زیرەك كەمال سیاسەتمەدار و ڕاوێژكار لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:   حزب لە وڵاتی ئێمەدا سەرەتا وەك ئۆپۆزسیۆن دژی حكومەتەكانی عێراق دروست بووە، بۆیە ئێستەش كاتێك لە میدیا قسە دەكەن وەك ئۆپۆزسیۆن قسە دەكەن

زیرەك كەمال سیاسەتمەدار و ڕاوێژكار لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:     حزب لە وڵاتی ئێمەدا سەرەتا  وەك ئۆپۆزسیۆن دژی حكومەتەكانی عێراق  دروست بووە، بۆیە ئێستەش كاتێك لە میدیا قسە دەكەن وەك ئۆپۆزسیۆن قسە دەكەن

 

زیرەك كەمال، سیاسەتمەداری حزبی شیوعیی كوردستانە و ماوەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەم حزبە بووە، بێجگە لەوەی كوڕی شەهێدیكی قارەمانی كوردستانە، خۆیشی یەكێكە لە تێكۆشەرە دێرینەكان و لە ساڵە سەختەكانی هەشتاكاندا پێشمەرگە بووە و، لە دوای ڕاپەرینی بەهاری 1992ـەوە هەتا ئێستا یەكێك بووە لەو تێكۆشەرانەی وەك چەپێكی نەتەوەیی و نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ واقیع و پێشهاتە سیاسییەكاندا كردووە، لە ڕاپۆرتی مەیدانیی (ململانێی حزبی و ئایندەی هەرێمی كوردستان) بەم جۆرە ڕاو بۆچوونەكانی خستە ڕوو.

 

ئێمە باس لە مێژووی دامەزراندنی حزب لە باشووری كوردستان دەكەین، كە لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم حزبی سیاسیی دروست دەبێت و شێوازی خەبات و تێكۆشان لە چوارچێوەی بەرنامە و پەیڕەوی حزبدا كۆ دەكاتەوە و، دواتریش حزب بەردەوام دەبێت لە سەركردایەتیكردنی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان.

حزبی سیاسی وەك چوارچێوەیەك بۆ خەبات و كاری سیاسی، دەبێت بە دیدێكی ڕەخنەییانەوە هەڵوەستەی لەسەر بكەین و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی وەك خۆی دەستنیشان بكەین و قسەی لەسەر بكەین، هەر بۆیە حزب لە ڕووە ئەرێنییەكەیەوە، ڕۆڵێكی گەورەی لە مقاوەمەت و داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستاندا هەبووە و شۆڕشی هەڵگیرساندووە و شەڕی لەگەڵ هەموو ڕژێمە یەك لە دواییەكەكانی عێراق كردووە، هەر لەسەردەمی پادشایەتییەوە تا دەگاتە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، بێگومان ئەمە ڕووە ئەرێنییەكەتی، هەموو نیشتمانپەروەرێكیش شانازی بەو مقاوەمەت و بەرخۆدانەوە دەكات، بەڵام حزب لەسەر ئاستی قۆناغەكانی خەباتی شاخ و دواتریش لە قۆناغی دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لایەنی زۆر نەرێنیی هەبووە و ناكرێت چاویان لێ بپۆشین.

بەداخەوە لە سەردەمی قۆناغی خەباتی شاخدا حزب نەیتوانی بە شێوەیەكی مەدەنی و نیشتمانییانە مامەڵە لەگەڵ جیاوازییەكانی دەرەوەی خۆیدا بكات، ئاشكرایە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان تەنیا یەك حزب ڕابەرایەتیی نەكردووە، بە تایبەتی لە دوای ساڵی 1975ـەوە، بزووتنەوەیەك بووە فرەباڵ بووە و چەندین حزبی سیاسیی تێدا بووە، ئەم حزبانە نەیانتوانی بە شێوازێكی مەدەنی و لە چوارچێوەی بەرژوەندییە باڵاكانی كوردستاندا مامەڵە لەگەڵ یەكتری بكەن، لە هەندێك لە قۆناغە زۆر هەستیارەكانی ئەم نەتەوەیەدا تووشی پێكدادان و شەڕی شوومی ناوخۆ بوون و بە ڕێگەی توندوتیژی و یەكتركوشتن هەڵسوكەوتیان لەگەڵ یەكتری كردووە و، ململانێكان هێندە سەخت بوون، زۆر جار تەقیونەتەوە و كۆمەڵكوژی و ڕەشەكوژیی لێ كەوتووەتەوە.

دووبارە بەداخەوە لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەمانی بەرەی كوردستان، دیسان حزبە سیاسییەكان نەیانتوانی بە شێوازێكی مەدەنی و دیموكراتی و نیشتمانییانە لەگەڵ یەك مامەڵە بكەن، جیا لەو دەستتیۆەردانانەی حزب لەسەر هەموو ئاستەكانی ژیانی كۆمەڵگە و كۆی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا، بە شێوەیەكی زۆر خراپتر لە سەردەمی شاخ جارێكی دیكە ململانێكان زۆر بە سەختی تەقینەوە و چەندین شەڕی ناوخۆی دیكەی بەدوای خۆیدا هینا، كە خوێناویتریان شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، كە بێجگەلە هەزاران گەنج و هاووڵاتی ئەم نیشتمانە بە دەستی یەكتری كوژران، بە سەدان هەزار خێزانیش لە هەردوولا ئاوارە بوون و تا ئێستاش ئاسەوارەكەی هەر بەردەوامە.

