شـــادی حــــەســــەن: كتێبخانەكەم ئۆنڵاینە و لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە ناساندن بۆ كتێبەكانم دەكەم

شـــادی حــــەســــەن:  كتێبخانەكەم ئۆنڵاینە و لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە ناساندن بۆ كتێبەكانم دەكەم

لەگەڵ ڕەوتی پێشكەوتن و كرانەوەی جیهان لە سەردەمی زانست و تەكنەلۆژیا، بەتایبەت سۆشیال میدیا كە بووە بە دەرچەیەكی باش بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ ژمارەیەك لە تاكەكانی كۆمەڵگە بەتایبەت خانمان، مایەی هەڵوەستە لەسەر كردنە كە ئەمڕۆ كۆمەڵیك كچ و ئافرەتی بە توانا لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە توانیویانە سەرچاوەی داهاتی خۆیان مسۆگەر بكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

شادی حەسەن كچە كچێكی بوێر و چالاكی شارۆچكەی سەنگەسەرە و لە ماڵەكەی خۆیاندا كتێبخانەیەكی كردووەتەوە و بە شێوەی ئۆنڵاین و ڕاستەوخۆ كتێب دەفرۆشێت.

شادی حەسەن لە ساڵی 1994 لە شارۆچكەی سەنگەسەر لە دایكبووە و دەرچووی بەشی پەروەردە و دەروونزانی كۆلێژی پەروەردەی قەڵادزێیە، وێڕای ئەوەی كتێب دەفرۆشێت، بەشداری لە كردنەوەی پێشانگا گشتییەكانیش دەكات. لە گفتوگۆیەكدا بەمجۆرە چیرۆكی كاركردنی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە.

«ماوەی پێنج ساڵە خوێندنم تەواو كردووە، ساڵیك پێش تەواوكردنی خوێندن لە ماڵەوە كتێبخانەیەكم كردەوە و لە ئێستادا كتێبخانەكەم ئۆنڵاینە و لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە ناساندن بۆ كتێبەكانم دەكەم، جیا لەوەش ساڵانە پێشانگای كتێب لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان دەكەمەوە، تەنانەت لە زانكۆ و پەیمانگاكانیش بە هەمان شێوە پێشانگا دەكەمەوە».

هەروەها گوتی: «كتێب خوێندنەوە ئارەزووی پەسەندكراوی منە، پێش ئەوەی دەست بە بەكاری كتێب فرۆشی بكەم، پەیوەندییەكی باشم لەگەڵ كتێب و خوێندنەوەدا هەبوو، هەر ئەو هۆكارەش وایكرد بیر لەوە بكەمەوە كە ئەم كارە بكەم، چونكە لە ناوچەكەی من هیچ جۆرە كتێبخانەیەك بوونی نییە، هاوكات سەنگەسەر شارەدێیەكە، كەوتووەتە دەڤەری پشدەر یەكێكە لە گەورەترین ناحیەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان. دوای كاركردنم لە پێشانگایەكی كتێب بیرم لەوە كردەوە كە خۆم ببم بە خاوەنی كارەكە، ئەنجاممدا و سەركەوتوو بووم».

سەبارەت بە ئامانجی كاركردنی لەم بوارەدا دەڵێت: «ئامانجم ئەوەیە بتوانم كتێب خوێندنەوە و بڵاو بوونەوەی كتێب پەرە پێبدەم، لە هەمان كاتیشدا ویستم لەم ڕێگەیەوە ببمە خاوەنكاری خۆم، چونكە ئابووری سەربەخۆ بۆ كچێك زۆر گرنگە كە لە سەرەتای دەستپێكردنی خولیاكانی بێت، بێگومان بوونی ئابووری سەربەخۆ بۆ كچان و ئافرەتان جیا لە هەرشتێكی دیكە گرنگی خۆی هەیە، چونكە تاكو ئابووری سەربەخۆت نەبێت عەقڵێكی ئازادیشت نابێت. من بەشبەحاڵی خۆم كارەكەمم زۆر خۆشدەوێت و شانازی پێوە دەكەم، تەنانەت خەڵكیش بە گشتی تێڕوانینێكی ئەرێنییان بۆ كارەكەم هەیە و بە كارێكی پیرۆزی دەزانن».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش ئایا كاتێك بیرت لەوە كردەوە ئەو كارە بكەیت، هیچ ڕێگرییەكت لێكرا؟ یان بەپێچەوانەوە هاندەر و پاڵپشتیت هەبوو؟ ئەو گوتی: «سوپاس بۆخوا ڕێگرییەكی وام نەبوو كەم كەمیش هەر دەبێت، ئەویش بە هۆی بچووكی و داخراوی شوێنەكە بوو، بەڵام بۆ هەر كارێك كاتێك خێزانەكەت پاڵپشتیت دەكەن كارەكان بەڕێكی دەچنە پێشەوە، منیش خێزانەكەم پاڵپشتم بوون بەتایبەت براكانم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا زیاتر پشتم بە تواناكانی خۆم بەستووە».

شادی حەسەن دەربارەی پڕۆژە و بیرۆكەی داهاتووی كارەكەی دەڵێت: «وەك دەزانن لە ئێستادا كتێبخانەكەم لە ماڵەوەیە و بە ئۆنڵاین كتێب دەفرۆشم و ژوورێكی تایبەتم لە ماڵەوە بۆ ئیشەكەم تەرخانكردووە، لە داهاتوودا پشت بە خودا هەوڵدەدەم پێشانگاكەم ببەمە دەرەوە و گەورەی بكەم، تاوەكو بتوانم هەم كافێ و هەم كتێبخانەیەكی كلاسیك لە ناوچەكەی خۆمان بكەمەوە، هەروەها خەونی ئەوەم هەیە لە ناو كتێبخانەكەم دەرفەتی كار بۆ چەند خانمێك بڕەخسێنم، بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا ستافی كتێبخانەكەم كۆمەڵێك كچی چالاك و بەتوانا دەبن و لە ئاییندەیەكی نزیكدا كار بۆ ئەوە دەكەم».

شـــادی حــــەســــەن:  كتێبخانەكەم ئۆنڵاینە و لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە ناساندن بۆ كتێبەكانم دەكەم
شـــادی حــــەســــەن:  كتێبخانەكەم ئۆنڵاینە و لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە ناساندن بۆ كتێبەكانم دەكەم
Top