چۆن تەمەن كاریگەری دەكاتە سەر پێیەكان؟
تەمەن كاریگەری دەكاتە سەر نزیكەی هەموو بەشەكانی لەش، كە پێیەكانیش دەگرێتەوە. لەگەڵ تەمەندا، چەند گۆڕانێكی فسیۆلۆژی لە ئێسك، جومگەكان، لەگەڵ ژێیەكاندا ڕوو دەدەن، كە كاریگەری دەكەنە سەر فرمانی ئەم پێكهاتانە. باوترین گرفتەكانی پێ كە پەیوەستن بە تەمەنەوە، بریتین لە: وشكبوونی پێست، بەتایبەتی لە پێستی ژێرەوەی پێیەكاندا، كە لەوانەیە پێویست بە چەوركردنی ڕۆژانە بكات بۆ ڕێگرتن لە قڵیشان و هەوكردن، تەختبوونی پێیەكان Flat feet لەبەر كشانی بەستەرەكان و كەمبوونەوەی بەرزیی كەوانەی پێ، كە دەبێتە هۆی ئازار لە ناوەڕاستی پێیەكاندا، كە زۆر جار هاوكات دەبێت لەگەڵ ئاوسانی لای ژوورەوەی گۆزرینگ و كەوانەی پێ، كورتبوونی ژێی پاشنەی پێ Achilles tendon كە ماسوولكەی قاچ بە ئێسكی پاشنەی پێ دەبەستێتەوە لەبەر كەمبوونەوەی ئاو لە شانەكانیدا، كە هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی توانای چەماندەنەوەی پێیەكان، چەمانەوەی نا ئاسایی جومگەی پەنجەیەك یان زیاتر، كە ئەگەر چارەسەر نەكرێت، ئەوا دەبێتە گۆڕانێكی هەمیشەیی، گۆڕان لە نینۆكی پەنجەكانی پێ بە شێوەی ئەستووربوون و ناسكبوون لەگەڵ گۆڕانی ڕەنگ لەبەر سستبوونی گەشەكردنیان لە ئەنجامی كەمیی هۆرمۆنەكان، كە پەیوەستە بە تەمەنەوە، هەوكردنی جومگەی گۆزرینك و جومگەی ژێر گۆزرینگ و یەكەم جومگەی پەنجەی گەورەی پێ، هەروەها گرفتەكانی پەیوەست بە هاتووچۆی خوێن لە پێیەكاندا كە هۆكارن بۆ ئاوسانی پێیەكان لە بەساڵاچوواندا، كە لەوانەیە لە ئەنجامی نەخۆشی بێت، وەكو: پەككەوتنی دڵ، نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە، مۆمبوونی جگەر یان كەمبوونەوەی توانای خوێنهێنەرەكانی قاچەكان.