شوكوڵاتەی تاریك هاندەرە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش

شوكوڵاتەی تاریك هاندەرە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش

شوكۆڵاتەی تاریك Dark chocolate كە ڕێژەی كاكاو تیایدا لە 70% كەمتر نەبێت، گەلێك پێكهاتەی گرنگ لەخۆدەگرێت بەتایبەتی ماددە دژەئۆكسانەكانی پۆلیفینۆلەكان و فلاڤۆنۆلەكان لەگەڵ كاتێچینەكان Catechins كە ڕۆڵی بەرچاویان بۆ پاراستنی تەندروستی هەیە، بۆنموونە پاراستنی تەندروستیی دڵ، كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، باشتركردنی فرمانەكانی مێشك، جگە لەمانە، شوكولاتەی تاریك بە چەند ڕێگەیەك هاندەرە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش بە مەرجێك بە بڕی دیاریكراو بخورێت كە ڕۆژانە لە 30 گرام زیاتر نەبێت، چونكە شوكۆڵاتە ڕێژەیەكی بەرزی وزە بە شێوەی چەوری و شەكر لەخۆدەگرێت، زیاد خواردنی لەوانەیە هاندەر بێت بۆ زیادبوونی كێشی لەش، شوكۆڵاتەی تاریك بەم میكانیزمانە هاندەرە بۆ دابەزاندنی كێش:

• باشتركردنی هەستیاریی خانەكانی لەش بۆ هۆرمۆنی ئینسولین، واتە هاندانی خانەكانی لەش كە گلوكۆزی خوێن وەربگرن و بۆ وزە بەكاری بێنن، ئەمەش ڕێگە لە كۆبوونەوەی شەكر و گۆڕینی بۆ چەوری یان خەزنكردنی چەوری لە لەشدا دەگرێت، بە مانایەكی دیكە هاندانی دابەزاندنی كێشی لەش.

• كەمكردنەوەی هەستی برسیبوون و كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردن، بەتایبەتی حەزی شیرینی كە هاندەرن بۆ دابەزاندنی كێشی لەش لە ڕێگەی كەمبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی گهرێلین Ghrelin كە هۆرمۆنێكی هاندەرە بۆ هەستكردن بە برسیبوون.

• باشتركردنی مەزاج و سووككردنی سترێس، كە هاندەرێكی گرنگە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش.

 

Top