هاووڵاتیان خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ سۆشیال میدیا و بەتایبەتی بۆ «تیك تۆك» هەیە   «خێزان و ماڵباتەكان دەبێ وردتر و وشیارتر پەروەردەی منداڵەكانیان بكەن و ڕۆژانە لانیكەم بە ڤۆیس مەسجێك ئامۆژگاریی ڕۆڵەكانیان بكەن»

هاووڵاتیان خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ سۆشیال میدیا و بەتایبەتی بۆ «تیك تۆك» هەیە     «خێزان و ماڵباتەكان دەبێ وردتر و وشیارتر پەروەردەی منداڵەكانیان بكەن و ڕۆژانە لانیكەم بە ڤۆیس مەسجێك ئامۆژگاریی ڕۆڵەكانیان بكەن»

 

 

 

لەگەڵ گۆڕانكارییە خێراكانی سەردەم و پەرەسەندنی تەكنەلۆژیا، جیهان وەرچەرخانێكی گەورەی بەخۆیەوە بینی، هەرێمی كوردستانیش بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ دانەڕێژراو، خزایە نێو دنیای سۆشیال میدیا و هەر دوو ڕووی ئەرێنی و نەرێنیی ئەو جیهانە ڕووبەڕوومان بوونەوە. بەڵام دەگوترێت «ئەمڕۆ ئەپی (تیك تۆك) مەترسییەكی گەورەی خستووەتە ناو خێزانەكان و هۆكارێكە بۆ تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵگەی كوردی»، جگە لە لایڤ و چاڵنجەكان، مۆدێلەكانیش هەر ڕۆژەی بە بەرگ و ڕووخسار و شێوازێكی نامۆ، بە هۆی لاساییكردنەوە، بەشێكی ئافرەتان لە ڕێگەی نەشتەرگەریی جوانكاریی خۆیان تووشی چەندان مەترسی دەكەن. بەشێكی پیاوانیش زۆر جار گیرۆدەی ئەو سەرلێشێواوییە دەبن. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان لە ڕووی شەرع و پەروەردەییەوە خوێندنەوەی هەمەلایەن بۆ ئەو پرسە دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«تیك تۆك»، ئەپێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە و لەلایەن كۆمپانیای «بایتدانس»ی چینییەوە لە ساڵی ٢٠١٦ دروست كراوە. ئەپەكە بە ٤٠ زمانی جیهان بەردەستە و بەكارهێنەرانی لە ڕێگای ڤیدیۆوە بۆچوون و هەستەكانی خۆیان دەردەبڕن، كە ماوەی هەر ڤیدیۆیەك لەنێوان ١٥ چركە تا 30 خولەك دەبێت.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 13\3|2024، بە 352 دەنگی (بەڵێ)‌ بەرانبەر بە 65 دەنگی (نەخێر‌)، پڕۆژە یاسای قەدەغەكردنی تیكتۆكی پەسند كرد.

مامۆستا ڕەعــد نـووری ئـۆمـەربلـی، بەڕێوەبەری ڕێنمایی و توێژینەوەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «لە كۆمەڵگەی كوردستان و زۆر شوێنی دیكە، پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا خەراپ بەكاردێت. هاوكات دەڵێت: «دیارە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ تەواوی كار و كردەوە و ئاخاوتن ڕێوشوێنی بۆ دیاری كردووین، بەڵام سۆشیال میدیا بەتایبەتی تێك تۆك و سناپ و فەیسبووك و هەندێكی دیكە و زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە جیاتی سوود و قازانجی بۆ تاك و كۆمەڵگە، بوونەتە جێگای مەترسی و سەرچاوەی ئاژاوە و كوشتن و جیابوونەوە و چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا هێناوە، واتە بەشێكی تێك تۆك بووەتە شوێنی سووكایەتی و جنێودان و سووككردنی كەسی بەرانبەر بە تەحەددیكردنی یەكتری، تەنیا بۆ ئەوەی لەلایەن هەوادار و بینەرەكانیان پارە بەدەست بێنن». گوتیشی: «وەكو دیارە لە ئێستادا ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران زۆر زیاد بووە و هۆكاری سەرەكیشی سۆشیال میدیا و تێك تۆك و سناپ چات و ئەو شتانەیە». خراپ بەكارهێنانی سۆشیال میدیاشی كە بووەتە مایەی كێشە و سەرئێشە بۆ تاك و كۆمەڵگە بەو چەند خاڵە دەستنیشان كرد:

1.  سووكایەتیكردن بە یەكتری و جنێودان :

خودای گەورە دەفەرموێت: (وَيْلٌ لِكُلِّ هُمَزَةٍ لُمَزَةٍ). واتە: دۆڵی وەیلی دۆزەخ بۆ ئەو كەسانەیە كە ناو وناتۆرە و گاڵتە بە یەكتری دەكەن .

