ســەنــا تـــەهـــا : پێویستە ئافرەت پشت بە تواناكانی خۆی ببەستێت و چاوەڕوان نەبێت یەكێك یارمەتی بدات
زۆرن ئەو ئافرەتانەی كە بە شەونخونی و هەوڵی بەردەوام توانیویانە ببنە خاوەنكار و ئابووری خۆیان، سەنا تەها خانمێكی دەستڕەنگینە و بە كاری بەرگدروویی هاوكاری هاوژین و خانەوادەكەی دەكات، ئەو دایكی چوار منداڵە و لە پاڵ ئەركی دایكەیەتیدا برەو بە كارەكانی دەدات، ماوەی 23 ساڵە ئەو كارە دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سەنا تەها دانیشتووی شاری سلێمانییە و و وەك خۆی باسیدەكات بەهۆی نەبوونییەوە تەنیا قۆناغی بنەڕەتی خوێندووە، لە ئێستادا كارگەیەكی بچووكی دروومانی بە ناوی (بەرگدووری مینا) هەیە و لە هەمان كاتدا بەردەوام خولی فێربوونی دروومان بۆ خانمان دەكاتەوە. لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموون و سەرەتای دەستپێكردنی كارەكەی بۆ خوێنەران باس دەكات.
«ماوەی پێنج ساڵە خولی فێركاری بڕین و دوورین دەكەمەوە و زیاتر لە 23 ساڵە كاری بەرگدووری دەكەم، سەرەتا بۆ فێربوونی بەرگدووری حەزی خۆم و نەبوونی و هەژاری هاندەرم بوون تاوەكو ببمە خاوەنكاری خۆم، چونكە نەمویستووە داوای پارە لە هیچ كەسێك بكەم، سەرەتا دایكم و باوكم دواتر هاوسەرم هاندەرم بوون تا ئەمڕۆش لە پاڵپشتی كردنم بەردەوامن و ئێستاش هاندەرمن تاوەكو دوكانەكەم بكەم بە كارگەیەكی گەورەی دروومان.
بە حوكمی ئەوەی دایكم لە ماڵەوە بەرگدووری دەكرد، توانیم بە ئاسانی فێری دروومان ببم، هەر بەهۆی نەبوونییەوە لە تەمەنێكی زوودا وازم لە خوێندن هێنا، لەماڵەوە لەبەردەستی دایكم فێری بەرگدووری بووم و جلی ماڵەوەم بۆ خۆم دەدووری، كاتێك تەمەنم بوو بە 20 ساڵ دەستم بە كارەكەم كرد و تائێستاش بەردەوامم، ڕۆژانە لە دوكانەكەم خەریكی بەڕێوەبردنی خولی بەرگدووریم و دەرس دەڵێمەوە و لەم ڕێگەیەوە توانیومە هەلی كار بۆ ژمارەیەكی زۆر لە كچان و ژنانی سلێمانی بڕەخسێنم و ببنە خاوەنكاری خۆیان».
سەنا تەها لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا كاركردن و دایكایەتی زەحمەت نەبوو؟ ئەو گوتی: «كاتێك كە دایك بیت و كاری دەرەوە بكەیت زەحمەتە چونكە ئەركی دایكایەتی قوڕسە بەڵام سوپاس بۆ خوا زۆرباش كارەكانم بەڕێوە دەچن.
هاوكات من نزیكی ماڵی خۆم دوكانم هەیە، لەبەر ئەوە تا ئاستێكی باش توانیومە ئەو باڵانسە ڕابگرم و نەمهێشتووە كاركردنم ببێتە ڕێگر لە پەیڕەوكردنی ئەركی دایكایەتی و پەروەردە كردنی منداڵەكانم، ڕۆژانە ماڵ و منداڵ بەڕێوە دەبەم و هاوشانی هاسەرەكەم خەریكی ئیشی خۆمم، تەنانەت كچەكەم كە لە ئێستادا پۆلی دەی ئامادەییە حەزی لە بەرگدووری هەیە، بەڵام لەبەر خوێندن نەمهێشتووە ئەو كارە بكات».
سەبارەت بە جۆر و مۆدێلی ئەو جلانەی كە دەیدوورێت ئەو گوتی:» ئەو شتانەی دەیان دوورم بریتین لە جلی كوردی، ماكسی، جلی شەرعی، جلی دەرەوە وەك عەزی كیلۆت پانتۆڵ چاكەت و شانتۆڵ، حیجاب، لەچكی نوێژ و لەچكی مالیزی، دەستحەقی جلەكان لای من لە چاو شوێنەكانی تر زۆر هەرزان و گونجاون».
سەنا تەها لەبارەی پڕۆژە و پلانی داهاتووی كارەكەی دەڵێت: «بەرنامەم ئەوەیە كارەكەم گەورە بكەم و بیكەمە كارگەیەكی گەورە، چونكە بۆ ئافرت زۆر پێویستە خاوەنكار و داهاتی خۆی بێت، لەبەر ئەوەی نە باوك بۆمان دەمێنێت نە هاوسەر، ئافرەت دەبێت پشت بە تواناكانی خۆی ببەستێت و چاوەڕوان نەبێت یەكێك یارمەتی بدات، ئێمە سێ خوشكین هەریەكەمان بەكارێكەوە خەریكین و خاوەنكاری خۆمانین.»