هۆكارەكانی هێڵنجی پاش خواردن

هۆكارەكانی هێڵنجی پاش خواردن

لە زۆربەی حاڵەتەكاندا هێڵنجی پاش خواردن كاتییە و لەخۆیەوە نامێنێت، بەڵام لە چەند حاڵەتێكی وەكو هەستیاریی خۆراك یان گرفتی كۆئەندامی هەرسدا، هێڵنج بەردەوام و توندتر دەبێت كە پێویست بە چارەسەركردنی پزیشكی دەكات.  هۆكارەكانی هێڵنج پاش خواردن: ژاراویبوون بە خۆراك، هەستیاریی خۆراك، بەرگەنەگرتنی هەندێك جۆری خۆراك Food intolerance، هەوكردنی گەدە بە ڤایرۆس كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش و هێڵنج یان رشانەوە هاوكات لەگەڵ سك ئێشە، گرژبوونی كۆڵۆن، دواكەوتنی بەتاڵبوونەوەی گەدە Gastroparesis كە زیاتر لەبەر نەخۆشیی شەكرە روودەدات و هۆكارە بۆ زووهەستكردن بە تێربوون و هێڵنج یان رشانەوە، گرفتی گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ سوورێنچك GERD، نەخۆشیی درێژخایەنی كیسی زراو كە هاوكاتە لەگەڵ دروستبوونی بەردی زراو كە هۆكارە بۆ هێڵنج و رشانەوە و ئازاری سك پاش ژەمێكی قوڕسی خواردن، هەوكردنی گلاندی پەنكریاس كە نیشانەكانی بریتین لە هێڵنج و رشانەوە لەگەڵ ئازاری سك، دووگیانی لەبەر گۆڕانی هۆرمۆنی لە 70%ی ئافرەتان دەبێتە ئەگەری هێڵنجی پاش خواردن لە 3 مانگی سەرەتای دووگیانیدا، نەخۆشیی شەكرە، پەستی، نەخۆشیی جگەر بەتایبەتی مۆمبوونی جگەر، گیرانی ریخۆڵە كە زیاتر لە ئەنجامی قۆڕی یان پاش نەشتەرگەریی كۆئەندامی هەرسدا روودەدات، هەروەها زیانی لابەلای هەندێك دەرمان وەكو دەرمانی دژەژی، دژەخەمۆكی، دەرمانی ئازارشكێن لەگەڵ دەرمانەكانی شێرپەنجە كە بە چارەسەری كیمیایی ناسراوە.

Top