ئــافـــرەتــــان سەركۆنەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و بڕینی قوتی خەڵك دەكەن

ئــافـــرەتــــان سەركۆنەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و بڕینی قوتی خەڵك دەكەن

 

ساڵی 2023 كە سەرەتای دەستبەكاربوونی حكومەتەكەی سوودانی بوو، كاری گرنگی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەسەندكردنی بودجەی عێراق بوو بۆ ساڵانی «2023و2024و2025» و بە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، توانرا پڕۆژە یاسایەكی بوودجەی هاوسەنگ و ڕێكوپێك بۆ حكومەتی عێراق دابڕێژرێت و ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت، بەڵام لە ناو پەرلەماندا لەلایەن ئەو فراكسیۆنانەی كە هەتا ئێستاش بە ئەقڵییەتی شۆڤێنی سەیری گەلی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بە جۆرێك دەستكاریی بڕگە و ماددەكانی ئەم پڕۆژە یاسایە كرا، كە جارێكی دیكە هەرێمی كوردستانی لە شایستە داراییەكانی خۆی و مووچەی فەرمانبەرانی بێبەش كردەووە. لەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان ئافرەتان ئیدانەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی عێراق و بڕینی قوتی خەڵك دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

بڕینی پشك و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە، كارێكی تازە نییە، بەڵكو هەر لە دوای ساڵی 2014وە هەتا ئێستا ئەم سیاسەتەی بەغدا لە دژی هەرێمی كوردستان پیادەی دەكات، بەردەوامیی هەیە.

بڕیارە یەك لە دوای یەكەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بوونەتە هۆی پێشێلكردنی پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان، بە شێوەیەك دادگا خۆی خستووەتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن، و هەندێك دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە، كە لە دەستووردا بۆی دیاری نەكراوە.

تەرزە حوسێن كارگێڕی ناوچەی ناوەندە ئەكادیمییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی ئەجێندای سیاسیيان لەپشتە، چ لە ناوخۆ و چ سیاسەتی دەوڵەتی ئیقلیمی. بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق، تەنیا لێكەوتەی كارگێڕییان بۆ هەرێم نابێت، بەڵكو خوێندنەوەی جیاواز بۆ بڕیارەكان دەكرێت و بڕیارەكان سیاسین، نەك یاسایی، بەو پێیەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمە، نەك عێراق. بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، بۆ بڕینی قوتی خەڵك، سەلماندیان دادگایەكی سیاسییە نەك یاسایی. بڕیارەكانی بە دڵی لایەنە شیعەكانە و هەموو كات كە دۆخی عێراق تێك چووە، كورد فاكتەرێكی گرنگی هەستانەوەی بووە، بەڵام هەر دوای هەستانەوەی دەسەڵاتی ناوەند پشتی لە كورد كردووە، ئەگەرچی پێش وەخت چەندین بەڵێن بە كورد دراوە». هاوكات دەڵێت: «كورد هەمیشە خۆی گونجاندووە لەگەڵ سیناریۆی كابینەكانی ڕابردووی عێراقدا و هەوڵی گفتوگۆ و جێبەجێكردنی ماددە دەستوورییەكانی داوە، بەڵام بەداخەوە كابینە یەك لە دوا یەكەكانی حكومەتی عێراق، بەرنامە و ئەجێندای سیاسیی وڵاتانی دراوسێ جێبەجێ دەكەن و دەیانەوێت هیلالی شعیە بە تەوای جێبەجێ بكرێت، هەروەها هەموو ئەو بڕیارانەی كە دادگای فیدڕاڵیی عێراق دەری كردوون لە دژی هەرێمی كورستان، تەنیا ئامانجی سەرەكییان بچووككردنەوە، یان نەمانی هەرێمی كوردستانە، ئەویش بەداخەوە بە هاوكاریی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی ناوخۆیە، هەر چەند داواكاری و بیانووەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ كران، كەچی ئەوا چەندین ساڵە بە بەرنامە و پلانی ستراتیژی هەوڵیان داوە، خەڵكی كوردستان برسی بكەن. بەداخەوە مافە شایستەكانی فەرمانبەرانی كوردستانیان بڕیوە و وەك فەرمانبەرانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق مووچە نانێرێن، ئەم جیاوازییە گەورەیە لێكەوتە و كاریگەریی زۆرخراپی لێ دەكەوێتەوە». گوتیشی: «نزیكەی 10ساڵە یەكێك لە كێشە دیارەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بریتییە لە كێشەی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەدان جار شاندەكان لەسەر ئاستی جیاواز سەردانی بەغدایان كردووە، سەرەڕای ڕێككەوتن، بەڵام دووبارە هەمان كێشەكان سەر هەڵدەدەنەوە.

