ژیان جەلال پارێزەر لە سلێمانی: ئامانج لە هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی سەپاندنی هەژموونی شیعەگەراییە بەسەر كۆمەڵگەی عێراقدا
وەك بینیمان لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئابی 2024 ژمارەیەك پەرلەمانتاری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە پێشنیارێكیان بە مەبەستی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسیی عێراق – یاسای ژمارە 188ی ساڵی 1959- پێشكەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە و خوێندنەوەی یەكەمی لە پەرلەماندا بۆ كراوە.
دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیاری هەمواركردنی یاساكە بەڕێوە چوو، ڕای گشتی شەقامی عێراقی توڕە بوو، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی زۆر بەتوندی ئەو پێشنیارەیان ڕەتكردەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو بڕگە و ماددانەی لە پێشنیارەكەدا هاتوون و دەیانەوێت هەمواری بكەنەوە، یاسای باری كەسی بە تەواوەتی دەگۆڕێت كۆمەڵگەی عێراقی دابەش دەكات بەسەر هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننی، وەقفی شیعە و سوننە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكانی باری كەسی جێگەی دادگاكان دەگرنەوە، لەمەش زیاتر ماف دەدات بە پیاو ئەو مەزهەبە هەڵبژێرێت كە بڕوای پێیەتی و ئەم مەزهەبە بەسەر ئافرەتەكەدا دەسەپێنی و بەمەش مافی ئافرەت و منداڵ پێشێل دەكات و شیرازەی خێزان دەخاتە مەترسییەوە.
لایەنە شیعییەكان بۆ ئەم هەمواركردنە و هەڵبژاردنی ئەو مەزهەبەی بڕوایان پێیەتی، پەنایان بۆ ماددە 41ی دەستووری عێراقی بردووە كە تیایدا ئاماژە بەوە كراوە « عێراقییەكان ئازادن لە هەڵبژاردنی ئایین و مەزهەبەكانیان لە بواری باری كەسیدا و ئەمەش بە یاسا ڕێكدەخرێت»، بەڵام لەبەرامبەر ماددەی 41، دیسان ماددەی 3شمان هەیە كە دەڵێت «عێراق وڵاتێکە لە نەتەوەو ئایین و ئاینزای جیاجیا پێکهاتووە»، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر بۆ هەر ئایین و ئاینزایەك یاسایەك دەربكرێت ئەوا شیرازەی یەكگرتوویی كۆمەڵگەی عێراق پارچە پارچە دەبێت.
یاسای باری كەسی بۆ هەر كۆمەڵگەیەك زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەو یاسایە پەیوەندیی نێوان تاكەكان، ئاراستەی خێزان ڕێكدەخات و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دەپارێزێت، بەڵام ئەوەی لەم هەمواركردنەدا هاتووە و دەیانەوێت بە زۆرینەی پەرلەمانی تێی پەڕێنن و، لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت بیسەپێنن، مەبەست لێی ئەوەیە كە ئەوان دەیانەوێت مەزهەبی جەعفەری ببێتە جێگرەوەی یاسای باری كەسی و لە چوارچێوەی ئەم مەهەبەدا مامەڵە لەگەڵ كێشەكانی باری كەسی بكەن و، لە فیقهی جەعفەریشدا بوار بە هەندێك شت دراوە كە نەك هەر لەگەڵ ئەم سەردەمە ناگونجێت بەڵكو جێبەجێكردنی دەچێتە دەرەوەی چوارچێوەی مرۆڤایەتی لەوانە:
دیاریكردنی تەمەنی هاوسەرگیری بە تەمەنی باڵق بوون كە لە 9 ساڵ بەرەو سەرەوە دەست پێدەكات، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی هەموو زانستەكانی بایۆلۆژی، كچی تەمەن 9 ساڵان هێشتا جەستەی كامڵ نەبووە چۆن دەكرێت پرۆسەی هاوسەرگیری بكات، لە هەمانكدا بە هەموو پێوەرە مرۆڤایەتیەكانیش، كچێكی تەمەن 9 ساڵان هێشتا بە منداڵ حساب دەكرێت و ناكرێت بخرێتە ناو پرۆسەیەكەوە كە بەرپرسیارییەتی زۆر گەورەی تێدایە و هێشتا ئەو منداڵە نازانێت مانای ئەو بەرپرسیاریانە چین.
