بۆچی پڕۆژە زۆرەكانی نیشتەجێبوون نەبووەتە هۆكاری چارەسەری كرێنشینی؟
ئەو هەموو یەكەی نیشتەجێبوونە كە بە بەردەوامی لە هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن، بۆچی نەبوونەتە هۆكاری كەمبوونەوەی ڕێژەی كرێچی و دابەزینی نرخی خانوو؟ هۆكارەكەی چییە؟ بەردەوام سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم پێداگری لەسەر فرەچەشنیی داهات دەكەن، كەچی كەرتی بیناسازی(عقارات) و دروستكردنی باڵاخانەكان و یەكەكانی نیشتەجێبوون زۆرترین بایەخی پێدراوە. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان زیاتر تاوتوێی ئەم پرسە دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
لە هەرێمی کوردستان ڕەوتی پێشکەوتن و ئاوەدانی هەنگاو بە هەنگاو لە پێشوەچووندایە، بە خۆشحاڵییەوە لە کابینەی نۆیەمی حکومەت دەستی ئاوەدانکردنەوە گەیشتووەتە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە کەرتی خانووبەرە و یەکەکانی نیشتەجێبوون، کە بەردەوام لە فراوان بووندایە، ئەوەش بووەتە مایەی ئومێدی خەڵکانی کەمدەرامەت و کرێنشینان، بەشێکی ئەو پڕۆژانە بە شێوەی قیستی درێژخایەن بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێنەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لێرە و لەوێ دەبینین ئەو ژمارە زۆرەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و ئەو ژمارە زۆرەی یەکەکانی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی چەند نهۆمی نەبوونەتە هۆی چارەسەری قەیرانی نیشتەجێبوون و کەمبوونەوەی کرێچێتی و کەمکردنەوەی کرێی خانوو و شووقە، لەم ڕوانگەیەوە هاوڵاتییان ئەو پرسە تاو و توێ دەکەن.
عەلی ئیبراهیم حەسەن ڕاوێژكار لە بزنێسی عقارات، ڕای وایە: «دانەبەزینی كرێی خانوو بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە، لەوانە هەولێری پایتەخت ئارامی و سەقامگیری تێیدا بەرقەرارە، ئەوەش وادەكات بەردەوام خاوەن كار و بزنێس لەو شارەدا بمێننەوە، چونكە پاراستنی سەروماڵیان لە گەرەنتیدایە و تێیدا سەلامەت و پارێزراون. هەروەها بەرجەستەبوونی پاكێجێكی تەواوی خزمەتگوزاری لە بواری خۆشگوزەرانی و پەروەردەیی و فێركاری و تەندروستی و كۆمەڵایەتی، ئەوانە هۆكارگەلێكن تاوەكو سەرمایەداران پڕۆژەكانیان لەو شارەدا جێبەجێ بكەن، خاڵێكی دی ئەوەیە كە بە هۆی گۆڕانكاری لە كەشوهەوادا خەڵك لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەتایبەتی لە وەرزی گەرما ڕوو دەكەنە كوردستان و لە ئێستا و لە ئایندەشدا ناوچە گەشتییارییەكانی كوردستان دەبنە چەقی وەبەرهێنان، لەلایەكی دیكەوە ناجێگیریی بارودۆخی ئەمنیی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكانی دەوروبەرمان و لەگەڵ داڕمانی ئابووری و بێ بەهابوونی دراوی وڵاتانی دراوسێ وای كردووە بەردەوام خەڵك بۆ دەستكەوتنی هەلی كار و بزنێس ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، تەنانەت درێژەكێشانی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا وادەكات بارگرانییەكی زۆر لەسەر وڵاتانی ئەوروپا دروست بكات، پێشبینی دەكرێت لە ماوەی چوار پێنج ساڵی داهاتوو ئەو یەكێتییەی كە هەیە بەناوی یەكێتیی ئەوروپا تووشی لێكترازان ببێت و ڕووبەڕووی داڕمانی ئابووری بێت. لەبەر ئەوە لە ئێستاوە خەڵكێكی زۆر بیر لەوە دەكەنەوە كە یەكەی نیشتەجێبوونیان لە كوردستاندا هەبێت، بە تایبەت ئاوارە و پەنابەران و تەنانەت ئەوانەی كە لە ئەوروپا نیشتەجێن، لە هەرێمی كوردستان یەكەی نیشتەجێبوون دەكڕن و ساڵانە كە دەگەڕێنەوە تێیدا نیشتەجێ دەبن، بێ ئەوەی بە كرێی بدەن. هەروەها بەشێك لەو پڕۆژانە كە دەبوو تەواو بێت، بەڵام بە هەر هۆكارێك بێت تەواو نەكراون، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ساڵانە ڕێژەی دانیشتووان زیاد دەكات و لە هەرێمی كوردستان نزیكەی سەد هەزار گەنج پێویستی بە یەكەی نیشتەجێبوون دەبێت، دیارە ئەو یەكە نیشتەجێبوونانەی لە ڕابردوودا دروست كراون، بۆ چینی ناوەند و دەوڵەمەند دروست كراون، نەك بۆ خەڵكی كەمداهات و كرێچی، بۆ ئەو چینەی كۆمەڵگەش پێویستی بە پڕۆژەی تایبەت هەیە و ئەوەش لە بەرنامەی حكومەتی هەرێمدایە و ئێستا كاری لەسەر دەكرێت».
