ناڕێكیی لێدانەكانی دڵ

ناڕێكیی لێدانەكانی دڵ

ناڕێكیی لێدانەكانی دڵ Arrhythmia واتە ناڕێكی لە خێرایی و یەكسانیی لێدانەكانی دڵ لە ئەنجامی باش كارنەكردنی سیستمی كارەبایی دڵدا. تووڕەبوون، پەستی، ماندووبوونی جەستەیی و مەشقی وەزرشی لێدانەكانی دڵ زیاد دەكەن، كەچی لە كاتی حەسانەوە و نووستندا لێدانەكانی دڵ كەم دەبنەوە، ئەم گۆڕانانە لە خێرایی لێدانەكانی دڵدا بە ئاسایی هەژمار دەكرێن، بەڵام زیادبوون و كەمبوون یان ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ لە كاتەكانی دیكەدا بە نا ئاسایی دادەنرێت، كە لەوانەیە بێ زیان بێت یان ژیان بخاتە مەترسییەوە. بە گشتی ناڕێكیی لێدانەكانی دڵ دوو جۆری هەیە: یەكەم، زیاد لێدانی دڵ Tachycardia واتە لێدانی زیاتر لە 100 ترپە لە یەك خولەكدا. دووەم، كەم لێدانی دڵ Bradycardia واتە لێدانی كەمتر لە 60 ترپە لە یەك خولەكدا. نیشانەكانی ناڕێكیی لێدانەكانی دڵ: هەستكردن بە ئازار لە سینگدا، كەمبوونەوەی توانای بەرگەگرتنی فیزیكی، دڵەكوتێ، هەستكردن بە سووكبوونی سەر، ئارەقەكردن، هەناسەتەنگی، پەستی، هەروەها وەستانی دڵ كە ئەگەر زۆر زوو چارەسەر نەكرێت ئەوا ژیان بە توندی دەخاتە بەر مەترسیی مردن. هۆكارەكان: تووشبوون بە نۆرەیەكی دڵ لە ڕابردوودا، نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، نەخۆشیی ماسوولكەی دڵ، نەخۆشیی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەوكردن بە ڤایرۆسی كۆڤید-19، زیادبوون یان كەمبوونەوەی چالایی گلاندی دەرەقی، هەناسە وەستان لەكاتی خەودا، قەڵەوی، زیانی لابەلای بەكارهێنانی چەند دەرمانێك، زیاد خواردنەوەی شلەمەنییە كافائینییەكان و ئەلكهول، بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان، بۆماوەیی، جگەرەكێشان، هەروەها پەستی و سترێس.

Top