بیرکردنەوەی کەسەکان دەرخەری ناخیانە

بیرکردنەوەی کەسەکان دەرخەری ناخیانە

(دوستویفسكی) فەیلەسوف و نوسەر و ڕۆژنامەنوسی ڕوسی دەڵێ" ئەگەر ئارەزووت هەیە بە سەر جیهاندا زاڵ بی، ئەوا سەرەتا بە سەر خۆت زاڵ بە ".
شكی تێدانییە مرۆڤ وەكو دەفرێك وایە چی تێدا بێت ئەوەی لێ دەڕژێت، گەر مرۆڤ كەسێكی ئاشتی خواز و نیەت باش و ناخ پاك بێت، ئەوا بێگومان هەمیشە بیركردنەوەی چاكە و كاری باشە و ئەرێنی و تێڕوانین و ڕەئی باشی هەیە لە سەر كەسەكانی تر، بە پێچەوانەوە ئەگەر مرۆڤ ناخی پڕ بوو لە ڕق و كینە بەردەوام قسەی نەرێنی و ڕەش بینی فڕێ دەدات و هەرگیز دڵی بە كاری باشە و كەسی باش و سەركەوتوو خۆش نابێت و بیركردنەوەكانیشی نەرێنی و بێ سوودن.
دەگێڕنەوە لە كۆنەوە كەوا سێ‌ كەس بە پیادە لە گوندێك دەچوونە گوندێكی تر بە یەكەوە دەڕۆیشتن لە بەیانییەكی زوو پێش ڕۆژهەڵاتن لە دوورەوە پیاوێكیان بینی خەریكی بیر هەڵكەندن بوو لە تەنیشت ڕێگاكە، كەسی یەكەم گوتی تەماشا بكەن ئەو پیاوە بەو بەیانیە زووە خەریكی بیر هەڵكەندنە لەوانەیە كەسێكی كوشتبێت دەیەوێ بیشارێتەوە لەو شوێنەی هەڵیدەكەنێ تا كەس نەیبینێ و پێی نەزانێ، كەسی دووەم گوتی" هاوڕانیم لەگەڵت ئەو پیاوە بە بكوژ ناچێت لەوانەیە كەسێكی ڕەزیل و چاوچنۆك بێت و متمانە بە كەس نەكات و پارەوسامانی خۆی هێناوە دەیەوێ لەو بیرە بیشارێتەوە و كەس پێی نەزانێ، بەڵام كەسی سێیەم گوتی" نە ئەوەی تۆ و نە هی ئەو، بەڵكو ئەو كەسە لەوانەیە كەسێكی باش و بەخشندە و چاكە خواز بێت و دەیەوێ ئەو بیرە هەڵبكەنێ بۆ ئاو تا خەڵك لەو ئاوە بخواتەوە كە بەو ڕێگایە دا دەڕۆن، بۆیە بەو بەیانیە زووە هاتووە تاكەس نەیبینێت و چاكە دەكات لە نێوان خۆی و خودا.
پیاوێكی بە ساڵاچوو كە شوان بوو گوێ بیستی قسەكانیان بوو كە لە نزیك ئەوان خەریكی لەوەڕاندنی مەرەكانی بوو، ئەوان هەستیان پێ نەكردبوو بە ئەوانی گوت" هەموو دەفرێك چی تێدا بێت ئەوەی لێ دەڕژێ ". پشتی لە ئەوان كردو ڕۆیشت خەریكی مەڕەكانی بوو، ئەو قسەیە لە ناو خەڵك زۆر باو و بڵاوە.
بە دڵنیایی هەر مرۆڤێك وا سەیری خەڵكانی تر دەكات و دەیبینێ و بڕیاریان لە سەر دەدات و پێناسەیان دەكات، بە گوێرەی بیركردنەوەی ناخی و ڕەوشتی خۆی. هەمیشە گوفتار و ڕەفتار و كردار و هەڵسوكەوتی كەسەكان دەرخەری بنەچە و پەروەردە و بیركردنەوەی ناخی خۆیانە و هەر واش خەڵكانی تر دەبینن و بڕیاریان لە سەر دەدەن.چاوەڕێ مەبە كەسی خراپ بە باشە وەسفت بكات و كەسی دووڕوو بە ڕاستگۆ بتبینی و كەسی خوار و خێچ و لار بە كەسی ڕاست و هاوسەنگ باست بكات.
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێ(إن بعض الظن إثم) گومان بردنی خراپە تاوانە هەركەسێ بوختان بكات و گوناح بارە، گومان بردنی خراپە و بوختان كردن نەخۆشیەكی كوشندە و مەترسیدارە تەنها خاوەنەكەی وێران دەكات و لە ناوی دەبات، وە بیركردنەوەی چاكە بەرامبەر بە كەسانی تر لە كارە هەرە خۆشەویستەكانە لای خودای گەورە. لە چیرۆكی ئەو سێ‌ هاوڕێیە بە ڕوونی دیار بوو كە بەیەكەوە بوون سێ بیركردنەوە و بڕیاردانی جیاواز لە سەر كەسێك نەدەیانناسی نە ئاگای لەوان بوو.
لە كۆتاییدا گرنگە ئەوپەڕی متمانەمان بە خۆمان هەبێت بە ڕەفتار و هەڵسوكەوتوو و كردارەكانمان گوێ بە قسەی ئەم و ئەو نەدەین و، هەموو گرنگیەیەك بە ئەنجام و كردار بدەین. هەردەم بە ئەرێنی بیربكەینەوە و نیەتمان لای باشە و چاكە بێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top