لە دوای نەمانی شەڕی شوومی ناوخۆش، حزب جارێكی دیكە نەیتوانی بە شێوەیەكی مەدەنی و دیموكراتییانە وەك كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی پیادەی ئەرك و ڕۆڵی گرنگی حزب بكات، بە جارێك دەستی خستە ناو ورد و درشتی كۆمەڵگە و كۆی كایەی حوكمڕانی، كە ڕووە جوانەكانی هەموو شتێكی شاردووەتەوە، كە من لێرەدا ئاماژە بەو دوو بەربەستە گرنگە دەكەم، كە حزبی سیاسی لە پرۆسەی حوكمڕانیی ئەم وڵاتە دروستی كردووە:

1-    دامەزراندنی خەڵك و پڕكردنەوەی پۆستەكانی حوكمڕانی بە ڕێگەی تەزكیە و پشتگیریی حزب، كە ئەمە كۆی كایەكانی پرۆسەی حوكمڕانیی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقیش گرتووەتەوە.

حزب پلە و پۆستەكانی حوكمڕانیی كردووەتە پاداشت بۆ كادر و ئەندامەكانی و لە دەرەوەی حزب چاوی هیچ كەفائەت و پسپۆڕییەك نابینێت، كە دەتوانن خزمەتێكی زۆر گەورە بە بەرژەوەندیی گشتی و پەرەپێدانی پرۆسەی حوكمڕانی بكەن، هەربۆیە بە ڕێگەی پشتگیریكردن و تەزكیەی حزبی ئەو پلە و پۆستانە هەر لە وەزیر و ئەندام پەرلەمانەكان و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، تا دەگاتە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك حزبەكان پڕی دەكەنەوە، سەندیكا و ڕێكخراوە پیشەییەكان و تەنانەت هەتا دەگاتە دادگاكانیش حزب دەستتێوەردانی تێدا دەكات و حزب ئەندامەكانیان دیاری دەكات. ئەم تەزكیەی حزبییە بووەتە مۆرانەیەكی زۆر خراپ لەناو پرۆسەی حوكمڕانی داخوڕانی تێدا دروست كردووە و تووشی سڕبوونێكی ئەوتۆی كردووە، كە ناتوانیت بە باشی بجووڵێت و پێداویستییەكانی خەڵكی كوردستان دابین بكەن.

2-    ئەو ململانێ خراپەی ئێستا لە كوردستان هەیە، حزبی خستووەتە ناو قەیرانێكی سیاسی و فیكریی ئەوتۆ كە ئێستا كەوتووەتە ناو قەیرانی كاری ڕێكخراوەیی حزبی.

حزب لە كوردستاندا مودیلی حزبۆكراتی هێناوەتە ئاراوە، بەشێكی ئەم حزبۆكراتییە پەیوەندیی بە هۆشیاریی كۆمەڵگەوە هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەركردە و كادر و ئەندامانی ئەو حزبانەش لەو كۆمەڵگەیەوە هاتوون و پەروەردەی ئەو كۆمەڵگەیەن، بەشێكی دیكەی ئەم قەیرانە پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە حزب لە وڵاتی ئێمەدا سەرەتا وەك ئۆپۆزسیون دژی ڕەفتاری حكومەتەكانی عێراق دروست بووە، بۆیە ئەو حزبە سیاسییانەشی لە پێكهێنانی حكومەت و پەرلەماندا بەشدارن، هەر لە پەرلەمانتارێك و وەزیرێكەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەری ناحییەك كاتێك لە میدیا قسە دەكەن، وەك ئۆپۆزسیون قسە دەكەن، بەشێكی دیكەش پەیوەندی بە سیستمی حزبی وڵاتی ئێمەوە هەیە، هیچ حزبێكی سیاسی پابەندە نییە بەو (پەیڕەو و پڕۆگرامەی) كە خۆی بۆ حزبەكەی خۆی دایڕشتووە، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی كاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوتی حزبایەتی لە كوردستان دروست بكات.

لە دوماهیدا دەمەوێت بە چەند خاڵێك ئاماژە بە چەند پێشنیارێك بكەم:

1- حزبی سیاسی دەبێت پابەندی ئەو پەیڕەو و پرۆگرامە بێت كە مۆڵەتی حزبایەتی پێ وەرگرتووە، نەك بە میزاجی ئەم و ئەو.

2- دەبێت حزبە سیاسییەكان لەسەر بەرنامەیەك ڕێك بكەون، بەتایبەتی لەو كاتانەی هاوپەیمانی دەكەن بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی تازەی حكومەت، كە دوای پێكهینانی حكومەت چیتر دەستتێوەردان لە كاروباری حكومەت نەكەن، واز لە حكومەت بهێنن، بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكات كە هەر حزبەكان خۆیان لەسەری ڕێك كەوتوون.

 

 

 

Top