شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: دەوڵەتی عێراق تەنیا بە یەكتر قبوڵكردن و پێكەوە ژیانی ئارەزوومەندانە دەتوانێت مێژووە ڕەشەكەی بسڕێتەوە و مێژووییەكی تازە بۆ خۆی تۆمار بكات
شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە، لە گفتوگۆی ئەمجارەش بەم جۆرە دید و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.
لەم هۆڵەدا گفتوگۆ لەسەر پرسێكی گرنگ دەكەین كە ئەویش «مامەڵەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە»، گرنگیی ئەم گفتوگۆیە لەوەدایە لەلایەنە سەرەكییەكانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت كە حكومەتی ئێستای عێراقی پێك هێناوە و، هەروەها لایەنە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان و دوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی كوردستانیش لەگەڵمان ئامادەن، ئەم فرەییە لە بیروبۆچوون لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، ئەوەمان پیشان دەدات، كە لە هەموو لایەكەوە ئامادەباشی هەیە كە بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەین، كە ئەمە جێگەی گەشبینییەكی زۆرە بۆ ئەوەی نییەتی خێر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە.
هەڵسەنگاندن، یان قسەكردن لەسەر ئەوەی تا چەند حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مامەڵەكردنی بە شێوەیەكی دیپلۆماتییانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە سەركەوتوو بووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا لە ڕووداوەكانی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵ 2024 دەدەمەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی گفتوگۆكانی (بازنەی گفتوگۆ)دا، ڕەوتی ڕووداوەكان بە جۆرێك بوون كە ئەڵقەیەك لەسەر ڕووداوێكی تازە لەگەڵ كۆمەڵێك دەستەبژێر و سیاسەتمەدار و بڕیاربەدەستی عێراق و كوردستان گفتوگۆ بكەین، گەیشتووینەتە ئەوەی ئەمڕۆ گفتوگۆ لەسەر شێوازی مامەڵەكردنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو ڕووداوە گەورانە دەكەین و، ئومێدێك دروست بووە كە هەرێمی كوردستان كێشەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لەلایەك و لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ لە لایەكی دیكە بە گفتوگۆ و دیپلۆماتییەتی بەرز چارەسەر بكات و وەرچەرخانی بەسەردا هێناون و، ئەگەر بە تەواوەتیش چارەسەر نەكرابن، هەموو دەرگاكان كراونەتەوە بۆ ئەوەی بە گفتوگۆی ئاشتییانە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
لە دەستپێكی یەكەمین گفتوگۆی وەرزی سێیەمی بازنەی گفتوگۆ كە لە كانوونی دووەمی ئەمساڵ 2024 بەڕێوە چوو، گفتوگۆمان لەسەر ئەوە كرد كە هەرێمی كوردستان بە ڕۆكێتی بالیستی لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە بە ئامانج گیرابوو، ڕۆژانە بە درۆن و كاتیۆشا هەولێر و فڕۆكەخانەی هەولێر بۆردومان دەكرا، لە دوای ئەوەی لە مانگی شوبات 11 كورسیی كۆتای پێكهاتەكان ڕەت كرانەوە، ئەمەش وەك بە ئامانجگرتنی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی كوردستان لە ناو گێژاوی ململانێی هەرێمی و نیودەوڵەتی و بارودۆخی گڕگرتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بووە هۆكاری ئەوەی كە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەیاننامەیەكی توند بڵاو بكاتەوە و هەموو لایەكی ئاگادار كردەوە، ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوەیە بڕوات، ئەوا بەشداریی هەڵبژاردن ناكات و لە ڕێككەوتنی سیاسیی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكشێتەوە، لە ناو ئەم گێژاوە سیاسییەدا ئەوەی هەستمان پێ دەكرد لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش، ئەوە بوو ململانێی حزبی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بە هیچ شێوەیەك بەرژەوەندیی باڵای هەرێم و گەلی كوردستان نابینێت، بەڵام بە لۆژێكی سەرۆك بارزانی و پەیڕەوكردنی دیپلۆماتییەتی نەرم لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بڕوابوون بە گفتوگۆ لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دروستبوونی تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان حكومەتی هەرێمی و حكومەتی فیدڕاڵی، نەخشە ڕێگە نەك هەر بۆ كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵكو بۆ كێشەكانی عێراق لەگەڵ ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەوروبەر دۆزرانەوە، ئەوەشی كە زۆر جێگەی گەشبینییە ئەوەیە هەر لەم بازنەی گفتوگۆیەدا یەكێك لە سیاسەتمەدارە باڵاكانی عێراق پێی گوتین: «هەرێمی كوردستان ڕۆڵی كاریگەری هەبووە لە ڕێكخستنی ئەو سەردانە سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریكا»، پاشانیش كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەردانی تارانی كرد، لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەیدا سوپاسی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كرد، كە ڕۆڵی كاریگەری لە ڕێكخستنی ئەو سەردانە هەبووە.
لە ئێستادا كە هەموولایەكمان بە كورد و عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە، گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی كە بەبێ سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت و، هەروەها بەبێ سەقامگیری كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا چارەسەر نابن و پەیوەندییەكانی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی ڕیك ناخرێنەوە، تێگەیشن و قەناعەتێكی نیشتمانییانەیە كە پێشتر عێراق وەك دەوڵەت بە خۆیەوە نەبینیووە، ئەگەر لە دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003 ئەم قەناعەت و تێگەیشتنە هەبوایە، كە سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی تكای لە هەموو لایەنە سیاسییە عێراقییەكان دەكرد، «بیر لە ئایندەی ئەم وڵاتە بكەنەوە و دوای ڕابردوو و تۆڵەسەندنەوە مەكەون»، ئەگەر وایان بكردایە، ئەوا 20 ساڵ تەمەنی حوكمڕانیی عێراق بەفیڕۆ نەدەچوو، ئێستا عێراق دەبووە ئەو دەوڵەتەی لە ڕیزی دەوڵەتە پێشكەوتووەكانی جیهان و هاووڵاتیان لە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بێبەش نەدەبوون.
لەم گفتوگۆیەدا ئاماژەیەكی گرنگ خرایە ڕوو، ئەوەش ئەوە بوو لە ئایندەیەكی نزیكدا ئاستی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانییەكانی (سیادە و تەقەدوم و عەزم) دەچنە قۆناغێكی دیكە و، سەردانی شاندەكان لەسەر ئاستی زۆر بەرز بۆ لای یەكتری و بۆ گفتوگۆی جددی و پێكەوە كاركردن دەبێت و پێكەوە چارەسەری كێشەكان دەكەن، ئاماژەی گرنگن و مەغزای قووڵی سیاسەت و ستراتیژیەتێكی تازەی بۆ دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق لێ دەخوێندرێتەوە، كە زیاتر لە 30 ساڵە سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر دەكاتەوە، دەوڵەتی عێراق تەنیا بە یەكتر قبووڵكردن و پێكەوە ژیانی ئارەزوومەندانە دەتوانێت مێژووە ڕەشەكەی بسڕێتەوە و مێژووییەكی تازە بۆ خۆی تۆمار بكات.