بێوار نێروەیی مامۆستای زانكۆی دهۆك: گرنگە هەرێمی كوردستان هەڵویستی خۆی بە حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق گرێ بداتەوە
بێوار نێروەیی، مامۆستایە لە زانكۆی دهۆك و سەبارەت بەو مەترسی و ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە و، ئەو ململانێ و گێژاوەی كە ئێستا ناوچەكەی گرتووەتەوە بەمجۆرە بۆ ڕاپۆرتەكە هاتە ئاخافتن:
لەگەڵ ئەوەی كوردستان وەك هەرێمێك لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدایە و بەپێی دەستووری عێراق كە سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتیی دێپلۆماتی تەنیا سنووردار كراوە بۆ دەوڵەتی فیدڕاڵی و دەوڵەتی فیدڕاڵی بەرپرسیارە لەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ململانێ و كێشە و تەنگژە نێودەوڵەتییەكان دەكات، بۆیە گرنگە هەرێمی كوردستان هەڵوێست و مامەڵەی خۆی لەگەڵ ئەو تەنگژە و كێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییانە، هاوكاریی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بكات و هەڵوێستی خۆی بە هەڵوێستی حكومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە گرێ بداتەوە.
هەرێمی كوردستان هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە كە دامەزرا، ئەو كات دەسەڵاتەكەی دەسەڵاتی دیفاكتۆ بوو، لەناو ئەو دەسەڵاتە دیفاكتۆیەش توانیی هەم هەرێمی كوردستان بپارێزێت، هەمیش سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت.
لە ئێستادا عێراق و هەرێمی كوردستان بەراورد بە لایەنەكانی دیكەی ململانێكان، لە بەرەیەكی بەهێزدا نین، تا بتوانن تەرەفگیریی لایەك بكەن دژی لایەكەی دیكە، بۆیە زۆر گرنگە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕێگە نەدەن، خاكەیان ببێتە شوێنی یەكلاكردنەوەی ململانێیەكانی ناوچەكە.