زیــــا بـــەتـــــروس: دەڤەری بارزان هەر لە كۆنەوە شوێنی پێكەوەژیان بووە و شێخەكانی بارزان بەرگرییان لە هەموو ئایینەكان كردووە

زیــــا بـــەتـــــروس:  دەڤەری بارزان هەر لە كۆنەوە شوێنی پێكەوەژیان بووە و شێخەكانی بارزان بەرگرییان لە هەموو ئایینەكان كردووە

 

 

زیا بەتروس، كەسایەتییەكی سیاسیی كلدانیی سەربەخۆیە و سەرۆكی پێشووی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بووە و، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە ڕەوشی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی پێكهاتە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان دەكات. جەختیش لەوە دەكاتەوە كە لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی بەشداربوونیان لە بڕیاری سیاسی و حكوومی ڕێز لە پێكهاتەكان گیراوە، ئەگەرچی دادگای فیدڕاڵی بە شێوەیەكی نادەستووری و بە مەرامی سیاسی و تێكدانی پێكەوەژیان لە كوردستان، بڕیاری ناڕەوای داوە، بەڵام ئەم بڕیارە ناعەدالەتییە نابێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ژیانی ئاشتەوایی و یەكتر قبووڵكردن لە هەرێمی كوردستان كاڵ بكەنەوە.

 

* با یەكەم پرسیارمان ئەوە بێت، سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە، نابێت بە ئایین و نەتەوە جیاوازەكان بگوترێت «كەمینە»، ئایا ئەم بۆچوونەی سەرۆك بارزانی لە لای پێكهاتە جیاوازەكان چۆن ڕەنگی داوەتەوە؟

- لە كاتێكدا كە دەستەواژەی كەمینەی نەتەوەیی، یان ئایینی بەكار دەهێنرێت لە یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ وجاڕنامەی مافی كەسانی سەر بە كەمینە نەتەوەیی وئایینی و زمانییەكان، بە مەبەستی پاراستنی مافەكانیان و هەروەها لە پەیمانی نێودەوڵەتیی یەكەم بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەكان و پەیمانی نێودەوڵەتیی دووەم بۆ مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكان و لەبەر ئەوەی بە زمانی كوردی وشەی (كەمینە) و بە زمانی عەرەبی (الاقلیة) هەندێك جار و لەلایەن هەندێك كەس، یان لایەنێك وەكو كەمكردنەوە لە شكۆ و پێگەی كەسانی سەر بە نەتەوەكان و ئایینیەكان بەكاری دەهێنن، بۆیە سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە، نابێت دەستەواژەی «كەمینە» بەكار بهێنرێت، دەبێت بۆ پاراستنی شكۆمەندی و بەشداربوونیان لە پرۆسەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی وەك پێكهاتەكانی دیكە بە «پێكهاتە» ناویان ببەن، چونكە سەرۆك بارزانی پارێزەری مافەكانی گشت پێكهاتەكانی كوردستانە و بە باشی لەبەر چاومانە كە دادگای فیدڕاڵیی عێراق بەداخەوە كاتێك كۆتای پێكهاتەكانی كوردستانی نەهێشت لە بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە ئەم بڕیارە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤە بەگشتی و مافەكانی پێكهاتەكانە بەتایبەتی، بۆیە هەڵوێستی بەرپرسیارانەی وەرگرت، بەوەی كە ئەم بڕیارە ستەمكردنە لە مافی پێكهاتەكان و قبووڵی ناكەن. ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، لای گشت پێكهاتەكانی كوردستان (ئەوانەی كە كۆتایان هەیە) و ئەوانی دیكەش بە شێوەیەك ڕەنگی داوەتەوە، كە هەردەم سەرۆك بارزانی لەگەڵ چەسپاندنی مافەكانی گشت پێكهاتەكانە.

* یەكێك لە جوانییەكانی هەرێمی كوردستان، لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستانە، لەمەش زیاتر ئێستا لە هەولێر جیا لەو فرەیی و پێكەوەژیانەی لە نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان هەیە، دەبینین، شوێنكەوتووانی ئایینەكانی دیكەش پەنایان بۆ كوردستان هێناوە، خوێندنەوەتان بۆ ئەوە چییە؟

- هەرێمی كوردستان ئەگەر بەراوردی بكەین لەگەڵ ناوچەكانی عێراق و دەوروبەری، تاكە شوێنە كە دوورە لە ڕەتكردنەوە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكان، ئەمەش هۆیەكی سەرەكییە بۆ ئەم ئارامی و سەقامگیرییە كە لە هەرێمی كوردستان هەیە و بووەتە مایەی سەرنجڕاكێشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەر بەهۆی ئەوەش لە هەرێمی كوردستان ئاشتی بەرقەرارە و قبووڵكردن و ڕێزگرتن لە گشت ئایین و نەتەوە جیاوازەكان چەسپاوە.

هەر لە كۆنەوە و لە مێژوودا، كوردستان شوێنی پێكەوەژیانی ئایین و ئایینزا و نەتەوە جیاوازەكان بووە، ئەوەش بەردەوام دەبێت، چونكە بووەتە سمبولێكی جوان بۆ ناوچەكانی دیكەش، ئەگەر هەندێك جار لە لایەن چەند كەس و لایەنی نەفس نزم هەوڵ دراوە، ئەو پێكەوەژیانەی كوردستان تێك بدەن و ناكۆكی دروست بكەن، بەڵام ئەو هەوڵانە بێسوود بوون.

 لە پاش ساڵی 2003 و بە هاتنی هێزە چەكدارەكانی دەرەوەی هێزی فەرمی لە عێراق، پێكهاتەكان تووشی زۆر كێشە بوون و پەلاماریان داون، سەروەت و سامانیان زەوت كراوە، تا ئێستاش ئەو ستەمكارییە بەردەوامە و بە زۆرەملێ كۆچیان پێ دەكەن، ئەوانیش بە مەبەستی پاراستنی ژیانی خۆیان و خێزانەكانیان، ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، چونكە سەقامگیرە و ئاشتی بەرقەرارە و ڕێزیان لێ دەگیرێت و مافەكانیان پارێزراوە. دیارە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پڕۆژە یاسایەك كە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانی كرد، بۆ ئەوەی مافەكانی پێكهاتەكان بە یاسا ڕێك بخرێت و زوڵمیان لێ نەكرێت و، لە گشت چەمكەكانی ژیان لە هەرێمی كوردستان بەشدار بن، كە دەرچوواندنی یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2015 یە و تایبەتە بە پاراستنی مافەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانی كوردستان، هەر ئەمە هۆكاری سەركی بووە، بۆ متمانەی ئەم پێكهاتانە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

هەر پاش ڕاپەڕینە مەزنەكەی كوردستان دژی ڕژێمی عێراقی و دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان وەكو دەزگایەكی تەشریعی و بونیادنانی حكومەتی هەرێم، هەر لە یەكەم كابینەوە تاوەكو كابینەی نۆیەم، پێكهاتەی توركمان و كلدان و ئاشووری و سریان، وەكو پێكهاتەیەكی نەتەوەیی لە حكومەت و حوكمڕانی بەشدار بوون، لە هەمان كاتدا هەر لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان، یێكهاتەی كریستیان كۆتایان هەبووە بە پێنج كورسی و لە خولی دووەمیش هەروەها لە خولی سێیەمیش پێنج كورسی زیاد كرا بۆ پێكهاتەی‌ توركمان و یەك كورسی بۆ پێكهاتەی ئەرمەن و بەردەوام بووە تاوەكو خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، ئەمەش بە هۆی ئەوەی كە لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی بەشداربوونیان لە بڕیاری سیاسی و حكوومی ڕێز لە پێكهاتەكان گیراوە، بەڵام بەداخەوە دادگای فیدڕاڵی بە شێوەیەكی نادەستووری و بە مەرامی سیاسی و تێكدانی پێكەوەژیان لە كوردستان، بڕیاری ناڕەوای داوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بڕیارە ناعەدالەتییە نابێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ژیانی ئاشتەوایی و یەكتر قبووڵكردن لە هەرێمی كوردستان كاڵ بكەنەوە.

* دەڤەری بارزان بە ‌سەرچاوەی عەقیدە و فیكری بارزان بۆ پێكەوەژیان و لێبور‌دەیی لە ‌قەڵەم دەدرێت. باس لەوە دەكرێت شێخانی بارزان بەرگرییان لە كریستیان و جوو و ئەرمەن و نەتەوە و ئایینەكان كردووە. هەر ئەم فیكر و عەقیدەیە زۆر پێداگری لەسەر پاراستنی سیما و ژینگەی كوردستان دەكاتەوە. ئایا تاچەند گرنگە تەرجەمەی ئەم فیكر و عەقیدەیە بكرێت و بپارێزرێت؟

- بێگومان دەڤەری بارزان و دەوروبەری هەر لە كۆنەوە شوێنی پێكەوەژیان بووە و شێخەكانی بارزان بەرگرییان لە كریستیان و جوو و ئەرمەنی و هەموو ئایینەكان كردووە. تاكو ئێستاش گوندمان هەیە لە بارزان بە ناوی (بێدیال) و لەم شوێنە كەنیسەیەك هەیە بە ناوی (كەنیسەی مارگوگیس) كە خاچێكی بەرز لە پێشی كەنیسەكە دانراوە و لە ساڵی 2000 ئەم كەنیسە كۆنە وەك خۆی بەجێ مابوو وەكو كەلتوور، بەڵام بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەردی بناغەی دانا بۆ دروستكردنی كەنیسەیەكی نوێ و لە هەمان شوێن و بە هەمان ناو دروست كرا، كە سەرۆك و مەرجەعی كوردستان مسعود بارزانی لە هەموو بۆنە ئایینییەكانی كریستیان و لە جەژنەكان سەردانی كەنیسەی بێدیال دەكات، ئەمەش ئەوەمان نیشان دەدات، كە ئەم پێداگرییە لەم شوێنە پیرۆزەكانی كریستیان لە فیكر و عەقیدی شێخەكانی بارزانە.

لە دەڤەری بارزان (حەوت) مەزاری كریستیان هەیە، تاوەكو ئێستاش شوێنەكانی جوو ماون و مزگەوت و كەنیسە و كنیشتی جوو لە تەنیشتی یەكترن. بۆیە پێویستە ئەم بیروبۆچوونەی شێخەكانی بارزان و سەرۆك مسعود بارزانی كە بە پارێزەری پێكهاتەكان لای خۆمان دایدەنێین، گشتاندنی بۆ بكرێت و لە گشت شار و شارۆچكەكانی كوردستان كە برایانی كورد لەگەل نەتەوەكانی دیكە پێكەوە دەژین و هەروەها برایانی موسڵمان لەگەل ئایین و ئایینزاكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان ئەم كەلتوورە بپارێزن و ئەم پێكەوەژیانە بەهێزتر بكرێت، چونكە هەرێمی كوردستان بەوە ناسراوە كە سیمای یەكترقبووڵكردنە و شوێنی پێكەوە ژیانە و سەقامگیرە و هەموو خەڵك بە ئاشتی دەژین.

* لایەنێكی دیكەی جوان كە لە هەولێر هەستی پێدەكەین، پاراستنی سیما و دیموگرافیای ئەو ناوچانەیە كە پێكهاتە و نەتەوە جیاوازەكانی تێدا دەژین، بۆ نموونە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە ناوچەكانیان زیاتر فراوان بكرێت، ئەوەتا عەنكاوە، پێشتر تەنیا ناحییەك بوو لەناو هەولێر و ئێستا كراوە بە قەزا. ئایا پاراستنی سیما و دیموگرافیای ناوچەی پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان چۆن سەیر دەكرێت؟

-حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بایەخی داوە یە پاراستنی سیما و دیموگرافیای ناوچەكانی پێكهاتەكان، بۆ ئەوەی دیموگرافی و ڕێژەی دانیشتووانی پێكهاتەكان گۆڕانكارییان تێدا ڕوو نەدات. زیاتر لەوەش بایەخێكی گرنگی داوە بۆ ئەوەی سیمای خۆیان پارێزراو بێت و هەست بە بوونی خۆیان بكەن. ئەگەر شاری هەولێر بە نموونە وەربگرین، دەبینین لە سایەی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم، شارۆچكەی عەنكاوە كرا بە قەزا، بۆ ئەوەی فراوانتر بكرێت، لە ڕووی كارگێڕی وئیداری سەربەخۆی خۆی هەبێت و نۆژەنكردنی ڕێگاوبان و دامەزراندنی چەند دەزگایەكی تایبەت بۆ خەڵكی عەنكاوە دەستەبەر بكەن.

