چوار كانزای پێویست بۆ ددان

چوار كانزای پێویست بۆ ددان

جگە لە ماددە خۆراكییە سەرەكییەكانی وەكو پرۆتین، كاربۆهیدرات، چەوری، هەموو بەشەكانی لەش پێویستییان بە ماددەی دیكەی وەكو ڤیتامین و كانزای جۆارجۆرەوە هەیە كە دادانەكانیش دەگرێتەوە. بەگشتی چوار جۆری كانزا زۆر گرنگن بۆ تەندروستیی و پتەویی ددانەكان، كە پێویستە ڕۆژانە بە بڕی تەواو لە ڕێگەی خۆراكەوە دابین بكرێن، كانزاكان بریتین لە: كالسیۆم، فۆسفۆڕ، مەگنسیۆم لەگەڵ پۆتاسیۆم. كالسیۆم: كە لە ددانەكاندا بە شێوەی فۆسفاتی كالسیۆمی كریساڵی هەیە، كە بەشە ڕەقەكەی ددان پێك دەهێنێت، واتە چینی مینا Enamel كە بەشەكانی ناوەوەی ددان دەپارێزێت، هەروەها كالسیۆم ڕۆڵی گرنگی هەیە لە دروستبوونی ئێسكدا كە وا دەكات ئێسكی شەویلاگ بە توندی ڕەگی ددانەكان لە چاڵەكانیاندا ڕابگرێت، سەرچاوە سەرەكییەكانی كالسیۆم بریتین لە شیر، پەنیر، ماست. فۆسفۆڕ: بەشدارە لە دروستبوونی ئاوێتەی فۆسفاتی كالسیۆمی كریساڵی، هەروەها یارمەتی كالسیۆم دەدات لە دروستبوونی و نوێبوونەوەی ئێسكدا، سەرچاوە خۆراكییەكانی فۆسفۆر بریتین لە: پەنیر، تۆوی كوولەكەی زستانە، نیسك، پاقلەی سۆیا، هەروەها گۆشتی سوور. مەگنسیۆم: هاوكات لەگەڵ كالسیۆم ڕۆڵی هەیە لە بینای چینێكی بەهێزی مینای دداندا لەگەڵ پاراستنی پتەویی ئێسك، سەرچاوە خۆراكییەكانی بریتین لە: سەوزە گەڵا تاریكەكان، دانەوێڵەی تەواو، پاقلەمەنییەكان، گەنمەشامی، لەگەڵ كاكڵەكانی گیز و باوی. پۆتاسیۆم: لەگەڵ مەگنسیۆمدا ڕۆڵی هەیە بۆ ڕێكخستنی ئاستی ترشێتیی خوێن، چونكە زیادبوونی ترشێتیی خوێن هۆكارە بۆ ڕاماڵینی كالسیۆم لە ددانەكان و ئێسكی شەویلاگ و لاوازبوونیاندا، سەرچاوە خۆراكییەكانی پۆتاسیۆم بریتین لە: مۆز، ئاڵو، ئاڤۆكادۆ، پەتاتە، تەماتە، سڵق.

Top