د.سالار عوسمان به‌رپرسی به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: عێراق وەک دەوڵەت سەقامگیر نابێت، ئەگەر کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکات

د.سالار عوسمان  به‌رپرسی به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:  عێراق وەک دەوڵەت سەقامگیر نابێت، ئەگەر کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکات

 

 

د.سالار عوسمان به‌رپرسی به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ده‌سپێكی گفتوگۆی ئه‌مجاره‌ «هه‌رێمی كوردستان له‌ناو گێژاوی ململانێ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا» له‌ په‌یڤێكدا زۆر به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی گفتوگۆكه‌ی كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ گفتوگۆی ڕاشكاوانه‌ و جدی بوونی نییه‌، ئاماده‌نین گوێ له‌ یه‌كتری بگرین و سازش بۆ یه‌كتری بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌خاڵێكدا بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێك و كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا به‌رپرسی به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندن ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد» بازنه‌ی گفتوگۆ كه‌ ئۆرگانێكی سه‌ربه‌خۆی به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، هه‌وڵیداوه‌ پلاتفۆرمێكی كراوه‌ بێت بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر كۆی كێشه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیشه‌وه‌، مێژوو ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لماندووین كه‌ عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت سه‌قامگیر نابێت ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر نه‌كات، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ خۆشحاڵین كه‌ ده‌بینین له‌م گفتوگۆیه‌دا كه‌سایه‌تی و سیاسه‌تمه‌داری برایانی عه‌ره‌بی عێراقیش له‌گه‌ڵمان به‌شدارن، ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌ عێراقێكدا ده‌ژین كه‌ خۆمان «هه‌موو عێراقییه‌كان» بڕیارمانداوه‌ ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی، چه‌مكی فیدڕاڵیش كه‌ مانای یه‌كگرتنی ئاره‌زوومه‌ندانه‌و هاوبه‌شییه‌، فه‌رزی ده‌كات له‌سه‌رمان هه‌موو پێكه‌وه‌ به‌جیاوازیی نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ خه‌مخۆری كێشه‌كانی نیشتمانیی خۆمان بین»، پاشان دیدوبۆچوون و پێشنیاره‌كانی خۆی به‌م شێوه‌یه‌ خسته‌ڕوو.

« به‌ڕێزانی به‌شداربووی ئه‌م گفتۆگۆ ڕاشكاو و جددیه‌، له‌زۆر ڕە‌هه‌نده‌وه‌ شرۆڤه‌ی ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌یان كرد و پێشنیار و ڕاسپارده‌ی زۆر گرنگیشیان پێشكه‌ش كردین كه‌ ئه‌مه‌ جێگه‌ی سوپاس و ده‌ستخۆشییه‌، لێره‌دا من ته‌نیا ئاماژه‌ بە چوار خاڵ ده‌كه‌م كه‌ گرنگه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین:

یه‌كه‌م : چه‌مكی ململانێ

له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسی ململانێ به‌رهه‌می جیاوازییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، ئه‌م جیاوازیانه‌ به‌ڕێگه‌ی گفتوگۆ ئیداره‌ ده‌درێن بۆ ئه‌وه‌ی ئاكامێكی به‌رهه‌مداری لێ به‌رهه‌م بێت و جیاوازییه‌كان ده‌بنه‌ میكانیزمی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و پارته‌ سیاسییه‌كانییه‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراسین و توانای ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ وه‌ك خۆی یه‌كتری قبوڵ بكه‌ین و گوێ له‌ یه‌كتری بگرین؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ واقیعی سیاسیی عێراق و كوردستان ده‌یداته‌وه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌بینین « ململانێ سیاسییه‌كان به‌ قازانجی خه‌ڵك و  كۆمه‌ڵگه‌ ته‌واو نابێت، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ له‌و ململانێ سیاسییه‌ زه‌ره‌رمه‌ند بوون»، وه‌ك ده‌شبینین جیاوازییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی عێراق و كوردستان له‌ ئاكامی ئه‌م ململانێیه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ده‌بینین بۆته‌ چه‌مكی زبر و یه‌كتری ڕە‌تكردنه‌وه‌ و نه‌مانی گیانی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان، هەروەها لە ئەنجامدا پێکهاتەکانیش زیانیان پێکەوت!.