ئەم هەمواركردنە دەرگای ئەوە دەكاتەوە كە پیاو ئارەزوومەندانە ئەو مەزهەبە هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی مامەڵەی لەگەڵ باری كەسیی خۆی پێبكات، لەنێوان مەزهەبەكاندا مەرجەكانی پرۆسەی هاوسەرگیری، مافی ئافرەت، خێزان، منداڵ جیاوازیان هەیە، بۆیە لە كاتی دروستبوونی كێشەیەك پیاوەكە بە ئارەزووی خۆی مەزهەبێك هەڵدەبژێرێت كە كەمترین ماف بە ئافرەتەكە بدرێت، بەمەش مافی ئافرەتەكە پێشێل دەكرێت.
لە ئێستا بەپێی یاسای باری كەسی دەبێت گرێبەستی هاوسەرگیری لە ڕێگەی دادگاكانەوە ئەنجامبدرێت، ئەوەی لە دەرەوەی دادگاكان ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدات ڕووبەرووی سزا و بەندكردنیش دەبێتەوە، بەڵام بەم هەموارە فەرز دەبێت لەسەر دادگاكان دەبێت هەموو ئەو هاوسەرگیریانەی لە دەرەوەی دادگا دەكرێن پەسەندیان بكات.
ئامانجی شاراوەی ئەم هەمواركردنەوەیە، تەنیا ئەوە نییە 2 ماددەی یاسایەك هەمواردەكرێتەوە یان نا، بەڵكو ئەمە پرۆژەیەكی سیاسیی لایەنە سیاسییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەیە و ئامانج لێی ئەوەیە هەژموونی شیعەگەرایی بەسەر هەموو كۆمەڵگەی عێراقدا بسەپێنن، ئەگەر ئەمەیان بۆ بچێتە سەرو بە زۆرینە تێپەڕێنن، ئەوا دەرگایان بۆ دەكرێتەوە بۆ ئەوەی یاساكانی دیكەش بە هەمان شێوە تێپەڕێنن، بۆیە ئەمە دەست بادانی پێكهاتەكانی دیكە بۆ هەنگاوەكانی دیكەی ئایندەیان.
لە دوماهیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە خۆمان لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2008 ەوە ئەو یاسایەمان هەمواركردۆتەوەو یاسای خۆمان هەیە، ئەگەر ئەو هەمواركردنەوەیەش تێپەڕبێت لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكرێت، بەڵام دەرهاویشتە خراپەكانی ئەم یاسایە لێكەوتەی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت، هەر بۆ نموونە لە هەمواری ساڵی 2008ی یاسای باری كەسی لە هەرێمی كوردستان، فرەژنی قەدەغە كراوە، بەڵام لە یاسای باری كەسیی عێراقدا ڕێگەی پێدراوە، بۆیە دەبینین زۆر پیاو لە هەرێمی كوردستان دەچن بەڕێگەی یاسای باری كەسیی عێراق ژنی دووەم و سێیەم دەهێنن، لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا قەدەغەیە كچی تەمەن خوار 18ساڵ هاوسەرگیری بكات، بۆیە هیچ دوور نییە سبەینێ كەسێك بیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی خوار 18ساڵ بكات پەنا بۆ یاسای باری كەسیی عێراق ببات.
بۆیە زۆر گرنگە ئێمەش لە هەرێمی كوردستان دەنگی خۆمان بخەینە پاڵ دەنگی هەموو ئەوانەی كە پێشنیاری هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی ڕەتدەكەنەوە، ڕاستە ئەم یاسایە لە كوردستان جێبەجێ ناكرێت، بەڵام ئەمە هەنگاوی یەكەمە بۆ بە ئیسلامكردنی كۆمەڵگە و سەپاندنی هەژموونی شیعەگەرایی لە كۆمەڵگەدا.