بە درێژایی مێژوو نییەتەکانی عێراق بەرامبەر کورد هیچ باش نەبوون
دوای ئەو کار و کردەوانەی کە رژێمی بەعسی فاشست و خوێن مژ لە بەرامبەر گەڵی کورد ئەنجامی دابوو ، کە دوور بوو لە هەموو بەها و بنەمای ئەخلاقی و مرۆڤایەتی لەوانە سیاسەتی تەعریب و گۆشەگیری کە رژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن ، سیاسەتی تەعریبکردن لە ناوچە کوردستانییەکان جێبەجێ کرد ، کورد لە سەر زەوی و زار و گۆند و دێهاتەکانی خۆیان ئاوارە کرد و عەرەبی ناوچەکانی دیکە لە جێگایان نیشتەجێ دەکرد ، بە ئاشکرا بە کوردیان دەگۆت شوێنتان لێرە نییە و نابێتەوە ، واتە حەسانەوە و خۆشی بەشی کورد نەبووە ، بەوەشەوە نەوەستان هەمان رژێمی بەعسی سەدام حسێن ئەمجارە هەڵمەتی ئەنفاڵ کە بە یەکێک لە ڕووداوە تراژیدیا و دڕندەیەکانی ئەم رژێمە دادەنرێت ئەنجام درا ، لە رێگەی هەڵمەتێکی سەربازی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان ، کە هەرچی لاو و گەنج و بەتەمەن هەبوون لەگەڵ خۆیان بردن و بە زیندوویی بە هەزاران کورد لە هەموو رەگەز و تەمەنەکان شەهید و زیندەبەچاڵ کران ، دوای نەمانی رژێمی بەعسی سەدام حسێن ناتوانرێت چاوپۆشی لەوە بکرێت لە هەندێک قۆناغدا هەوڵ بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان هەبووە ، بەتایبەت لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کە کورد لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستانی عێراقدا پلەیەکی زۆر باشی ئۆتۆنۆمی بەدەستهێنا ، کە حکوومەت و پەرلەمانی تایبەتی بە خۆی هەبووە ، بەڵام تەنانەت لەم چوارچێوەیەشدا هەتا ئەم لەحزەیە تەحەددا و ناکۆکی لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا بوونی هەیە ، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی نەوت و بودجە و ناوچە جێناکۆکەکان.
کورد پێ وا بوو دوای نەمانی رژێمی بەعس نییەتەکانی عێراق بەرامبەر کورد باش دەبن ، بە تایبەتی لە سەربەندی پێکهێنانی حکۆمەتە یەک لە دوا یەکانی عێراق ئێدی مافی کورد بە پێی دەستور پارێزراو و دابینکراو دەبێت ، بە تایبەتی لە قۆتاغێکی هەستیاری وەک ئێستا کە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی پێدا تێپەر دەبێت ، کە ئاشکرایە بوونی کێشە و ئاژاوە و ململانێ لەم کاتەدا لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە ، بەلکۆ تاکە چارەسەر راگرتنی کۆدەنگییە لە ناوخۆی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە ، بەڵام بە داخەوە عێراق نەک هەر ئەمەی نەکردووە ، بگرە لە پێناو رازی کردنی هەندێک وڵاتانی دەورووبەر و هەندێک گرۆپ و میلیشیاوە ڕاست و چەپی خۆی ون کردووە ، هیچ کاتێک ئامادە نەبووە دەستور بکاتە پێوەری سەرەکی و دادوەر بۆ پێدانی ماف و ئیستحقاقی سەرجەم پێکهاتەکانی ناو عێراق ، ئەمەش وای کردووە کورد گۆمانی لە نیاز و سیاسەتەکانی عێراق هەبن کە نایەوێ هەمووان لە ناو بازنەیەکی یەکگرتوودا کە عێراقە بە تەواوی مافەکانیەوە ژیان بکەن ، ئەمەش فاکتەری سەرەکییە کە بەردەوام پەیوەندی نەتەوەیی و سیاسی و ئابووریی و بگرە سەربازیش لە نێوان دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست ببێت و کە تاکە چارەسەری ئەم دۆخە جیابوونەوە و سەربەخۆیی بێت .
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە بێ جیاوازی پێویستە لە بەرامبەر بارەدۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی سەربازی ھەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن ، چۆنکە ئێستا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و چارەنۆسازدا گۆزەر دەکات ، لە لایەک عێراق بەربەست و بەهانە بۆ ناردنی ماف و ئیمتیازاتەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت ، لە لایەکی تر ئێستا بارەدۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەنگی و یەکگرتن لە دەنگ و رەنگەکانی هەرێمی کوردستان دەخوازێ ، لە بەر ئەوەی مێژوو و رووداوەکانی رابردوو ئەوەی ئیزبات و سەڵماندووە کە کۆدەنگی و یەکگرتن لە ناو گۆند و شار و هەرێم و وڵاتێک نیشانەی سەرکەوتنە بەسەر بەربەستە سەختەکان و بارەدۆخە هەستیارەکاندا ، گۆمانی تێدا نییە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە تەواوی رەنگەکانەوە هەر کاتێک بینیوویانە کە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە بۆ لابردنی ئاستەنگ و هەرەشەکان بە گەشبینیەوە سەیری داهاتووی هەرێمی کوردستانیان کردووە ، هەر لە بەر ئەوە گرنگە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان واز لە حزبایەتی و بەرژەوەند خوازی تاک لایەنە بێنن و تەشهیر و شکاندن و لاوازکردنی یەکتری لە بەرژەوەندی کورد و هەرێمی کوردستان نییە ، بۆیە گرنگە چی دیکە خەڵکی هەرێمی کوردستان باجی رەنگەکان نەدات و ئەوەی لە رابردوو بەسەریدا هاتووە بەسیانە ، لەبەر ئەوەی گەڵی کوردیش مافی خۆیەتی بە ئارامی و خۆشگۆزەرانی و دوور لە هەرەشە و گۆشار لە سەر خاک و نیشتیمانی خۆیان بژین .