پێغەمبەری سەروەر دەفەرموێت: (سباب المسلم فسوق وقتاله كفر)، واتە: جنێو و سووكایەتی بە موسڵمانان فاسقییە و شەڕكردن و كوشتنیان كوفرە. بەداخەوە كە ئەم ڕەفتارە زۆر باو بووە و منداڵی بچووك لاساییان دەكەنەوە، بێ ئەوەی هەست بكەن كە ئەمە كارێكی خراپە و دوورە لە ئادابی كۆمەڵایەتی.

2.  تەحەددیكردن لەسەر ئەوەی سزا بۆ یەكتری دابنێن :

یەكێك لە كارە هەرە ناشیرینەكان ئەوەیە كە دوو كەس، یان زیاتر لایڤی تێك تۆك دەكەنەوە بۆ ئەوەی بینەریان زیاتر بێت و لایك و كۆمێنت و پۆینتیان بۆ بێت و تەحەددی یەكتری دەكەن، بۆ ئەوەی كەسی براوە هەر جۆرە سزایەك دیاری بكات، كەسی بەرانبەر جێبەجێی بكات. هەندێك لەو كارە قێزەونانە ئەمانەن : (خۆ ڕووتكردنەوە، سەر و ڕیش و سمێل و بڕۆ تراشین، یان شێواندنی، خواردنی بیبەر و تێكدانی شێوەی ڕوومەتی بە ئارد و هێلكە و هیتر، تەقڵەلێدان و خۆ قووچكردنەوە و هاواركردن و لاساییكردنەوەی ئاژەڵ و...هتد)، كە ئەمانەش هەموی لە ڕێز و شكۆی تاكی مرۆڤ دێنێتە خوارەوە و لە ناو خەڵكی بە چاوی سووك تەماشا دەكرێن. بۆیە كەسێك بەم شێوانە بێ بە شەهیدیش، قەبووڵ ناكرێت .

3. شانازیكردن بە جیابوونەوە و بانگەوازیشی بۆ دەكەن :

لە هەندێك چاوپێكەوتن و لایڤدا لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، هەیە شانازی دەكات كە لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە و بە شتێكی نۆرماڵی دادەنێت و باس لە ئازادی دەكات، نازانێت كە ژن و پیاو، ئەوكات جوانن كە هاوسەردار بن. پێغەمبەرمان ( د.خ ) دەفەرموێت: (أبغض الحلال عند الله الطلاق). واتە : ئەو حەڵاڵەی كە خودای گەورە ڕقی لێ دەبێتەوە».

ئەو كەسایەتییە ئایینییە نیگەرانیی خۆی لەوە دەربڕی كە «زۆر كەس بە هەندێك وشەی ناشیرین و دوور لە ڕەوشتی كۆمەڵایەتی ڕێكلام بۆ كاڵاكانیان دەكەن .یان بۆ بەدەستهێنانی پۆینت و كۆمێنت و بەدەستهێنانی نازناو، سووكایەتی بە هاوسەر و منداڵەكانی خۆیان و تەنانەت سووكایەتی و بێڕێزی بەرانبەر بە دایك و باوكیشیان دەكەن». گوتیشی: «بەداخەوە لە سۆشیال میدیا هیچ لە بەها جوان و ئەخلاقییەكان نەماون و تەنانەت سووكایەتی بە هەمو پیرۆزییەكان سەركردە مێژووییەكانی نەتەوەش دەكرێت و گەنجان وا فێر دەكەن كە خۆشەویستییان بۆ خاك و وڵاتیان نەبێت. بۆیە لێرەوە داواكارم لە لایەنی پەیوەندیدار، سزا و یاسای توند دەربكەن و هەموو ئەو كەسانە ڕووبەڕووی یاسا بكەنەوە، كە بەها جوانەكانی كۆمەڵگە تێك دەدەن» .

