لە پێشوازیی جەژنی پیرۆزی قورباندا زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بەسەر ئازیزان(منداڵانی بێباوك)دا دابەش دەكرێت
لە جێبهجێكردنی پڕۆژەیەكدا، كە هاوكاتە لەگەڵ پێشوازیی لە جەژنی قوربانی پیرۆز، دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) بە هاوبەشیی مانگی سووری ئیماراتی و خێرومەندانی ناوخۆی كوردستان، بڕی(4،575،145) دۆلار بە سەر منداڵانی ئازیز (بێباوك) لە هەرێمی كوردستان و عێراق دابەش دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئەحمەد ئەلزاهیری كونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان، رۆژی 2ی6ی2024 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەیی پڕۆژەی دابەشكردنی مووچەی ئازیزان راگەیەندرا.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان، سەرەتا باسی ئەوەی كرد، كە پڕۆژەیەكی وا گەورە و ئاوڕدانەوە لە منداڵانی ئازیز(بێباوك) جێی شانازیی هەموو خەڵكی كوردستانە و بەتایبەتی مایەی شانازییە بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە توانیویەتی ئیدارەی ئەو پڕۆژە گەورەیە بكات. گوتیشی: «جەنابی سەرۆك بارزانی لە دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئێمەی راسپاردووە، كە پردێك بین لە نێوان خەڵكی خێرومەند و وڵاتانی هاریكاریبەخش و خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت، ئێمەش هەموو توانای خۆمان بەكار هێناوە، كە ئەو پردە متمانە پێكراوە بین و بە خۆشحاڵییەوە ساڵ بە ساڵ، پڕۆژەكانی هاوبەشمان لەگەڵ وڵاتانی هاریكاریبەخش و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كۆمپانیا و سەرمایەدارانی كوردستان زیاتر دەبێت».
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئهوهشی ڕاگهیاند كه ساڵانە هەوڵیان داوە، جەژن و بۆنە تایبەتییەكان تێكەڵ بە پڕۆژە و كارە خزمەتگوزارییەكانیان بكەن. ههر لهو بارهیهوه گوتی: «بە بۆنەی نزیكبوونەوە لە جەژنی قوربانی پیرۆز، دەزگای خێرخوازیی بارزانی درێژە بەو پڕۆژە گەورە و فراوانە دەدات، كە پڕۆژەی ئازیزانی كوردستانە و لە ساڵی 2012ـەوە ئەو پڕۆژەیە بە سەرپەرشتیی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستی پێكردووە. سەرەتا لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی ئەو پڕۆژەیەمان راگەیاند، كە بە خۆشحاڵییەكی زۆرەوە توانرا، لەگەڵ كۆمپانیاكانی كوردستانیش ئەم پڕۆژەیە درێژەی پێبدەین، كە ئێستا جگە لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پەلوپۆی هاویشتووە بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان و پارێزگاكانی عێراقیش، هەروەها جەنابی كاك مەسرور بارزانی خوازیاری ئەوە بوو، كە هەموو منداڵێكی ئازیز لەو پڕۆژەیە سوودمەند بێت».
لهلای خۆیهوه ئەحمەد ئەلزاهیری كونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای لێدوانەكەیدا، پاش بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە كرد، كە «وڵاتی ئیماراتی عەرەبی لەم پڕۆژە مرۆییە گەورەیە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ناوی ناوە(ئازیزان)، بەردەوام دەبێت». گوتیشی: «ئەمڕۆ ئامادەبوونمان لێرە، نیشانەی بەردەوامیمانە لە پاڵ برایانمان لە ئاوارە و پەنابەران و هەروەها چینەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان وەكوو ئازیزان و هەوڵیش دەدەین، لە ساڵانی داهاتوو ئەو بڕە پارەیە زیاد بكەین، بۆ ئەوەی زۆرترین منداڵی بێباوك و ئازیز لەخۆ بگرێت. هیوادارین دوای دەرچوونیان لە خوێندن و دامەزراندنیان، بەرەوپێشچوونیان لە هەموو لایەنێكەوە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ببن بە كەسانێك كە داهاتوویەكی باشیان لە هەرێمی كوردستان هەبێت».
كونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان، ئەوەشی راگەیاند كە لە ماوەی ساڵانی داهاتووشدا پرۆژەی هاوبەشیان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەبێت، چ لە رووی گەشەپێدان، یان مرۆیی، گوتیشی: «ئێمە هاوبەشێكی ستراتیژین لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هاریكاریی مرۆیی. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەم، بۆ هەوڵ و كۆششی لە ئیدارەكردنی كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەر، ئەمانەش هەوڵێكن لەوانەیە كەسانێك پێی نەزانن، بەڵام ئێمە بە هۆی كاركردنی مانگی سووری ئیماراتی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كاریگەریی ئەو هاوكارییانە دەبینین لەسەر خزمەتكردنی چینێك كە پێویستی بە چاودێری و پاڵپشتی هەیە».
هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەییەدا، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پڕۆژەكەی بە پڕۆژەیەكی «گشتگیر، جۆری، پەروەردەیی و زۆر كاریگەر» لە قەڵەم دا، جەختی لەوەش كردەوە، كە چەندین ناوەندی جیهانی توێژینەوەیان لەسەر ئەو پڕۆژەیەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كردووە. بەتایبەتی كە ژمارەی منداڵانی ئازیز زۆرن و بایەخی تەواویش بە خوێندنیان دراوە. یەكێك لە مەرجەكانی سوودمەندیش ئەوەیە بخوێنێت و لە خوێندن بەردەوام بێت. دواتر تیشكی خستە سەر وردەكاریی پڕۆژەكە كە لە چەند رۆژی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچەی ئازیزان دەكرێت و شوێن و بڕی پارە و ژمارەی ئازیزانی سوودمەندبووی بەمجۆرە خستەڕوو: