ڕابەر تەڵعەت بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی سبەی:   ئەمە ستراتیژیەتی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایە و خۆیان لەسەر ئەم پرسە یەكلایی كردووەتەوە، بەوەی دەبێت ئێران و دەست و پێوەندەكانیان پاشەكشەیان پێ بكرێت

ڕابەر تەڵعەت  بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی سبەی:     ئەمە ستراتیژیەتی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایە و خۆیان لەسەر ئەم پرسە یەكلایی كردووەتەوە، بەوەی دەبێت ئێران و دەست و پێوەندەكانیان پاشەكشەیان  پێ بكرێت

 

 

رابەر تەڵعەت، بەڕێوەبەری (ناوەندی لێكۆڵینەوەی سبەی)ـە و یەكێكە لە سیاسەتمەدار و نووسەر و توێژەرە دیارەكانی كوردستان و چەندین كتێب و لێكۆڵینەوەی لەسەر پرسە سیاسییەكانی كوردستان هەیە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی‌ بازنەی گفتوگۆ (هەرێمی كوردستان لە ناو گێژاوی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا» بەمجۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوون و پێشنیارەكانی خستەڕوو.

 

لەسەر ئەم پرسە من هەوڵ دەدەم قسەكانی خۆم بەسەر سێ تەوەردا دابەش بكەم.

تەوەری یەكەم : باسی ئەو داینامیكانە دەكەم كە هەرێمی كوردستان پێوەی مەحكوومە.

تەوەری دووەم: باسی شەڕی بەوەكالەت «Proxy War» دەكەم لە ناوچەكەدا وەك سیاسەتی سەردەست لە ئێستای جیهاندا.

تەوەری سێیەم: باسی شەڕی غەززە و ئیسرائیل دەكەم، وەك توانەوەی بەسەتەڵەكی ئەو ناكۆكیی و ململانێیانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونیان هەیە.

1- هەرێمی كوردستان و ئەو داینامیكانەی پێوەی مەحكوومە.

ئێمە دەزانین سێ داینامیكی گرنگ كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە. داینامیكی یەكەمیان نێودەوڵەتییە، كە وڵاتانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە هەتا ئەمڕۆ پشتگیریی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بەڵام پشتگیرییەكانیان لە چوارچێوەی عێراقدا بووە، هەر بۆ نموونە یەكێك لە توێژەرەكانی ناوەندی سبەی نامەیەكی بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا نارد و تێیدا پرسیارێكی كردبوو: بۆچی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ كێشەی فەلەستین پەسەند دەكەن، بەڵام بۆ كێشەی كورد ڕەتی دەكەنەوە؟ وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا كە ئیمزای وەزیرەكەی لەسەرە و لە سایتی سبەیش بڵاومان كردووەتەوە بەمجۆرەیە: «ئێمە پشتگیری لە مافەكانی كورد و هەرێمێكی كوردستانی جێگر و بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دەكەین».

ڕاگەیانراوەكەی كۆشكی سپی ئەمریكا لە میانەی سەردانەكەی ئەم دواییەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ ئەو وڵاتە هەمان ڕاستی دووبارە دەكاتەوە، ئەگەرچی چووەتە سەر هەندێك وردەكاری كە جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام ڕاشكاوانە پێمان دەڵێت «ئێمە لە چوارچێوەی عێراقدا پشتگیری هەرێمی كوردستانی گەشەسەندوو و سەقامگیر دەكەین».

عێراق وەك دەوڵەت ئێستا لە بارودۆخێكی ئابووریی بەهێزدایە، GDPی عێراق لەناو وڵاتانی كەنداو لە پلەی چوارەمدایە و گەیشتووەتە 350 ملیار دۆلار، نرخی نەوتیش هەر بە بەرزی ماوەتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە پارەیەكی هێجگار زۆری دەست دەكەوێت، بۆیە بە تێگەیشتنمان لە سیاسەتی ئێستای جیهانی، دەبێت سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان زۆر باش ئەو سیاسەتە بخوێنێتەوە و واز لە هەموو ڕیسكێك بێنێت و خۆی لەگەڵ ئەو بارودۆخە ڕێك بخات و، ڕۆڵی خۆی لە دەستووری عێراقدا چالاك بكاتەوە و، پەیوەندی خۆی لەگەڵ بەغدا بەهێز بكاتەوە. مافەكانی خۆی كە لە دەستووردا هاتوون، «هەرێمی كوردستان وەك پێگەیەكی دەستووریی ددانپێدانراو» جێگیر بكاتەوە، كە ئەمەمان كرد، دەتوانین بەكاری بهێنین بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ داینامیكی دووەم كە داینامیكی هەرێمییە.

