کیژان خەسرۆ:لەتابلۆكانم ئافرەت توخمی سەرەكییە
كیژان دەرچووی كۆلێژی هونەر بەشی گرافیك دیزاین، یەكێكە لەو كچە هونەرمەندانەی بە تابلۆكانی گوزارشت لە چیرۆك و بەسەرهاتی ڕاستەقینەی ژیان دەكات و زیاتر هەوڵ دەدات خەمەكانی ئافرەتی كورد بخاتە ڕوو، گوڵان لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد.
*تا ئێستا چەند پیشانگات كردووەتە؟
-خاوەنی دوو پیشانگەم تایبەتی و هاوبەش، یەكەمیان پیشانگەی (ژێر زەمین) پیشانگەیەكی هاوبەشی بوو، كە ساڵی ٢٠٢١ لەگەڵ ژمارەیەك هونەرمەندی بەئەزموون منیش تێیدا بەشدار بووم، لەم پیشانگەیەدا زیاتركارم لەسەر ئازارەكانی ئافرەت كردووە، پیشانگەی دووەمم كە تایبەت بوو بە كارەكانی خۆم لە ساڵی. ٢٠٢١ بە ناوی (هاوارەكانی ژێر خاك) ڕێكم خست، لەم پیشانگەیەشدا بە تابلۆكانم هەوڵم داوە خزمەتی زیاتری ئافرەت بكەم، و تێیدا (٢٠) تابلۆی هونەریم نمایش كرد كە هەر هەموویان گۆزارشت بوون لە مافی ئافرەتان و ئەو كۆسپ و تەگەرانەی دێنە سەر ڕێگەی ئافرەتی كورد.
*لەو دوو پیشانگایەدا زیاتر بە چ شێوازێك كارت كردووە؟
-لە پیشانگەی یەكەم جۆری ئیشكردنم بە ستایلی كۆلاج بووە، بەڵام لە پیشانگەی دووەم كارەكان جیاوازتر بوون و جۆری كاركردنم تەعبیری بوون، بە جۆرێك بیرۆكەی تابلۆكان لە چیرۆك و سەربوردەی ڕاستیی ژیان وەرگیرابوون.
*شێواز و ستایلی كاركردنت ئەوە نیشان دەدات، ئەزموونكارانە كار دەكەیت؟
-ماوەی دوو ساڵە وەك بزنس كار دەكەم لە بواری هونەر شێوەكاریدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕێگەی پەیجی ئۆنڵاینەوە كارەكانم نمایش دەكەم و بە هەموو جۆرە ستایلێك بە پێی داخوازیی كریارەكانم كارم كردووە.
*ئافرەت وەك فیگەر و كاراكتەر تا چەند لە نێو تابلۆكاندا ئامادەیە، هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
-وەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، زۆربەی هەرە زۆری كارەكانم بۆ خزمەتكردنی دۆزی ئافرەتان و یەكسانییە، بۆیە لە كارەكانمدا ئافرەت وەك توخمێكی سەرەكی بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە وبە ئاشكرا هەستی پێ دەكرێت.
*هاوڕای لەگەڵ هونەرمەند هاوسەنگییەك لە نێوان ڕیتمی خۆماڵی و ڕەوتی جیهانیدا ڕابگیرێت؟
-كاتێك لە ڕووی بابەتییەوە كار دەكەم، هەوڵم داوە كارەكانم لە خزمەت كێشەیەكدا بن و بە تابلۆكانم گوزارشت لە كێشەیەك یان بابەتێكی دیاریكراو بكەم، بەڵام وەك بزنس كارەكانم بەپێی ویست و داخوازی كڕیارەكانە و زیاتر گرنگی بە لایەنی مۆدێرن و تازەگەری دەدەم، كە بۆ سەردەمی ئێستامان زۆرە گونجاوە و داخوازیی زۆری لەسەرە.
*لەكاتێكدا هونەری كوردی بە گشتی بە دەست گرفتەوە دەناڵێنێت، ئێوەی شێوەكار گرفتتان چییە؟
-لە كوردستاندا ئاسان نییە كە بە هۆی هونەرەوە بەتایبەتی هونەری شێوەكاری ئازارەكانت دەرببڕیت، چونكە ئەرك و ماندووبوون و خودی هونەری شێوەكاری بە هەند وەرناگیرێت، لە كۆمەڵگەدا توانای لێك تێگەیشتنی باش نییە بۆ بابەتەكان، بەڵكو دژایەتیش دەكرێین و لە جیاتی ئەوەی ڕێز لە كارەكانمان بگیرێت، بەداخەوە بەبێ ڕێزی سەیر دەكرێت.
*هونەرمەندانی شێوەكار دەتوانن بژێوی ژیانیان پەیدا بكەن؟
-پەیداكردنی بژێوی ژیان، ئەم بابەتە لەلایەن خودی هونەرمەند خۆیەوە دیاری دەكرێت كە چۆن كار دەكات و چۆن سوود لە شێوازی بزنسكردن بە هونەرەكەی دەبینێت، ئەم كارەش لە كوردستان زۆر ئاسان نییە، چونكە ئەگەر بتەوێت داهاتێكی باشت هەبێت دەبێت زۆر هەوڵ بدەیت.
*تا ئێستا چەند لە تابلۆكانت فرۆشراون؟
زیاتر لە ٥٠٠ تابلۆم فرۆشتووە و زۆربەیان لەسەر داخوازیی ئەو كەسانە بووە كە كڕیویانە، بۆ ئەوەی تابلۆكان سەنگی خۆیان لەدەست نەدەن هەوڵم داوە هەرزانفرۆشیان نەكەم، بۆ ئەوەی تەنیا دەستی ئەو كەسانە بكەوێت كە بە ڕاستی ئیشەكەیان خۆش دەوێت و بەنرخ سەیری دەكەن و بەهای كاری هونەری شێوەكاری دەزانن.