بەداخەوە هیچ كات حكومەتی عێراق هەرێمی كوردستانی وەك پارێزگاكانی دیكە سەیر نەكردووە و چاوی بە پێشكەوتنەكانی كوردستان هەڵنایات، بۆیە برسیكردنی هاووڵاتیانی كوردستان یەكێكە لە كارە سەرەكییەكانی دەسەڵاتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق و هیچ كات ئامادە نین، ئەركەكانیان بەرانبەر مافە شایستەكانی فەرمانبەرانی كوردستان جێبەجێ بكەن».

تەرزە حوسێن جەخت لەوە دەكاتەوە كە «حكومەتی ناوەندی توانی لە ماوەی حەوت ساڵدا حیسابی بانكی بۆ فەرمانبەران بكاتەوە، كەچی ماوەی مانگێكی بە هەرێمی كوردستان داوە، كە هیچ بانك وتیمێك ناتوانن ئەو ئەركە بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ جێبەجێ بكەن». گوتیشی: «ئەو لیست و فەرمانبەرە بندیوارانەی كە لەلایەن عێراق مووچە وەردەگرن، بەشێكیان هێزی ئەو لایەنە سیاسییانەن كە مافە شایستەكانیان لە دەرەوەی حكومەتی ناوەندە و تەنیا لایەنی سیاسی بە یەكەوەی بەستوونەتەوە و لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆیان كاردەكەن.

دادگای فیدڕاڵی خۆی خستووەتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن، هەروەها هەندێك دەسەڵات و تایبەتمەندی بە خۆی داوە، كە لە دەستووردا بۆی دیاری نەكراوە، بەم هەنگاوانەی بووەتە دادگایەكی دژە كوردستانی، قین لەدڵ، بۆیە بڕیارە سیاسییەكانی هیچ نرخێكیان نییە».

هەرمن ئەحمەد، نووسەر و چالاكی سیاسییە و سەبارەت بە هەمان پرس ڕای وایە: مۆدێلێكی نوێی مەترسیدار لای دادگای فیدڕاڵی عێراق هاتووەتە كایەوە هەمبەر بە كورد و كوردستانییان لە هەرێمی كوردستان. ئەم دژایەتیكردنەی سیاسەتمەدارانی عێراق و هێزە دەرەكییەكان كە هەیانە بەرانبەر بە قەوارەی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە ئامانجیان دەپێكن.هاوكات دەڵێت: «ئەو دژایەتییەی بەغدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان چەند ئامانجی هەیە، سەرەكیترینیان شاردنەوەی شكستەكانی حوكمڕانیی خۆیانە لە بەغدا و پارێزگاكانی عێراق، چونكە دەبینین گەشەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە كەرتەكانی ئابووری و گەشتیاری و گەشەی كۆمەڵایەتی و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی و پێكەوەژیان لە پێشوەچوونە و پارێزگاكانی عێراقیش لە زۆربەی خزمەتگوزارییەكان بێبەشن، هەر بۆیە چەندین ڕێگە دەگرنە بەر بۆ ئەوەی نێوماڵی كوردی بشێوێنن. گوتیشی: «هاوكێشەی دۆستایەتی و هاوپەیمانیی عەرەبی شیعە پێچەوانە بووەتەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە دادگای فیدڕاڵی بە وەكالەت ئەجێندای نەیارانی كورد و كوردستانیان لە دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكات .ئەوان لە فەرهەنگ و مێژووی كورد باش تێنەگەیشتوون، كە كورد سەدان ساڵە شەڕی بەرگری دەكات. مێژووی كۆن و تازە ئەو ڕاستییەی سەلماندووە، كە كورد نەتەوەیەكی پڕ لە وزەو ئیرادەیە، بەرگریكردن لە خاك و نیشتمان و هاووڵاتیانی ماندووی ناكات. ئەوان پێیانوایە بە برسیكردنی تاكی كورد ڕۆحی نیشتمان و خاك، لە ناو هزر و ڕۆحی تاكی كورد دەكوژن، واتە بە عەقڵی بچووكی خۆیان سەیری هۆشیاریی تاكی كورد دەكەن».