سەرۆك بارزانی چەندین بڕیاری داوە بۆ پاراستنی شكۆی پێكهاتە ئایینییەكان و بەشداریكردنیان لە دامودەزگای حكوومی، بەتایبەتی لە وەزارەتی ئەوقاف، كاتێك كە ناوی وەزارەتەكە (وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئیسلامی) بوو، بەڵام بوو بە وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئایینی، ئەمەش بەمانای ئەوە دێت، كە هەموو ئایینەكان لەم‌ وەزارەتە جێگایان هەبێت. هەر بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری ئایینی مەسیحی و ئێزیدی دامەزران، هەروەها نوێنەری گشت ئایینەكان لەم وەزارەتە دانران، وەكو ئایینی زەردەشتی و كاكەیی و جوو، هەروەها بۆ بەهاییەكان كە لە حكومەتی فیدڕاڵی قەدەغە كراوە، بەڵام لە كوردستان بە ئازادانە ئایینی خۆیان پەیڕەو دەكەن، هەروەها ڕێكخستنی خوتبەی ڕۆژی هەینی ڕێك خرا بۆ گشت مامۆستایانی مزگەوتەكان، كە دوور بێت لە وتاری ڕق و كینە و بەپێچەوانە باسی پێكەوە ژیان و یەكتر قبووڵكردن بكرێت.

* هەر لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، باس لەوە دەكەن، لە قەزای شەقڵاوە مەزارگایەك هەیە، هەم موسڵمانەكان بە مەزارگەی خۆیانی دەزانن و هەمیش كریستیانەكان، هەردوولایان وەك مەزارگەیەكی پیرۆز سەردانی دەكەن. ئەم كەلتوورە هاوبەشە لە نێوان موسڵمانان و كریستیانەكان چۆن دروست بووە؟

- هەر لە كۆنەوە مێژووی كوردستان پێمان دەڵێت، موسڵمان و كریستیان لە زۆر شوێن لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوانیان هەبووە و تا ئێستا هەر بەردەوامە وبەردەوامیش دەبێت. لە بزووتنەوی ڕزگاریخوازی كوردستان پێكەوە بەشدارییان كردووە، بەتایبەتی لە هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان پێكەوە خەباتیان كردووە و قوربانییان داوە بۆ ئایندەی كوردستان، لە تاوانی ئەنفالیش هەر پێكەوە گوندەكانیان ڕووخان و ئەنفال كراون و لە پێشمەرگایەتی پێكەوە خەباتیان كردووە و لە ڕاپەرینە مەزنەكەش پێكەوە بوون بۆ ئازادكردنی كوردستان.

بەڵێ، لە شەقڵاوە ئەم مەزارە لای كریستیان بە ناوی (ڕەبەن بویا) ناسراوە و شوێنەكەی لە ناوەڕاستی چیای سەفینە، لە هەمان كاتدا لای برایانی موسڵمان بە ( شێخ ئسو ڕەحمان) ناسراوە و لە كۆنەوە تاوەكو ئێستا كریستیان و موسڵمان زیارەتی دەكەن و لای هەردووكیان بە شوێنێكی پیرۆز دانراوە و هیچ كێشەیەكیان نیە. هەروەها گۆڕستانێك هەیە لە شەقڵاوە بە ناوی (گۆڕستانی زەیتوونە) و لەم گۆڕستانە مردووەكانی كریستیان و موسڵمان پێكەوە نێژراون. لە شارۆچكەی كۆیەش مەزاری (مەربێنە قەدیشە)هەیە، كە كریستیان و برایانی موسڵمانیش ئەم مەزارە بە شوێنی پیرۆزی خۆیان دادەنێن و زیارەتی دەكەن.

 

Top