عیسا بۆتانی، نووسەری پەروەردەییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «كاتێك كە كورد لە نوێوە ئاشنایی لەگەڵ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروست دەكرد، توێژەران و كۆمەڵناسان و شارەزایان و نووسەران سەرەڕای ڕاڤەكردنی ئەو بارودۆخە نوێیە و كاردانەوە خراپەكانی، بە ئومێدەوە باسیان لەوە دەكرد كە هەموو داهێنانێكی نوێ لە سەرەتادا كێشە بۆ بەكارهێنەرانی دروست دەكات و بە هەڵە بەكاری دەهێنن. وەكو ئەوەی دوای دەست و پەنجە نەرمكردن لەگەڵی و ڕاهاتن و ئەزموونكردنی، ئەوا خەڵكی وشیارتر مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن و وردە وردە دەتوانن بەسەر لایەنە نەرێنییەكانیدا زاڵ بن. ئەو بۆچوونە كاتێك ڕاستە، ئەگەر داهێنانەكان لە خاڵێكدا بوەستن و ڕۆژانە داهێنەكان (ماڵپەڕ و پێگە و ئاپەكانی سۆشیاڵ میدیا) وەكو نموونە ئەپدەیت نەكرێنەوە و بەپێی خواست و خولیا و ناسینی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نوێكاری و تایبەتمەندییان بۆ زیاد نەكرێت» . گوتیشی: «مەبەستی دروستكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن كۆمپانیاكانەوە تەنیا قازانجی دارایی و كۆكردنەوەی پارەیە، بۆیە ئەو كۆمپانیایانە وەكو هەر كاڵایەكی بازرگانی بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان بەرهەمەكانیان زیاتڕ بە بازاڕ بكەن و سەرنجی خەڵكی ڕاكێشن بۆ ئەوەی زۆرترین كڕیاری بۆ بدۆزنەوە و فرۆشی زۆرتریان هەبێت، بۆیە لە جیاتی بازاڕی ئاسایی، بازاڕی ئەلیكترۆنی سەری هەڵدا. كە دەڵێین (بازاڕ و مامەڵەی دارایی) واتا بوارێك كە پەیوەستە بە ژیانی هەموو مرۆڤێكەوە، لە بچووكەوە تاكو گەورە و لە خوێندەوارەوە تاكو نەخوێندەوار و بە ژن و پیاوەوە، هەمووان ناچارن لەو بازاڕەدا بەدوای هەلی كاردا بگەڕێن و هەر لەو بازاڕەدا كار بكەن و پێداویستییەكانیان و كرێ و ڕۆژانەیان بەدەست بێنن. لە ئێستادا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەوە دەرچووە تەنیا هۆكارەكانی دروستكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بن، وەكو ئەوەی ناویان لێ نراوە. لە داهاتووشدا سۆشیاڵ میدیا تەواوی دنیای مرۆڤایەتی پێكدەهێنێت و بەردەوام لە گەشەسەندن و برەوی زیاتردا دەبێت، بۆ ئەوەی دەست بەسەر تەواوی ژیانی ئاسایی و تەقلیدی مرۆڤدا بگرێت».

ئەو نووسەری پەروەردەییە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «سۆشیال میدیا گۆڕدرا بۆ دامودەزگا و دامەزراوە و فەرمانگە و كۆمپانیا و تەواوی ئیزگە و ڕۆژنامە و میدیا و تەلەڤزیۆن و گۆڤارەكانی هەڵتەكاندووە و خەڵك و خوێنەرانی لە بەردەم ڕەفەی فرۆشتنی ڕۆژنامەكان و گۆڤارەكان و شاشەی تیڤیەكان و سەماعەی ڕادیۆكان هەڵەتە كردووە. بازاڕ و قەیسەری و چێشتخانەكان خەریكە دەگۆڕدرێن و لە جووڵە دەكەون و ماتۆڕسیكلێك بەسە بۆ ئەوەی دوای مەسجێك و داواكردنی پیتزایەك، یان پانتۆڵ و شووشە عەترێك و كاڵاكان بگەیەنێتە بەر دەرگای ماڵەكان.» گوتیشی: «ئەو دەردە كوشندەیە هەموو بوار و پیشەكانی گرتووەتەوە و دەیگرێتەوە، تاكو دەگاتە قوتابخانە‌ و شوێنی فێركردن و پێگەیاندنی نەوەكان. هەر هەمووی لەسەر بنەمای قازانج و كۆكردنەوەی پارە و سەرمایەیە و دواجار لەسەر حیسابی هەڵوەشاندنەوە و لەبەینبردنی ئەو ژیانەیە كە مرۆڤ بە درێژایی مێژوو لەسەری ڕاهاتووە. بوونی قوتابخانەو هۆبەكانی خوێندنی ئەلیكترۆنی بووە بە بەشێك لەو پلان و بەرنامە نوێگەرییەی بازاڕی ئەلیكترۆنی و كاتێك دەگوترێت بازاڕ، واتا شوێنێك كە سۆز و عاتیفە تێدا جێی نابێتەوە و بیركردنەوە لە قازانج و بەدەستهێنانی پارە باڵی بەسەردا كێشاوە‌. سۆشیاڵ میدیا ئیتر بووەتە تەواوی دنیای مرۆڤ و ئەستەمە دەستی لێ هەڵبگیرێ. دەزگاكانی میدیایە و سەرچاوەی بیستنی هەواڵە، ئەلبوومی وێنە و ڕادیۆ و تیڤییە. چایخانە و شوێنی یاری و بینینی هاوڕێیە. فەرمانگەی حكومەتە و كاروباری فەرمی تێدا ڕایی دەكرێ. پەرتووكخانەیە و سەرچاوەی زانیاریی باش و خراپە. قوتابخانەیەكی گەڕۆكە. كامێرای چاودێریی نێو ژووری خەوتنی خێزانەكانە. مزگەوت و كڵێسایە. باخچە و حەمامە. ژووری میوان و مەتبەخ. هەموو ئەو شتانەیە كە لە دنیای مرۆڤدا هەبوون. مرۆڤ هەیە تاكو دەمرێ بنكەی پۆلیس و ژووری زیندان نابینێ و هی وا هەیە مانگانە پەلكێشی ئەوێ دەكرێ. دواجار ئەوەی پێویستە لەو دنیایەدا بگوترێ، ئەوەیە كە خێزان و ماڵباتەكان دەبێ وردتر و وشیارتر پەروەردەی منداڵەكانیان بكەن و هەرنەبێ ڕۆژانە بە ڤۆیس مەسجێك ئامۆژگاریی ڕۆڵەكانیان بكەن».

 

Top