ئەو شتانەی پەستانی خوێن بەرزدەكەنەوە
گەلێك هۆكار بە شێویەكی كاتی هاندەرن بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن نەك هۆكاری ڕاستەقینەی تووشبوون بن، چونكە تا ئێستا هۆكاری ڕاستەقینەی تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە تەواوی نەزانراوە. هۆكارەكان: خوێ (سۆدیۆم) كە دەبێتە هۆی قەتیسبوونی شلە لە لەشدا كە فشار لەسەر دڵ و بۆڕییەكانی خوێن زیا دەكات، شەكرە زیادكراوەكان كە لەوانەیە زیاتر لە خوێ هاندەر بن بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بۆ نموونە خواردنەوەی 720 میللیلیتر لە ساردەمەنی شیرینكراو هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی سەرەوەی كەرتی پەستانی خوێن تا 15 پلە و ژمارەی خوارەوە تا 9 پلە، تەنیایی كە لە ماوەی چوار ساڵدا دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی سەرەوەی كەرتی پەستانی خوێن تا 14پلە، وەستانی كاتیی هەناسە لە كاتی خەودا، كەمیی پۆتاسیۆم كە هاوسەنگیی نێوان سۆدیۆم و پۆتاسیۆم لە گورچیلەدا تێك دەدات، ئازاری تیژ و كتوپڕ، یاریدەدەری گیایی وەكو جینسینگ Ginseng یان گینكۆ Ginko، سترێس، سستبوون یان زیاد چالاكبوونی گلاندی دەرەقی، دواخستنی میزكردن كە ئەگەر بۆ ماوەی سێ كاتژمێر بێت ئەوا ژمارەی سەرەوەی پەستانی خوێن تا سێ پلە و ژمارەی خوارەوە تا چوار پلە بەرز دەبێتەوە، بەكارهێنانی دەرمانەكانی سووككردنی گیرانی لووت كە دەبنە هۆی تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن، كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش، بەكارهێنانی دەرمانی هۆرمۆنی بۆ ڕێگرتن لە دووگیانی كە دەبنە ئەگەری گرژبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن، زیاد قسەكردن كە پەستانی خوێن بۆ ماوەی چەند خولەكێك بەرزدەكاتەوە، هەروەها بەكارهێنانی دەرمانی دژەخەمۆكی و دژەئازار.