دابەزینی ئاستی شەكری خوێن مەترسیدارە!

دابەزینی ئاستی شەكری خوێن مەترسیدارە!

  دابەزینی ئاستی شەكری خوێن Hypoglycemia ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت، ئەوا ژیان دەخاتە مەترسییەوە. شەكری خوێن كە شەكری گلوكۆزە Glucose، پێویستە بۆ وزەی لەش، بڕی زیاد لە جگەر و ماسوولكەكاندا خەزن دەكرێت بۆ كاتی پێویست. دابەزینی ئاستی شەكری خوێن بەوە پێناسە دەكرێت كە ئاستی گلوكۆز لە خوێندا نزمتر دەبێت لە 70ملگم لە هەر دێسیلیترێكی خوێندا. دابەزینی شەكری خوێن زیاتر لە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرەدا ڕوودەدات، نیشانەكانی دابەزینی ئاستی شەكری خوێن: زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، لەرزینی لەش، پەستی و تووڕەبوون لە ئەنجامی زیاد دەردانی هۆرمۆنی نۆرئێپینێفرین Norepinephrine، ناڕەحەتیی دەروونی و شێوان لەبەر كەم گەیشتنی شەكری گلوكۆز بە خانەكانی مێشك، سەرئێشە لەبەر كەمیی گلوكۆز بۆ شانەكانی مێشك، سەرسووڕان، هەستكردن بە برسیبوون، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، گرفت لە قسەكردندا، ئارەقەكردن لەكاتی ڕۆژ یان لەكاتی نووستندا، هەروەها لە حاڵەتە سەختەكانی دابەزینی ئاستی شەكری خوێندا كە كەمتر بێت لە 54 ملگم لە هەر دێسیلیترێكی خوێندا، ئەوا نیشانەی توندتر سەرهەڵدەدەن وەكو گرفت لە بینین و پیادەڕۆییدا، یان لەهۆشچوون، هەندێك جاریش تووشبوو تووشی پەركەم Seizure دەبێت، لێرەدا ژیانی تووشبوو بە توندی دەكەوێتە مەترسییەوە ئەگەر بە خێرایی چارەسەر نەكرێت.

 

Top