك جولیی خوشكم كە یەكەم عەرەب بوو ئەم ئامێرەی لە ئیمارات ژەنیوە، ڕووی لە ئەمریكا كرد، ئامێرەكەی لە ماڵەوە بەجێهێشت، لەو كاتەدا بەهۆی گەورەیی قەبارەی ئامێرەكە كە شوێنێكی زۆری داگیر كردبوو، من لێی بێزار بووم ویستم ئامێرەكە بفرۆشم، بەڵام لەناكاو ئیلهامێك هاتە سەرم و وتم بۆچی خۆم فێری ژەنینی نەكەم و هەمان ڕێچكەی خوشكەكەم بگرمە بەر و لە ئیمارات بەردەوام بم لەسەر ژەنینی، ئیتر لەو ڕۆژەوە من دەستم پێكرد، تا ئەمڕۆش بەردەوامم.
*كاردانەوەی جەماوەر بۆ ژەنینی چەنگ چۆنە؟
-جەماوەر كاردانەوەیەكی زۆر ئەرێنییان بۆی هەیە و پێی سەرسامن، لە هەمان كاتدا دەتوانین بڵێین مایەی سەرسوڕمانە، چونكە هەموو كەسێك زانیاریی لەسەر ئەم ئامێرە نییە.
*ئایا دەكرێت گۆرانیبێژ تەنیا بە چەنگ گۆرانی بڵێت؟
-بەڵێ كارێكی زۆر ئاساییە بۆ گۆرانیبێژ ئەگەر بە باشی شارەزا بێت لە ژەنین و گۆرانی پێكەوە لەسەر چەنگ.
*چ جیاوازییەك هەیە لە نێوان پارچە مۆسیقایەكدا كە بە چەنگ یان بە ئامێرێكی دیكە ئەنجامی دەدەیت؟
-چەنگ زۆر لە پەیژەی پیانۆ دەچێت، هەروەها لە شێوازی ژەنینیدا، وەك چۆن دەتوانیت هەردوو دەست و پێت بەكار بهێنیت، بەهەمان شێوە بە بەكارهێنانی پێیەكان لەسەر پێداڵی چەنگە كە لەژێرەوە وەك پیانۆ كاری لەسەر دەكرێت، بەڵام ناتوانیت پارچە مۆسیقای ڕۆژهەڵاتیی وەكو عود لەسەر چەنگ لێبدەیت.
*تەكنەلۆجیا هاتووەتە ناو هەموو بوارەكانی ژیانەوە، بە هونەر و مۆسیقاشەوە، ئەم پێشكەوتنەی تەكنەلۆژیا كاریگەریی لەسەر چەنگ هەبووە؟
-بەڵێ كاریگەریی هەبووە، بەڵام بەشێوەیەكی ئەرێنی بووە، بەو پێیەی خەڵك فێری ئامێرەكە بوون و بە تامەزرۆییەوە هەوڵ دەدەن زیاتر بیناسن سەرەڕای هەمەجۆریی ئێستای بواری مۆسیقا و هونەر. هەروەها من خۆیشم توانیم لە ڕێگەی پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیاوە زیاتر خەڵك ئاشنای ئەم ئامێرە بكەم، لە ڕێگای پێدانی زانیاری دەربارەی ئامێرەكە و فێركردنیان.
*هیچ ئاستەنگێكی دیاریكراو دێتە پێشتان لە كاتی ژەنینی چەنگ؟
-بەڵێ، ئاستەنگی زۆر هەیە، بەتایبەتی ئەگەر نۆتەیەك بە خێرا بخوێنیتەوە كە گواستنەوەی زۆر ئینجا پەیژەی تێدا بێت، بەڵام بە مەشقكردن و ژەنینی بۆ ماوەیەكی درێژ ئاسان دەبێت و دەتوانرێت بە ئاسانی شارەزای بن.
*هەستت چۆنە كاتێك بە یەكەم ژنە چەنگژەنی عەرەب لە ئیمارات دادەنرێت؟
-ڕاشكاوانە بڵێم جولیی خوشكم یەكەم چەنگ ژەنی عەرەبە لە ئیمارات و منیش دووەمم، بەڵام پێكەوە وەك دوو خوشك دەبینە یەكەم خوشكی عەرەب كە لە جیهانی عەرەبی و جیهانیشدا چەنگ دەژەنێت.
هەستەكدەم سوپاسگوزارییە بۆ خودا كە بەم ئامێرە بەرەكەتی پێبەخشیم، هەروەها هەست بەتایبەتی وەك سكەیەكی دەگمەن دەكەم بۆ ژەنینی چەنگ وەك عەرەبێك.
*بەپێی زانیارییەكانمان تۆ و خوشكەكەت پێكەوە چەنگ دەژەنن، دەتوانن باسی ئەوەمان بكەن كە چۆن هاوبەشی دەكەن لە ژەنینی چەنگ لە بۆنە و ئاهەنگەكاندا؟
-ئێمە ڕێك دەكەوین كە لەسەر شانۆی گەورە و ئاهەنگی هاوسەرگیری و بۆنە و ئاهەنگەكان پێكەوە چەنگ بژەنین لەسەر داواكاریی جەماوەر و هەندێك جاریش ئەگەر نەخۆش بووم، یان نەتوانم بەشدار بم لە ئاهەنگ وكۆنسێرتەكاندا، ئەو شوێنم دەگرێتەوە و بە پێچەوانەشەوە.
*ئاوات و ئامانجەكانت وەك چەنگ ژەنێك چین؟
-من پێم خۆشە ئامانجەكە ڕەوا و بەرز بێت. هیوادارم بتوانم لە ڕێگەی ژەنینی چەنگەوە لە بواری چارەسەر كردنی نەخۆش بە مۆسیقاوە بەشداری بكەم، بە هەمان شێوە بتوانم یارمەتی بەساڵاچووان و كەسانی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت بدەم و، بتوانم ئاسوودەیان بكەم و لە ڕووی دەروونییەوە یارمەتییان بدەم و دڵیان خۆش بكەم، هەروەها زیاتر خەڵك بە چەنگ ئاشنا بكەم، بۆ ئەوەی لای هەمووان بناسرێت. پشتیوان بە خودا هەوڵ دەدەم فرۆشگایەك بكەمەوە، جگە لەوەش شێوازێكی نوێی ژەنینی چەنگ زیاد بكەم، وەك جۆرێك لە هەمەچەشنكردنی هەموو مۆسیقایەك و تێكەڵكردنی مۆسیقای مۆدێرن و كۆن.