د.سەرسام خەلیل عومەر   ڕاگری پەیمانگای تەكنیكی كارگێڕی لە هەولێر: سیاسەتی لۆژیكانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی سەركەوتووانە ئیدارەی بارودۆخەكەی داوە

د.سەرسام خەلیل عومەر    ڕاگری پەیمانگای تەكنیكی كارگێڕی لە هەولێر:  سیاسەتی لۆژیكانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی سەركەوتووانە ئیدارەی بارودۆخەكەی داوە

 

د.سەرسام خەلیل عومەر، ڕاگری پەیمانگای تەكنیكی كارگێریی هەولێرە، سەبارەت بە پێگەی جیۆپۆلیتیكی و جیۆستراتیژی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەكە و عێراق و شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەو ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی لە ناوچەدا تێدەپەڕن، بەمجۆرە دید و بۆچوونەكانی خۆی بۆ ئەم ڕاپۆرتە خستەڕوو:

ئەگەر بە شێوەیەكی ڕیالیستییانە خوێندنەوەیەك بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان بكەین، ئەوا لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتیش نییە، بەڵام جوگرافیای هەرێمی كوردستان پێگەیەكی جیۆپۆلیتیك و جیۆستراتیژی هەیە و لەڕووی ئاسایشی وزەشەوە گرنگییەكی گەورەی هەیە.

هەرێمی كوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، بە پشتگیریی بڕیاری نێودەوڵەتی و بە دیفاكتۆ دامەزراوە، هەر لە سەرەتاشەوە دەستەبژێری سیاسی لەم هەرێمەدا هەوڵیان داوە، بە شێوەیەكی سەردەمییانە سیاسەت و حوكمڕانی بكەن و خۆیان لەگەڵ باهۆزی سەردەمی سیاسەتی جیهانی بگونجێنن و سەرنجی كۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی ڕابكێشین.

لێرەوە ئەگەر بێینە سەر ئەو ئالنگاری و هەڕەشانەی كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، ئەوا زیاتر لە 10 ساڵە هەرێمی كوردستان لەژێر باری ئالنگاری و هەڕەشە و هێرشی زۆر قورسدایە، لە ساڵی 2014 كاتێك تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەژێر گەمارۆی ئابووریی حكومەتی عێراقدا بودجە و مووچەی بڕابوو، بەڵام بە سیاسەتی لۆژیكانەی حكومەتی هەرێم كە ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی سەرۆك بارزانی بەڕێوە دەچێت، توانرا ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەتاڵ بكرێتەوە و بەسەر تیرۆریستاندا سەركەوتوو بین، هەروەها لە ساڵی 2017 دوای ڕیفراندۆمە شكۆدارەكەی خەڵكی كوردستان، تەنیا ئەوەندەیان پێ ڕەوا نەبینین بە شێوەیەكی دیموكراتییانە بڵێن «بەڵێ بۆ سەربەخۆیی»، ئەوە بوو دوای ڕیفراندۆمەكە هێرشیان كردە سەرمان، بەڵام لە سایەی سەرۆك بارزانی كوردستان خۆی ڕاگرت و هەر مایەوە و ئێستا لە میانەی ئەو سیاسەتە لۆژیكانەیە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پیادەی دەكات، توانیویەتی زۆر بە باشی بە بەكارهێنانی هێزی نەرم

«Soft Power» هەروەها هێزی زیرەك «Smart Power»، وەرچەرخانی زۆر گەورە لە ژێرخانەكانی هەرێمی كوردستان دروست بكات و هەمیش توانراوە وەرچەرخان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی بهێنێتە ئاراوە و زەمینە خۆش بكرێت بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان هەر دوو حكومەت چارەسەر بكرێن. لە ئێستاشدا كە ئەم ململانێ نێودەوڵەتی و هەرێمییەی ناوچەكە جۆرێك لە گێژاوی دروست كردووە، بێگومان ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە هەم لەسەر ئاستی هەرێمی و هەمیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حیسابی بۆ دەكرێت.

سەبارەت بە شێوازی مامەڵەكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ ئەو هێرش و ئالنگارییانەی دەكرێنە سەری، دیسان حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سیاسەتێكی لۆژیكانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو هێرش و ئالنگارییانە كردووە و وای كردووە كوردستان لە شەڕەوە تێوە نەگلێت و هەرێمی كوردستان بپارێزێت.

 

Top