هەڵوێستەكان ڕاستیەكان نیشان دەدات
(مەحمود دەروێش) شاعیری بە ناوبانگی فەلەستینی دەڵێ" ژیان فێرە خۆشەویستیت دەكات، ئەزموونەكان فێرت دەكەن كێت خۆش بوێت، هەڵوێستەكانیش فێرت دەكەن كێ تۆی خۆشدەوێ ".
بێگومان مرۆڤ لە سەرجەم وێستگەكانی ژیانی ئاسایی و كرداریدا رووبەڕووی گرفت و كێشە و هەوارز و نشێو و ڕاستی و نواندن و نمایش کردن دەبێتەوە بە پێی كاری كەسەكان و سروشتیان. مرۆڤ گەلێك هەن فرچكیان گرتووە بەوەی زمان شیرین و دڵ تاڵ بن و هەر خەریكی نواندن و كات بەرێ كردن و خۆگونجاندنی كاتی و بەدەستهێنانی هەست و سۆزی بەرامبەرەكەی تا ئەوكاتەی خۆی دەیەوێت تایبەت لە ئیش و كاری فەرمی و بەرژەوەندی، بۆیە گرنگە مرۆڤ هەمیشە بە ئاگا و وشیار بێت لە قسە و گوفتاری كەسە نزیكەكانی بازنەی كاركردن و بەرژەوەندی لە بیرمان نەچێت كەسانێك پسپۆڕ وشارەزان لە تەماشاكردنی ڕوخسارەكان و دەرخستنی ناخیان، لە بەرامبەریشدا كەسانی تر پسپۆڕو شارەزاترن لە هەڵخەلەتاندنی بەرامبەرەكانیان بە قسەی باق و بریقەدار. دەگێڕنەوە " پیاوێك و هاوسەرەكەی چوونە باخچەی ئاژەڵان، مەیموونێكیان بینی كە بە سۆزەوە یاری لەگەڵ مێینەكەی دەكرد و كەشێكی خۆشەویستی و ڕۆمانسی دروست كردبوو، ژنەكە بە پیاوەكەی گوت چ ئاژەلێكی ڕۆمانسی و بە سۆزە، دوای ئەوە شێرێكی نێر و مێینەكەیان بینی كە لە دووری یەكتر دانیشتبوون، شێرە نێرەكە زۆر بە هێمنی لە گۆشەیەك دانیشتبوو لە دووری شێرە مێینەكە وەك ئەوەی هیچ شێری مێینە لەو شوێنە نییە، ژنەكە ئەو دیمەنەی بینی بە پیاوەكەی گوت چ دیمەنێكی خەمناك و بێ هەست و بێ خۆشەویست و وشكە، لە وەڵامدا پیاوەكە بە ژنەكەی گوت ئەو دەبە ئاوەی دەستت فرێ بدە بۆ سەر شێرە مێینەكە و سەیر بكە بزانە چی ڕوودەدات، لەو كاتەدا كە دەبە ئاوەكەی فرێدا سەر شێرە مێینەكە، شێرە نێرەكە هاوارێكی كرد و نەڕاندی بۆ بەرگری كردن لە شێرە مێینەكە و پاڕاستی، دواتر پیاوەكە بە ژنەكەی گوت هەمان كردار دووبارە بكەوە لەگەڵ مەیمونە مێینەكە ئەوجارە پیاوەكە دەبە ئاوەكەی خۆی دا ژنەكە و گوتی" فرێدە سەر مەیمونە مێینەكە لەو ساتەدا مەیمونە نێرەكە بازی دا و هەڵات چووە سەر لوتكەی دارەكە و مەیمونە مێینەكەی بەجێ هێشت و بەرگری لێ نەكرد، هەر لەوێ پیاوەكە بە ژنەكەی گوت بەو شتانە هەڵمەخەلەتێ كە لە ڕووكەشدایە و بە خۆشەویستی دەڕیدەبڕن. زۆرجاران ئەو دەربڕینانە تەنها ڕوالەتێكی فریودەرانەیە و بەس بۆ كاتێك یان چەند كاتێك كە كەسەكەی پێ فریودەدەن یانیش بۆ فریودانی كەسانی تر تا بتوانێت ئەو خاڵی بوونەی دڵیان لە خۆشەویستی و سۆز بشارنەوە، بەو هەستە ساختانە خەڵك هەڵبخەلەتێنن لە بەرامبەردا كەسانێك هەن لە سەر رێگایەكی جیاواز و زۆر ئارام و بێ دەنگن، بەڵام دڵیان پڕە لە خۆشەویستی پاك و غیرە و سۆز و ئازایەتی و هەستەكانیان دەپارێزن، لە قولایی دڵیان دوور لە ساختەیی و پیاهەڵدان و نمایش كردن. لە ئێستا زۆر كەس دەمامكی فریودەر بە كاردەهێنن، بەڵام ژمارەی ئەو كەسانەی كە خۆشەویستی نەگۆڕی و پاكی و هەڵوێستی شێریان هەیە زۆر كەمترە.
هەمیشە شوێن ئەو شتانە بكەوین كە لە دڵدا هەیە و دوور لە نواندن و نمایش كردن و هەڵخەلەتاندن. هەزارەها قسە و وتەی جوان و بانگەشەی نموونەیی بێ نرخە لە بەرامبەر یەك هەڵوێستی بەرجەستە كراو لە ناخ و ڕەوشت و هەڵسوكەوتە كردارییەكان كە هەموو ڕێگا دوور و درێژ و تەم و مژاوییەكان كورت دەكاتەوە، هەڵوێستەكان ڕاستیەكان نیشان دەدات بەبێ ڕەتوش كردن و جوانكاری و هەڵخەلەتاندن، بۆیە یەك هەڵوێست بەسە بۆ هەزاران وشە و دەربڕینی بێ ناوەڕۆك و بێ گیان.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی