پێشانگای نەوار 62خانمە شێوەكاری كۆ كردەوە
ئا/كاروان كاوە
پێشانگای نەوار، كە پڕۆژەیەكی هونەریی هاوبەشی ساڵانەیە، شێوەكاران لەم پێشانگایەدا زمانی ڕەنگ و ستاتیكی و بیرۆكە و تەكنیك لە نێو تابلۆ ڕەنگاوڕەنگەكانیاندا دەبیننەوە.
بۆ ئەمساڵیش ئەو چالاكییە هونەرییە بووە میوانی هەولێر و گەلەری جیهانیان هەڵبژارد، كە تێیدا 62 خانمە شێوەكار بەشدارییان لە پێشانگای نەواردا كرد و 120 بەرهەمی هونەرییان پێشكەش كرد.
تابلۆكانی نێو پێشانگاكە سیرامیكی و كۆلاج و ئاوی و زەیتی بوون و، شێوەكاران لەم پێشانگایەدا هەوڵیان داوە داهێنان و سەلیقەی جوانی خۆیان بە نەخشاندنی تابلۆ ڕەنگینەكان بخەنە ڕوو. جگە لەم پێشانگایەش سەمایەكی ڕۆحیی مەولانەیی پێشكەش بە ئامادەبووان كرا، لەم بارەشەوە ئەندازیار بورهان سابیر سەرۆكی دەزگای ڕۆشنبیری زانكۆكانی جیهان ڕایگەیاند: «كۆبوونەوەی 62 هونەرمەندی شێوەكار لە گشت پێكهاتەكانی عێراقدا، جەختكردنەوەیە لە پێكەوەژیانی نەتەوەكان و سوودوەرگرتن لە هونەرەكەیان، بەتایبەت ئەو تابلۆ و كارە دەستی و سیرامیكییانەی كە گوزارشت لە ئایینە جیاوازەكان دەكەن و، بەشێكیش لە تابلۆكانی نەوار گێڕانەوەی مێژوويەكن لەم وڵاتە و نیشاندانی ڕوخساری جوانی سرووشتەكەیەتی»، هەروەها گوتیشی: «لە دەزگای ڕۆشنبیریی زانكۆكانی جیهان گەیشتووینەتە ڕێككەوتنێك لە ساڵانی ئایندەدا چەند پڕۆژەیەكی دیكەی هونەریی هاوبەش لەگەڵ هونەرمەندانی عێراقی ودەرەوەش ئەنجام بدەین».