ڕاژان عەبدولڕەحمان پیرۆ، چالاكی كۆمەڵی مەدەنییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «دادگای فیدڕاڵیی عێراق دادگایەكی نادەستوورییە و لەژێر كاریگەریی ئەجێندای سیاسیی دەرەوەدایە واتە ئەم دادگایە خاوەنی ئیرادەیەكی سەربەخۆ نییە و نابێت. ئەو دادگایە پێویستە سەربەخۆ بێت و بە شێوەیەكی سەربەخۆیانە بڕیار دەر بكات و پارێزەری مافە دەستوورییەكانی گشت پێكهاتەكانی وڵات بێت. نابێت بڕیارەكانی پێچەوانەی دەستووری هەمیشەیی عێراق بێت، دەستوورێك كە هەشتا لە سەدی هاونیشتمانییانی عێراق دەنگیان بۆ داوە». گوتیشی: «ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت، شتێكی ڕوون و ئاشكرایە كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران و بەرەی موقاوەمەت و چوارچێوەی هەماهەنگی بە شێوەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراو دەیانەوێت قەوارەی فیدڕاڵیی هەرێم بڕووخێنن، پەرلەمانی عێراق، دەستووری هەمیشەیی، ڕێككەوتننامە سیاسییەكان هیچ نرخ و مانایەكیان نەماوە، گشت دەسەڵاتەكان دراوە بە دادگای بەناو فیدڕاڵی، بە فەرمانی ئێران هەر چییەك لە بەرژەوەندیی ئەجندای سیاسیی ئێراندا بێت، ئەم دادگایە ئەوە جێبەجێ دەكات. لە كوتاییدا دەڵێین: بەشدارینەكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی عێراق بڕیارێكی بوێرانە و دروستە؛ چونكە ئەم پڕۆسەیە بە گشتی لەژێر دەسەڵاتی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دادگای فیدڕاڵیی عێراقدا بەڕێوە بچێت، ئەمە بە مانای سەپاندنی ئەجێندایەكی سیاسیی مەترسیدارە لەپێناو ڕوۆخاندنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان».

شیلان ئاستەیی چالاكی كۆمەڵی مەدەنی سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام و بەپێی دەستوور و یاساكانی پەرلەمانی عێراق و  ڕێككەوتنەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراقی بە كورد، عەرەبی شیعە و سونەوە و كەمە نەتەوەكانی عێراق و كوردستان، لە عێراق دەوڵەتێكی نوێ ھاتە كایەوە لە دستوور بگرە بۆ پەرلەمان و دادگای فیدڕاڵی و تەشكیلەی ھەیكەلێكی نوێ بۆ عێراقییەكان بە كوردیشەوە،

كورد بە لێك تێگەیشتن، متمانە و ئەزموونیان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشداری بونیاتنانەوەی عێراقێكی تازە بوون، ئەویش بۆ ئەوەی كە گەلانی عێراقیش وەك ھەر گەلێك لەم جیهانە ژیانێكی سادە و ئاساییان ھەبێت.

