نیشانە جەستەییەكانی خەمۆكی
خەمۆكی Depression بریتییە لە هەستكردنی بەردەوام بە دڵتوندی و بێزاری، نەمانی ئارەزوو بۆ چالاكییە ئاساییەكان، هەستكردن بە تاوان Guilt، هەروەها هەستكردن بە نائومێدی و شكست و بێ بەهایی. جگە لەم نیشانانە، خەمۆكی هۆكارە بۆ كۆمەڵێك نیشانەی جەستەیی وەكو: گرفتەكانی خەو بە شێوەی گرفت لە چوونە خەو یان بەردەوامیی خەو یان زیاد نووستن، ئازاری سینگ، ئازار یان ناڕەحەتیی گەدە، كەمبوونەوەی ئاستی وزەی لەش و هەستكردن بە ماندووبوون سەرەڕای حەسانەوە و نووستن بۆ ماوەیەكی باش، ئازار لە ماسوولكە و جومگەكاندا، شەقەسەر كە ڕێژەی تووشبوون تا سێ هێندە زیاد دەبێت، گۆڕان لە ئارەزووی خواردن بە شێوەی زیادبوون یان كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، زیادبوون یان كەمبوونەوەی كێشی لەش، ئازاری توندی مل یان پشت، دووركەوتنەوە لە مەشقی وەرزشی، هەروەها گرفتەكانی كۆئەندامی هەرس بە شێوەی سك ئێشە، هێلنج، بەدهەرسی، سكچوون یان قەبزی.