دووه‌م : ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدڕالی

زۆر جار گوێبیستی ئه‌وه‌ ده‌بین كه‌ داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان ده‌كرێت، بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ به‌غدا و به‌غدا ناوه‌ندی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه‌، پرسیاری من لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا له‌دوای ساڵی 2003 له‌ عێراقدا هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی مابوو، كه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان چوونه‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی عێراقێك بێته‌ دامه‌زراندن و له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی سیستمێكی فیدڕاڵی دابمه‌زرێت؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان هه‌موو هه‌وڵی خۆی خسته‌ گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستووری ئێستا بنووسرێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌م ناسنامه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌غدا پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراق بێت «ونه» نابینرێت، ڕاشكاوانه‌تر به‌غدای ده‌ستوور، به‌غدای كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان، به‌غدای پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی بوونی له‌ژێر هه‌ژموونی ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی و پایته‌خته‌كه‌شی هه‌یه‌ كه‌ به‌غدایه‌.

سێیه‌م: دابه‌شبوون و په‌رته‌وازه‌یی هه‌رێم

باس له‌ واقیعی سیاسیی ئێستای هه‌رێم كوردستان كرا به‌وه‌ی دابه‌ش بووه‌ به‌سه‌ر دوو زۆن و، دوو زۆنه‌كه‌ش دابه‌شبوون به‌سه‌ر هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێران و توركیادا، به‌بۆچوونی من له‌م گشتگیریه‌دا و له‌ سه‌یركردنی ڕووخسار و فه‌رامۆشكردنی ناوه‌رۆك غه‌درێك له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، ئێران و توركیا به‌ حوكمی جوگرافیا دراوسێی هه‌رێمی كوردستان و مه‌حكومین مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، ئێمه‌ ئومێدی ئه‌وه‌ ده‌خوازین عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی بتوانێت سه‌روه‌ری خۆی بپارێزێت و په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ وه‌ك په‌یوه‌ندیی نێوان دوو ده‌وڵه‌ت بێت له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراقدا، به‌ڵام ئێستا ئه‌مه‌ دروست نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها ئێران و توركیاش وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تی دراوسێ وه‌ك یه‌ك نین و جیاوازن، هه‌روه‌ها پارته‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانی ئێران و توركیاش وه‌ك نین و جیاوازن، ئه‌و هێرش و په‌لاماره‌ی كه‌ ئێران ده‌یكاته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عێراق، قووڵاییه‌كه‌ی له‌ناو عێراقدایه‌، به‌ڵام توركیا ئه‌و قووڵاییه‌ی له‌ناو عێراقدا نییه ‌و ناشتوانێت ئه‌وه‌ی ئیران ده‌یكات، توركیا بیكات.

چواره‌م: سازشکردنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پێناوی یه‌كڕیزی له‌ هه‌رێمدا.

له‌ ساڵی 1964 وه‌ لێكترازانێك له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان دروستبووه‌، له‌و به‌رواره‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پێناوی یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستان سازشی له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی كردووه‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌م سازشانه‌ی پارتی ئاكامه‌كه‌ی چی لێ شێن بووه‌؟

سه‌رۆك بارزانی له‌ ساڵی 1991 خاوه‌نی مانفێستی دیموكراسییه‌ له‌ كوردستان و له‌ 22ی مارتی 1991 له‌ شاری كۆیه‌وه‌ داوای هه‌ڵبژاردن و ده‌وڵه‌تی یاسای كرد بۆ هه‌رێمی كوردستان، پێش ئه‌م ڕابه‌ره‌ هیچ كه‌سێك له‌ كوردستاندا داوای هه‌ڵبژاردن و ده‌وڵه‌تی یاسای نه‌كردووه‌، هه‌تا ئێستاش له‌ پێناوی یه‌كڕیزی سازش پێشكه‌ش ده‌كات، ته‌نانه‌ت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م « ئه‌م كابینه‌ی ئێستا» 9 مانگ چاوه‌ڕێی حزبه‌كان بوو بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تێك پێكبهێنرێت هاوپه‌یمانی بێت و حزبه‌كانی دیكه‌ش به‌شدار بن.

پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێستاش ئاماده‌یه‌ هه‌موو سازشێک بۆ حزبه‌كان به‌گشتی و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌تایبه‌تی بكات، به‌مه‌رجی حزبه‌كان بێنه‌ پێشه‌وه‌ و گه‌ره‌نتیه‌ك هه‌بێت كه‌ ئه‌م سازشه‌ له‌ به‌رژەوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستانه‌.

 

Top