فاهیك كەمال سوغومون لە پێكهاتەی ئەرمەنی و ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:   هەڵویستی سەرۆك بارزانی وەكو خەمخۆر و داكۆكیكاری هەموو پێهكاتەكان لە مێژوودا بە قەڵەمی زێڕین تۆمار دەكرێت

فاهیك كەمال سوغومون  لە پێكهاتەی ئەرمەنی و ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:     هەڵویستی سەرۆك بارزانی وەكو خەمخۆر و داكۆكیكاری هەموو پێهكاتەكان لە مێژوودا بە قەڵەمی زێڕین تۆمار دەكرێت

 

 

بۆ ئەوەی بزانین هۆكار چی بوو كە كورسیی كۆتا بووە خاڵی ناكۆك و ململانێ لە ناو پەرلەمان و تانە و سكاڵای لەسەر تۆماركرا و، پێكهاتەكان چۆن تەماشای هەڵویستی سەرۆك بارزانی و پارتی دەكەن، لەوەی قبووڵیان نەبوو هەڵبژاردن بەبێ پێكهاتەكان بكرێت، هاوكات ئەو تانە و سكاڵایەی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە دادگای فیدڕاڵی تۆماری كرد، تا چەند بۆ پێكهاتەكان گرنگ بوو و هەڵویستیان بەرانبەری چییە، ئەوانە و چەندین پرسیاری دیكە، بوونە تەوەری دیداری گۆڤاری گوڵان لەگەڵ فاهیك كەمال سوغومون لە پێكهاتەی ئەرمەنی و ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.

 

* بۆچی كورسیی كۆتاكان بووە خاڵی ناكۆكی لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا، وەك ئەوەی پەرلەمانتاری ئەو خولەی پەرلەمانی كوردستان بوویت، وەكو كورسیی كۆتاكان لەسەر پشكی پێكهاتەی ئەرمەنی، ئەو هۆكارانە چی بوون كە لایەنێكی سیاسیی كوردی دژی كورسیی كۆتاكان پرسەكەی بردە دادگای فیدڕاڵیی عێراق؟ ئایا ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی تا چەند مەترسی لەسەر پێكەوەژیان لە كوردستان دروست دەكات؟

- بە بۆچوونی من هۆكاری سەرەكیی خاڵی ناكۆك لەناو پەرلەماندا لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەتی لەنێوان یەكێتی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ نزیكبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، كە لایەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەندێ لایەنی دیكە نەیاندەویست هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، چونكە دەیانزانی لەو هەڵبژاردنەدا زۆر دەنگیان لە دەست دەدەن و سەركەوتوو نابن و فەشەل دەهێنن، لە بەرانبەردا بە پێچەوانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگری و جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە هەر دەبێت پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی شەشەم لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویست بوو لە پەرلەماندا ئەنجومەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی كوردستان كارا بكرێت، بۆ ئەو ئامانجەش لە دوا كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا بە دەنگی (57) پەرلەمانتار كۆمیسیۆن كارا كرایەوە، تاوەكو هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆی ئەنجام بدرێت، بەڵام پاشان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەستا بە تۆماركردنی تانە و سكاڵایەك لە دادگای فیدڕاڵیی عێراقدا، بەتایبەتی لەسەر كورسیی كۆتاكان و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، سەرئەنجام دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دا كە كورسیی كۆتا نەمێنێت و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە (111) ئەندامەوە بكرێتە (100) ئەندام، بێگومان ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی پێش هەموو شتێك دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان بوو و بڕیارێكی سیاسی و نادەستووری بوو، چونكە ئەو بڕیارە بە لابردنی كورسیی كۆتاكان كە نوێنەری پێكهاتەكانن، دژی پڕۆسەی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستاندا، چونكە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا دوو ماددەی یاسایی هەیە كە پەیوەندیی بە قەوارەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، كە یەكێكیان دەڵێت (قەوارەی هەرێمی كوردستان پارێزراوە بە هەموو یاسایەكی خۆی) بۆ نموونە كورسیی كۆتا بە یاسا لە پەرلەمانی كوردستان ڕێك خراوە و لابردنیان بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی پێشێلكارییە بەرانبەر یاسای هەرێمی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە دادگای فیدڕاڵی لێرەدا خۆی خستووەتە جێگەی پەرلەمان و یاسادانان، ئەمەش ناكرێت و نایاسایی و نادەستوورییە. بە تەئكید لابردنی كورسیی كۆتاكان كاریگەریی زۆر مەترسیداری لەسەر ئەو پێكەوەژیانە جوان و سەركەوتووە بەرجەستەیەی هەرێمی كوردستان هەیە.

* وەكو ئاماژەت پێ كرد، ئەم بڕیارە لە سەرەتادا لەسەر تانەیەك، یان سكاڵایەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دراوە دژی پێكهاتەكان، ئایا نەمانی كورسیی كۆتاكان چ سوودێك بە یەكێتی و حزبە كوردستانییەكانی دیكە دەگەیەنێت؟

- ئەم بڕیارە نەك هیچ سوودێكی بۆ یەكێتی و حزبە كوردستانییەكانی دیكە نییە، بەڵكو هەموو لایەن و حزبەكان تێدا زەرەرمەند دەبن، چونكە وەكو ئاماژەم پێ دا، لە سەرەتادا نەمانی نوێنەری پێكهاتەكانی كوردستان كە نەتەوە و ئایین و ئایینزای ڕەسەنی هەرێمی كوردستانن، لە پەرلەماندا بێبەش دەبن لە دانان و گفتوگۆكردن لە یاساداناندا و، كاریگەرییەكی ڕاستەخۆ و مەترسیداریشی لەسەر مێژووی پێكەوەژیانی باشووری كوردستان دەبێت، لە لایەكی دیكەوە نەمانی كورسیی پێكهاتەكان دژی پڕۆسەی دیموكراتی و ئازادی و بەرژەوەندییەكانی هەموومانە لە هەرێمی كوردستاندا، ئێمە باش دەزانین و بۆمان ڕوون بووەتەوە كە هەندێ لایەن بە نەمان و لابردنی كورسیی پێهكاتەكان زۆر دڵخۆشن، ئەمەش ئەوەی بۆمان دەرخست كە ئەو لایەنانە دژی پێكەوەژیانی جوان و سەركەوتووی هەرێمی كوردستانن، كە سەدان ساڵە لە كوردستان هەیە و ئومید دەخوازین و لە خودا دەپاڕێینەوە ئەو لایەنە كوردستانییە سەركەوتوو نەبێت و ئەو پێكەوەژیانەی كوردستان بە هیممەت و پاڵپشتیی جەنابی سەرۆك بارزانی هەر بمێنێت و زیاتر گەشە بكات و سەركەوتوو بێت.

* لەناو تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا تەنیا سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی توندیان لەسەر ڕەتكردنەوەی كورسیی كۆتاكان وەرگرت و ڕایانگەیاند، ئەگەر كورسیی كۆتاكان نەمێنن، ئەوا پارتییش بەشداریی هەڵبژاردنەكان ناكات و بایكۆتی دەكات. ئێوە چۆن سەیری ئەم هەڵوێست و پشتگیرییەی سەرۆك بارزانی دەكەن؟

- ئێمە وەكو پێكهاتە زۆر سوپاس و ستایشی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەین بۆ ئەو هەڵویستە بەرز و شكۆدارەی، كە لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە نەهێشتنی كورسیی پێكهاتەكان، جەنابیان زۆر بە ڕوون و ئاشكرا هەڵویستی وەرگرت و بە فەرمی ڕایگەیاند كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە هیچ جۆرێك بەبێ بەشداریی كۆتاكان ناكرێت و، وەكو پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەبێ كوتاكان كە نوێنەری ڕاستەقینەی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانن، بەشداریی هەڵبژاردن ناكەین و بایكۆتی ڕاگەیاند. بێگومان جەنابی مسعود بارزانی سەرۆك و مەرجەعی گەلی كوردستانە و چەندین هەڵویستی هەیە جگە لەوەی لەبیری ناكەین، هاوكات لە دیرۆك و مێژووی كوردستان و ناوچەكە و جیهانیشدا بە قەڵەمی زێڕ دەنووسرێتەوە، چونكە لە هەموو كات و پرسێكدا هەڵویست و بڕیارەكانی سەرۆك بارزانی لە هەموو عێراق و ناوچەكەدا حیسابی تایبەتی بۆ دەكرێت و دەبێتە جێگەی گفتوگۆ و دەردەشە، هەر بە نموونە لە نووسینەوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵدا لە سایەی بەرگری و داكۆكیی جەنابیاندا ماف و بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق و كوردستان لە دەستووردا جێگیر كراوە. لەلایەكی دیكەوە ئەو هەڵویستە جوان و بەرهەمدارەی پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەر سەرچاوە لەو بڕیار و پەیام و هەڵویستانەی ڕێزدار سەرۆك مسعود بارزانی وەردەگرێت.

* پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهاتەكان زۆرینەن لە پەرلەمانی كوردستان، ئایا چی وای كردووە كە ئێوە وەكو پێهكاتەكان وا تەماشا بكرێن كە ڕا و بۆچوونتان لە ناو پەرلەماندا لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە؟

- وەكو ئاماژەمان پێدا، بارزانی و پارتی لە هەموو پرس و كارێكدا هاوكار و پاڵپشت و داكۆكیكار بوون بۆ ئێمە، ئەمەش وای كردووە كە پێكهاتەكان بەتایبەتی ئەوانەی كورسیمان لە پەرلەمان هەبووە، هاوپەیمان بین لەگەڵ پارتی و لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی لەناو هۆڵی پەرلەماندا، بەتایبەتی لەو گفتوگۆ و پڕۆژە و یاسایانەدا كە لە پێنا و بەرژەوەندیی هەموو گەلی كوردستاندا بووە، هاوپەیمانییش وایە كە دەبێت هەموو بەشداربوو و لایەنەكان پابەندی بەرژەوەندیی گشتیی ئەو كۆمەڵگە و وڵاتە بن، لەو لایەنەشەوە هەندێ لایەن و حزبی دیكەی كوردستانی بە هەڵە لە بابەت و هاوپەیمانییەكە گەیشتوون، هەر ئەمەشە بووە ململانێی سیاسی و ئەو دەرئەنجامەی كە تا ئێستا هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدات، ئەگینا لە زۆر یاسا و گفتوگۆی پڕۆژەكاندا جیاوازی و سەرنج و تێڕوانینی خۆمان وەكو پێكهاتەكان هەبووە.

* ئایا تانە یان سكاڵاكەی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لەسەر گەڕانەوەی كورسیی كۆتاكان و چۆنیەتیی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بەتایبەتی لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن و تا چەند گرنگیی خۆی هەبوو لە گەڕانەوەی پێنج كورسیی كۆتاكان بۆ پەرلەمانی كوردستان لە چوار چێوەی سەد كورسییەكەدا؟

- لە دوای هەوڵ و تێكۆشانی زۆری جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و پاشان هەوڵ و هەڵوێستی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان، كە لە ڕێگەی تانە و شكایەتێكەوە بۆ گەڕانەوەی كورسیی كۆتاكان و چەند پرسێكی دیكە لە دادگای فیدڕاڵی تۆماری كرد، لە دەرئەنجامدا لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا بڕیار درا كە پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان بگەڕێتەوە، كە لە چوارچێوەی ئەو سەد كورسییەی پەرلەمانی كوردستاندا بێت و كورسییەكانیش بەو شێوەیە دابەش بكرێت (یەك كورسیی مەسیحی + یەك كورسیی توركمان / پارێزگای سلێمانی) و (یەك كورسیی مەسیحی + یەك كورسیی توركمان / پارێزگای هەولێر) و (یەك كورسیی مەسیحی لە پارێزگای دهۆك)، بەڵام ئێمە هەر لە دەستپێكی ئەو بڕیارەدا گەڕانەوەی ئەو پێنج كورسییەمان بۆ پێكهاتەكان بە ژمارەیەكی كەم زانی و دابەشكردنی ئەو پێنج كورسییەش بەو شێوەیە، نادادپەروەریی زۆر و ئاشكرای تێدایە، هەر بۆیە ئێمە لەسەر بڕیاری ژمارە (2)ی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، دەبینین گلەیی و ستەمێكی گەورە دەرهەق بە كورسیی ئێمەی ئەرمەن كراوە، چونكە پێكهاتەی ئەرمەنی لە هەرێمی كوردستان بە یاسا كۆرسییەكی كۆتایی بۆ تەرخان كراوە، بەڵام بەو بڕیارەی ژمارە (2)ی ئەنجومەنی دادوەریی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق ئەو كورسییەی ئەرمەنەكان لەسەر سینییەكی زێڕین پێشكەش بە كریستیانەكانی دهۆك كراوە، واتە ئێمە كورسیی كۆتای خۆمان هەبوو، بەو بڕیارە لێیان وەرگرتینەوە. هەر بۆیە ئێمە وەكو پێكهاتەی ئەرمەنی مەحاڵە بەو دابەشكردنە نادادپەروەرییە ڕازی بین، بەڵكو تەئكید دەكەمەوە ئەمە غەدر و ستەمێكی زۆر گەورەیە دەرهەق بە ئێمەی ئەرمەنی لە هەرێمی كوردستان كراوە. هەر بۆیە ئێمە وەكو پێكهاتەی ئەرمەنی تانە و سكاڵای خۆمان لەو بڕیارە داوە و چاوەڕێین وەڵام و دەرئەنجامەكەی بە دڵی ئێمە و یاسای پەرلەمانی كوردستان بێت، ئەگەر بەو پێیەش بمێنێت كە بڕیاری ژمارە (2) دەستنیشانی كردووە، ئەوە ئێمە وەكو ئەرمەنی بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەین و تاوەكو مافی و كورسیی ئێمە وەكو ئەرمەنی دەگەڕێتەوە، چونكە كورسیی كۆتای پێكهاتەی ئەرمەنی سەربەخۆ بووە و بە دەنگ و یاسای پەرلەمانی كوردستان هاتووەتەدی.

Top