كیژان ئیسماعیل: پەروەردەیەكی جوانی منداڵەكانمان گەورەترین سەركەوتنە

ژمارەی خانمانی خاوەنكار لە هەرێمی كوردستاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، ئەوەش بە دەستكەوتێكی مەزن هەژمار دەكرێت و بۆ توێژی ئافرەتان شانازییەكی گەورەیە، لێرەوە بەو ڕاستییە دەگەین كە ئافرەتی كورد بە درێژایی مێژوو سڵی لە ماندوو بوون نەكردووەتەوە، تەنانەت لە دابینكردنی بژێوی خێزان هاوكار و یارمەتیدەری پیاو بووە، ئەوان وێڕای ڕۆڵی دایكایەتی چەندین كار بە جورئەتەوە ئەنجام دەدەن، تەنانەت لە ڕۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی و خەباتی شار و شاخ و ژیانی ئاوارەیی شانبەشانی باوك و برا و هاوسەر خەباتی كردووە و هیچ كات كۆڵی نەداوە.
كیژان ئیسماعیل خانمە گەنجێكی بزێو و بە ئەزموونی شاری قەڵادزێیە، لە ڕێگەی پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە برەو بە بەهرە و تواناكانی دەدات. كیژان ئیسماعیل تەمەنی 27 ساڵە و دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی كشتوكاڵی بەكرەجۆیە، خێزاندارە و دایكی دوو منداڵە، وەك خۆی باسیدەكات دوای تەواو كردنی خوێندن لە هەلی دامەزراندن سوودمەند نەبووە و لە ماڵەوە كار دەكات و لە پاڵ كاركردنیدا گرنگی بە پەروەردەكردنی منداڵەكانی دەدات، لە گفتوگۆیەكدا بەمجۆرە ئەزموونی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«من زۆر دەمێكە بە ئۆنڵاین ئیش دەكەم، بەڵام هەر جارە و بە هۆكارێك چەندین جار ئیشەكەمم گۆڕیوە، كاركردن بۆ من وەكو خوویەكی لێهاتووە و ناتوانم بێكار دابنیشم، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر حەزم لە وێنە گرتن و ڤیدیۆ كردنە، هەموو وێنە و ڤیدیۆكان هی خۆمن و لە هیچ شوێنێك وەرم نەگرتوون، وەك ئاشكرایە لە ئیستادا هەموومان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكار دەهێنین، ئیتر بۆچی هەوڵنەدەین لەم ڕێگەیەوە سوودێكمان بۆ خۆمان و بۆ خەڵكیش هەبێت، دەتوانین لە ماڵەكانی خۆمانەوە لە ڕێگەی مۆبایلەوە بەهرە و تواناكانمان یەكبخەین و بەرهەمی جوان و بە سوود پێشكەش بە كۆمەڵگە بكەین».
سەبارەت بە ئامانجی لە كاركردندا دەڵێت: «ئامانجم ئەوەیە لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە پەیجی by__ kizhan سوودێكم بۆ كۆمەڵێك خاتوون هەبێت كە حەزیان لە فێربوونی دروست كردنی خواردنە، هەروەها هەوڵدەدەم بە ڕازاندنەوە و جوانكردنی ماڵ و خۆشگوزەرانی ژیان لە بەرچاویان سەرنجڕاكیش تر بكەم، ئەگەر بە ستۆریەكیش بێت، بۆ ئەوەی چێژ لە خواردن دروستكردن و ماڵ بەڕێوەبردن ببینین، تاوەكو ئەوانیش هەوڵی دۆزینەوەی بەهرەكانیان بدەن و بێنە ناو مەیدانی كار، تاوەكو ببنە خاوەنكار و خاوەن داهاتی خۆیان».
كیژان ئیسماعیل لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: « زۆرێك لە ئافرەتان وا بیر دەكەنەوە كە ئەگەر لە دەرەوە كار نەكەن ئەوا سەركەوتوونین و ڕەنجیان بە خەسار ڕۆیشتووە، بەڵام مەرج نییە بۆ سەركەوتن لە دەرەوە فەرمانبەر بیت، بەڵكو دەتوانین لەماڵەوە ئیش بكەین و سەركەوتووش بین، تەنانەت پەروەردەیەكی جوانی منداڵەكانمان گەورەترین سەركەوتنە، دایك بەهێزترین داهێنەرە و دەتوانێت بە پەروەردە كردنەكەی مرۆڤێكی تەندروست و دەرووندروست پێشكەشی كۆمەڵگە بكات، كە ئەوەش بۆ وڵاتەكەمان گەورەترین دەستكەوتە، كوردیش دەڵێت ڕەحمەت لەو دایكەی پەروەردەی كردووی».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا تاچەند لەگەڵ كاركردن دڵخۆشیت و شانازی بە تواناكانت دەكەیت؟ ئەو گوتی: «بە كاركردنم هەست بە دڵخۆشی دەكەم لەگەڵ ئەوەی دەتوانم كار بكەم و لە هەمان كاتیشدا لە منداڵەكانم دوور نابم، سوپاس بۆ خوا كە توانام هەیە ئیش بكەم و كارێك ئەنجام بدەم كە خەڵك بە دڵیەتی و سوودێكی دەبێت، پەیجەكەم بۆ من وەكو ئەندامێكی خێزانەكەم وایە، دەمەوێ لە ڕێگەی ئەو پەیجەوە شتی جوان پێشكەش بە بینەرەكانم بكەم و سوود بەخۆم و بە كۆمەڵگە بگەیەنم، پێموایە كەس لە سكی دایكییەوە فێری داهێنان و پێشكەوتن نابێت، بەڵكو هەموو ئامانجێك هەوڵدانی دەوێت، هەتا زیاتریش لە بوارێكدا بمێنیتەوە زیاتر لەو بوارەدا شارەزا دەبیت، لەبەر ئەوە كۆڵنەدان و بەردەوامی هەوێنی سەركەوتن و پێشكەوتنە، من وەك خۆم بەردەوام خەریكی خۆ پێگەیاندنم لە هەر كوێیەك زانیاری هەبێت بە خۆڕایی یان بە پارە من ئامادەم بۆ فێربوون، تاوەكو زیاتر بتوانم ئیشەكانم جوانتر بكەم و بەرەو پێشیان ببەم».