خەونى پەراوێز خستنى کوردستان بوو بەمێژوو

خەونى پەراوێز خستنى کوردستان بوو بەمێژوو

لەسەڕەتاوە دەمهەوێت ئاماژە بەو راستییە مێژووییە بکەم کە ، خەبات و بەرخودانى گەلى کورد بە ڕابەرایەتى بارزانی کە ڕیشەیەکى قوڵى لە خەبات وبەرخودانى مافەرەواکانى کورد داکوتاوە ، هەمیشە باوەرى تەواوى بە دایالۆگ و ئاشتى و چارەسەرى دیپلۆماسییانە هەبووە ئەوە نەک تەنها بۆ کوردستان بەڵکو سوود وقازانجى بۆ هەموو عێراق هەبوو ، هەر ئەوەشە لە هەموو هەنگاوەکاندا دەسەڵاتدارانى بەغدا چاویان لە ڕۆڵ و چارەسەرى سەرۆک بارزانییە ، لەگەڵ ئەوەى هەمیشە لە بەڵێن و ڕێککەوتننامەکانیان بەرامبەر بە کوردستان پاشگەزبوونەتەوە .
لەماوەى 10 ساڵى رابردوو ، کۆمەڵێک رووداو و پێشهات بەرۆکى ناوچەکەیان گڕتەوە کە عێراقیش بێ بەرى نەبوو لەو ململانێ و کێشانە لەلایەک و لەلایەکى تریش بەهۆى زێهنیەتى نالۆژیکى و تاکڕەوانەى هەندێک حزب ولایەنە لە بەغدا بە شێوەیەکى زۆر ناڕەوا هێرش و پەڵاماردانەکانى سەر هەرێمى کوردستان کە ئامانجى سەرەکییان لاوازکردن و نەهێشتى قەوارەى هەرێمى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان بوو بە پلەى یەکەم چوونکە سەرکردایەتییەکى و بەتایبەتى سەرۆک مسعود بارزانى رۆڵى بونیاتنەرانەى لە دروستکردنى عێراقى نوێى دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس و هەروەها هێنانەکایەى سیستەمى فیدڕاڵى و دیموکراسى و نووسینەوەى دەستوور بینیووە بەشێوەیەک تا مافى هەموو گەل و پێکهاتەکان لە نێویاندا هەرێمى کوردستان پارێزراو و مسۆگەر بێت ، بۆیە بینیمان کە چەک و کارتى فشار و پاساوى بێ بنەما نەما بەکارى نەهێنن ، بەڵام ئەوەى وەک چیایەکى پۆڵایین بەرامبەریان وەستایەوە ئیرادەى بەهێز وخۆڕاگرى خەڵکى کوردستان بوو بە ڕابەرایەتییەکى حەکیمانە ئەویش سەرۆک بارزانى بوو .
دواى تێپەڕاندنى قۆناغێکى پڕ لە هەوراز و نشێو و پڕ ململانى و شکستى هەموو ئەو هەوڵانە بۆ ناچارکردنى کوردستان بە بن دەستى و سیاسەتى تاکڕەویانە ، لە کۆتاییدا دەسەڵاتدارانى بەغدا گەیشتنە ئەو باوەرەى کە ئیرادەى بەهێزى کورد و بارزانى شکست ناپەزیرە و دەبێ بگەڕێنەوە بۆ لۆژیک و گفتگوگۆ لە ڕووە بانگهێشت و سەردانى سەرۆک مسعود بارزانى پاش ساڵ لە رۆژى 3ى تەمموزى 2024 ساتەوەختێکى گرنگ و مێژووییە لە هەڵدانەوەى لاپەرەى پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا ، لە هەمان کاتیشدا هەنگاوێکى ستراتیژى وگرنگە بۆ ئاشتەوایی و سەقامگیرى ومتمانە و پێشکەوتنى ئابوورى نەک تەنها لە هەرێمى کوردستان بەڵکو لە سەرانسەرى عێراقدا.
گرنگى ئەو سەردانە مێژووییەى سەرۆک بارزانى لە چییدایە ؟
یەکەم ،، روون وئاشکرایە ، باش بوون وسەقامگیرى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدڕاڵى عێراق نەک تەنها گرنگ و پڕبایەخە بۆ وڵاتانى دراوسێ ، لە هەمان کاتیشدا هەمووان باش لە رۆڵ و پێگەى پارتى و سەرکردایەتیی بارزانى گەیشتوون کە پەراوێزخستنیان ئەستەمە .
دووەم ،، هەوڵە کاریگەرەکانى سەرۆک بارزانى لە پێناو پێگەى بەهێزى بۆ حکوومتى کوردستان وەک هێزێکى گرنگ و ژمارەیەکى دیار لە ناوچەکە لە پێناو سەقامگیرى و ئەکتەرێکى گرن لە سیستەمى فیدڕاڵى عێراقدا ، دەتوانێت زیاتر بەشدارى دیپلۆماسى وئابوورى وڵاتانى ناوچەکە بۆ خۆى ڕابکێشێت.
سێیەم ،، هەڵدانەوەى لاپەرەیەکى نوێ لە پیەوەندییەکانى هەولێر وبەغدا دەتوانێت هەموو ئەو هەوڵانە ڕێک و ئاسان بکات ، لە پێناو فەراهەمکردنى کەشێکى سەقامگیر و تەناهى بۆ پێشکەوتن وگەسەندنى ئابوورى و هەروەها پلانى باشتر ئەوەش کاریگەرى ڕاستەخۆى لە سەر ئاسایشى کۆمەڵایەتى و گەسەندنى زیاتر دەبێتەوە ، بەتایبەتى کە لە ساڵى 2014 وە بەغدا بەڕێگەى کارتى گوشارى بودجە و مووچە زیانى زۆرى لە هەرێمى کوردستان دا بوو .
چوارەم ،، سەرۆک بارزانى بەڕێگەى چارەسەرى درێژخانى وەک دابینکردنى مووچەو بودجە و بەڕێوەبردن و دابەشکردنى دادپەروەرانەى سامانە سروشتییەکان ، پیادەکردنى رەواى مافە دەستوورییەکانى ، ئامانجێتى پشک و شایستەى مافەرەواکانى خەڵکى کوردستان مسۆگەر بێت.
پێنجەم ،، ئەم هەوڵە بێ وینەیەى گەلى کورد و قەوارەى هەرێمى کوردستان وا دەکات زیاتر سەنگى لە نێو سیستەمى فیدڕاڵى عێراقدا بدرەوشێتەوە و شەرعییەت و پشتیوانى زیاتر بێت و لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتیش سەرنجى زیاتر بەرەو کوردستان رابکشێت .
بە شێوەیەکى گشتى سەردانى سەرۆک بارزانى بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ حزب ولایەنە سیاسییەکانى عێراقى نەک تەنها بۆ ئایندەى عێراق بەڵکو هەنگاوێکى گرنگ و ستراتیژى لە پێناو خۆشگوزەرانى ئابوورى و بەهێزتر بوونى پێگەى کوردستان لە سەر ئاستى نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییشدا ، بەتایبەتى کە گۆرانکارى و پێشهاتى نوێى لە ناوچەکە دا لە ئارادان ، ئەوەش دەبێتە هۆکارێکى گرنگ بۆ زیاتر سەقامگیرى ئەمنى و ئابوورى و کۆمەڵایەتیی لە ناوچەیەکى پڕ ململانێ و پڕکێشەدا و کۆتایى هاتن بەخەونى پەراوێز خستنى هەرێمى کوردستان .

Top