داینامیكی هەرێمی، ستراتیژیەتی ئێران و توركیا بەشێوەیەكی گشتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نییە، لەبەر یەك هۆكار ئەگەر هەموو هۆكارەكانی دیكە وەلا نێین، ئەو دوو دەوڵەتە هەرێمی كوردستان بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەزانن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەوان خۆشیان كوردیان هەیە. هەر بۆیە ئەگەر نەشتوانن هەرێمی كوردستان لەناو بەرن، ئەوا بە بچووك سەیرت دەكەن و بە بچووك مامەڵەت لەگەڵ دەكەن، دەبێت ئەمان لا ڕوون بێت و قەناعەتیشمان هەبێت، ئەم ستراتیژە لای ئەم دوو دەوڵەتە ناگۆڕێت.

داینامیكی سێیەم، پەیوەندی بە ناوخۆی خۆمانەوە هەیە. لەم ماوەیەی ڕابردوو باڵیۆزی ئیتاڵیامان بینی لە سلێمانی، ئەو دوای سەردانیكردنی كاك بافڵ هەر لەوێوە‌ هاتبوو بۆ لای ئێمەش‌ لە دامەزراوەی لێكۆڵینەوە و میدیایی سبەی» و لێمان پرسی: كاك بافڵ چی دەڵێت لەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان؟ وتی: «ئەو دەڵێت هەڵبژاردن هەر دەكەین».

پاشان باڵێوزەكەی ئیتاڵیا پێی گوتین: «من یەك شت لە ئێوە تێ ناگەم، ئێمە لە یەكێتیی ئەوروپا كە دەچینە سەر مێزی گفتوگۆ لە پێناوی خواست و سیاسەت و مافەكانی خۆمان شەڕ دەكەین، بەڵام لە هەمان كاتدا بۆ ئەوەی بگەینە ڕێككەوتنیش ئامادەین كۆمپرۆمایز (سازش) بكەین، بۆیە ئێمە كاتێك دەچینە سەر میزی گفتوگۆ نازانین لە ئاكامدا لەسەر چی ڕێك دەكەوین، بەڵام دەتوانین بڕیارێك بدەین كە هەموومان پێی ڕازی بین»، ئەوجا وتم: با منیش پێت بڵێم كێشەی ئێمە چییە‌؟ ئێمە ناچینە سەر مێزی گفتوگۆ لەبەر ئەوەی ئاكامەكەی دەزانین، یان دەمانەوێت ئاكامەكەی بەوجۆرە بێت كە خۆمان دەمانەوێت و ئامادەش نین كۆمپرۆمایز (سازش لە پێناوی سازان) بۆ یەكتری بكەین.

ئەمڕۆ لە كوردستان هەڵبژاردن بكرێت، یان نەكرێت، گرنگ نییە، ئەوەی كوردستان دەپارێزێت هەڵبژاردن و دیموكراسی نییە، بەڵكو ئەوەی كوردستان دەپارێزێت، بریتییە لە گرێبەستی كۆمەڵایەتی «Social Contract»، دەبێت لە چوارچێوەی ئەم كۆنتراكت و ئەم گرێبەستە كۆمەڵایەتییەدا، سیاسەت و بڕیاربەدەستەكانی كار بۆ وەدیهێنانی ئاشتییەكی كۆمەڵایەتی و ناوخۆیی بكەن و، خەڵك لەگەڵ نیشتمان و هەستی نەتەوەیی و كوردبوون ئاشت بكەنەوە.

لەناوخۆی هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین كە لە عێراقی دەوڵەمەندا هەیە و لە ئێستادا پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە، دەبێت بزانین چی دەكەین.، بە بڕوای من زۆر گرنگە یاسا ڕۆڵی خۆی هەبێت، كار بۆ سەروەریی یاسا بكەین، دامودەزگای خۆمان بونیاد بنێینەوە، ژێرخانی ئابووریمان بەهێز بكەینەوە. لە كاتێكدا بەڕاستی ئەوەی پارتی و یەكێتی لەئێستادا دەیكەن، لەباربردنی ئەو هەلە و ئەو ئەزموونەیە، لەبەر ئەوەی كاتێك ئەم دوو حزبە خۆیان لەناو خۆیاندا ڕێك ناكەون، دەبێت چاوەریی ئەوەش بكەن كە ئێران و توركیا لە بارودۆخی ناوخۆیی هەرێمدا دەستتێوەردان بكەن. من ساڵێك پێش ئێستا بە چەند برادەری سەركردایەتیی پارتیم گوت: «یەكێتی مەخەنە باوەشی ئێران، یەكێتی بگرنە خۆتان و سیاسەتیان لەگەڵ بكەن، نەك دوژمنداری، چونكە ئێوە بەبێ یەكێتی ناتوانن حوكمڕانی بكەن».

2- لە نێوان ساڵی 2002-2011 جیهان بە قۆناغێكدا تێپەڕی كە پێیان دەگوت، شەڕی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، یان تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، لە ئێستادا قۆناغی شەڕی تیرۆری نێودەوڵەتی تێپەڕیوە، بەهاری عەرەبی كە ئەنجامەكەی بووە شكستی دەوڵەتی نەتەوەیی «Nation State» بوو، مەبەستم دەوڵەتانی دوای پەیماننامەی سایكس-پیكۆتە لە ١٩١٦، ئێستا ئێمە لە قۆناغی شەڕی بەوەكالەت «Proxy War» دەژین و ئەگەر ناونیشانێك بۆ ئەم ململانێیەی ناوچەكە هەڵبژێرین، ئەوا باشترین ناونیشان بریتیە لە «شەڕی بەوەكالەت»).

ئەم وەكیلانە لە هەموو شوێنێكی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونیان هەیە، هیچ دوور نییە سبەی لە كوردستانیش دروستیان بكەن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە ستراتیژیەتی هێز لە ئێستای جیهاندا لەسەر بنەمای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ دانەڕێژراوە، بەڵكو لەسەر بنەمای گەشەپێدانی هێزی پرۆكسی و شەڕی ناڕاستەوخۆ بونیاد نراوە.

بەڕێز ئەبو میساق باسی ئەوەی كرد، لە عێراقدا شیعەی عەقڵانی و شیعەی چەكدار هەیە، كەواتە شیعەی چەكدار دەتوانن كاریگەرییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و كوردستانیش هەبێت. بەشێوەیەكی گشتی ناوچەكە مەحكوومە بە شەڕی پرۆكسی و زەحمەتە بتوانین خۆمانی لێ بپارێزین، كەواتە دەبێت ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین.

3- خاڵی سێیەم و كۆتایی شەڕی غەززەیە.

شەڕی غەززە، بە دڵنیاییەوە دەبێت كۆتایی بێت و لە ماوەیەكی كورتیشدا كۆتایی پێدێت، بەڵام دەبێت شەڕی غەززە وەك قۆناغێكی جیاكەرەوە تەماشای بكەین و ناوی لێ بنێن «قۆناغی تواندنەوەی بەستەڵەكی ئەو ململانێیە شاراوەیەی كە هەتا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی هەیە»، جیهانی دوای شەڕی غەززە ناگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش ئەو شەڕە و، ئەمە ستراتیژیەتی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایە و خۆیان لەسەر ئەم پرسە یەكلایی كردووەتەوە بەوەی دەبێت، ئێران و دەست و پێوەندەكانیان پاشەكشەیان پێ بكرێت، دەبێت ئێران بگەڕێنرێتەوە بۆ هەندێك سنووری خۆی و بەو سنوورانەوە پابەند بێت. ئێران لەم ڕاستییە تێگەیشتووە بۆیە لە گوتاری خۆیدا چەمكێك بەكار دەهێنێت كە ناوی لێ ناوە «سەبرگرتنی ستراتیژی» ئەمەش بەو مانایەی ئەوەی ئێستا بەرانبەری دەكرێت پێویستی بە سەبرگرتنێكی ستراتیژی هەیە. ئەمەش تەنیا بۆ خۆپارێزییە لە چوونە ناو شەڕی گەورەی ئیقلیمی و بەرەییدا، كە ڕەنگە ئێران بەرگەی نەگرێت.

لە ئێستادا خواستی ئێران ئەوەیە نەكەوێتە ناو ڕووبەرووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، لەبەر ئەوەی ئابوورییەكەی زۆر خراپە، باری ناوخۆی شڵەژاوە و داینامیكی هیزەكەشی بەرگەی ئەم شەڕە لەگەڵ ئەمریكا و ڕۆژئاوا ناگرێت. دەیەوێت پێگەی خۆی بە ڕێگەی ئەم هێزە پرۆكسییانە لە ناوچەكەدا بپارێزێت و بتوانێت بە ڕێگەی ئەم پرۆكسییانە كارتەكانی خۆی بەكار بهێنێت، ئەمەش پێمان دەڵێت، بارودۆخی ناوچەكە، ئەوەی كە ئێستا هەیە و ڕوودەدات، ڕەنگە درێژە بكێشێت، مەرج نییە هیچ چارەسەرێكی نزیك بۆ بارودۆخی ناسەقامگیریی ناوچەكەمان لە ئارادا هەبێت، شەڕەكان بە فۆرمی جیاجیا درێژەیان دەبێت، هەر بۆیە پێویستە ئێمەش لە خوێندنەوە و شرۆڤەمان بۆ باردۆخەكە ئەم سێ وێنەیەمان لەبەر چاو بێت و وەك پەزڵێك پێكیانەوە بنێین بۆ ئەوەی بە وردی لە چارەنووس و بارودۆخی خۆمان وەك كورد لە ناوچەكە تێبگەین. چارەسەركردن، گەشەكردن، یان كشانەوەی پرسی كورد لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پەیوەندی هەیە بەو داینامیك و بارودۆخانەوە كە ئێستا ناوماڵی كورد و ناوچەكە بەگشتی بە دەستیەوە گیرۆدەیە.

Top