تەشكیلەی دادگای فیدڕاڵی ھەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە بەرەی ئێرانی بێ دوودڵی ھەژموونی خۆی سەپاند و بووە ئەمری واقع.

لە دەستپێكی دادگای فیدراڵی پشكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆی بودجەكە 17%بوو، لە ساڵی 2005 تا 2014 تاڕادەیەك باش بودجە بۆ ھەرێم ئەنێردرا جار بەجاریش بە بەهانەی جۆراوجۆر دەبڕدرا، بەغدا هەرگیز بەڵێنەكانی سەبارەت بە هەرێمی كوردستانی بەتەوای جێبەجێ نەكردووە جگە لە نەناردنی بودجە كە حەقێكی شەرعی دانیشتووانی ھەرێمی كوردستانە، 55 ماددەی دەستووری حكومەتی فیدراڵی پێشێل كردووە، یەك لەو ماددانە بەشە بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا وای لێهات لە 17% كەمی بكەنەو بۆ 12،6% و لە ئێستاش دا خەریكە یەكسان دەبێت بە 0%،.

ئەمەو چەندان ئاریشە و بەربەستی تر كە دادگای فیدڕاڵ بە ڕاستەوخۆ و بەھەڵوێستێكی شوڤێنی غەدارتر لە دادگای سەورەی ڕژێمی پێشووتر دژی ھەرێمی كوردستان دەردەكات، بێ ئەوەی ڕێز لە سەروەری ھەرێمێك بگرێت كە تەمەنی دوو ھندەی تەمەنی ئەو دادگایە و عێراقی فیدڕاڵەیە، كاتێك كوردستان خۆی بەڕێوە دەبرد زۆرێك لەو بەرپرسانەی كە ئێستا لە لوتكەی دەسەڵاتی عیراقدان لەو ھەرێمە بە ئازادی و بە ئارامی ژیاون، سەرباری نەبوونی و نەداری، ھەرێمی كوردستان شوێنێكێ ئەمن و ئارام بووە بۆیان تا دەرفەتێكیان بۆ ڕەخسا و ئەوانیش توانیان سیستەمی بەعسی و تاكڕەوی بۆ خۆیان بگۆڕن بۆ سیستەمی دیموكراسی، بەداخەوە دادگای فیدراڵی نە بەھای دیموكراسی دەزانێت و نە ڕێگا بە دیموكراسیەت دەدات كە دانیشتووانی عێراقی بە كوردستانیشەوە بتوانن وەك ھاوڵاتی بژین و ژیان و گۆزەرانیان تێكەڵ بە سیاسەت و بەرژەوەندی حزبەكان نەكرێت، بە بیر و بۆچوونی من دادگای فیدراڵی سەنگ و ھەیبەتی خۆی لە دەستداوە و كەوتوتە ژێر ڕكێفی دەرەكی و ملیشیاكان، كە لە ھیچ وڵاتێكی دیموكرات ئەو جۆرە دادگایە بوونی نییە و ناشبێت. خەڵكی كوردستان لە ٢٠١٤ وە تا ئەم كات و ساتە لە لایەن دادگای فیدراڵی عێراقی ھەدەفی یەكەمە بۆ بێھێز كردنیان لە لایەنی ئابوورییەوە بۆ ئەوەی سەرقاڵی ژیانێكی سەخت بێت و خۆشەویستی خاك و نیشتمانی لە بیر بەرێتەوە.

 

ئــافـــرەتــــان سەركۆنەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و بڕینی قوتی خەڵك دەكەن
ئــافـــرەتــــان سەركۆنەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و بڕینی قوتی خەڵك دەكەن
ئــافـــرەتــــان سەركۆنەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و بڕینی قوتی خەڵك دەكەن
ئــافـــرەتــــان سەركۆنەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و بڕینی قوتی خەڵك دەكەن
ئــافـــرەتــــان سەركۆنەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و بڕینی قوتی خەڵك دەكەن
ئــافـــرەتــــان سەركۆنەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و بڕینی قوتی خەڵك دەكەن
Top