گوڵان حوسێن، چالاكی مەدەنییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە هەموو جیهاندا ناهاوتایی هەیە لە بەردەوامیی ڕێژەی دانیشتووان و شوێنی نیشتەجێبوون، كوردستانیش بەدەر نییە لەم ناهاوتاییە. یەكەی نیشتەجێبوون بەردەوام دروست دەكرێت، بەڵام نەبووەتە هۆی كەمكردنەوەی ڕێژەی كڕێچی، ژمارەی دانیشتووانیش ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوونە، واتە هەرچەندە یەكەی نیشتەجێبوونی زۆر دروست كراون، بەڵام خەڵكی هەژار و كرێچی نەیتوانیوە سوودی لێ وەربگرێت، بە هۆی زۆریی نرخیان زیاتر خەڵكی دەستڕۆیی و دەوڵەمەند سوودیان لەم یەكە نیشتەجێبوونانە وەرگرتووە».
سەبارەت بە چارەسەریش ئەو خاتوونە گوتی: «ئەركی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدارە كار لەسەر ئەوە بكەن، كە خەڵكی هەژار و كەمداهات و كرێچی ببن بە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوون، پێویستە كار بۆ كەمكردنەوەی نرخی خانوو بكرێت، یان بە شێوەی قەرزی درێژخایەن بە هاووڵاتیانی هەژار و كرێنشینان بدرێت».
عوبێد خدر، كۆمەڵناسە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «لە چەند ساڵی ڕابردوو هەزاران یەكەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەناو شارەكان دروست كراون، لە سەرەتادا كاریگەرییان لەسەر كرێنشینان هەبوو، بەتایبەت ئەو پرۆژانەی بۆ كرێچی دروستكران و بەسەر كرێنشینان دابەشكران، بۆ نموونە شوقەكانی هانا سیتی لە هەولێر ڕێژەیەكی بەرچاو لە خەڵكی كرێنشین لێی سوودمەند بوون، یان پڕۆژەكانی (هیران سیتی و ئاشتی سیتی و بیابان و منارە و لاوان و...هتد)، ئەوانە كاریگەریی باشیان لەسەر خەڵكی كەمداهات و داهات سنووردار هەبوو، بەتایبەتی مامۆستا و فەرمانبەران، بەڵام نەبووە هۆی چارەسەری یەكجارەكی كێشەی كرێنشینان، ئەمەش لەبەر ئەو هۆكارانەی خوارەوە:
1_ ئەو پڕۆژانە پێویستیان بە پلانێكی وردتر و دوورمەودا هەبوو، بەتایبەت شوقە بۆ كرێنشینان، یان ئەو پرۆژانەی بۆ نیشتەجێبوون دروست كران. پێویستە توێژینەیەكی ورد لەسەر ڕێژەی كرێنشینان بكرێت و ساڵانە دەفەرت بۆ چەندین كرێنشین دەستەبەر بكرێت و بە شێوەی قیستی درێژخایەن یەكەی نیشتەجێبوون بە كرێچییان بدرێت، بەتایبەتی بەو گەنجانە كە هاوسەرگیری دەكەن، هەروەك لە چەندین وڵات هەیە، یان ئەوانەی هیچ خانوو و زەوییەكیان نییە بۆ نیشتەجێبوون.
2- دابەشكردنی زەوی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمەوە هەبوو، دەبوایە بە بەرنامەی وردتر زەوی بدرێتە كەسانی شایەن، نەك كەسێ دوو سێ زەوی پێ بدرێت و خەڵكانی كرێچیش لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبن. جگە لەوەی لەگەڵ پێدانی زەوی دەبوایە پێداویستی و كەلوپەلی خانووبەرەیان پێ بدرێت، نەوەك لەبەر ناچاری و بۆ بژێوی ژیانی زەوییەكە بفرۆشێتەوە، دواتر هەر لە خانووی كرێ بمێنێتەوە.
3_ دەبوایە شارەوانییەكان پلانێكی وردیان لەبارەی دابەشكردنی زەوی هەبوایە، هەر مامۆستایەك، فەرمانبەر، یان پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدانی (200_ 250)مەتر زەوییان پێ نەدرێت، بەڵكو هەر كەسەو 150 مەتر زەوییان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی ئەو زەوییانە دابەشی دوو بەش نەكرێن و كاتێ زەوییەكان دەكرێنە خانوو وەك خۆیان بمێننەوە، ئەمەش كاریگەری باشی لەسەر ئەو ناڕێكی و جەنجاڵییەی ناو شارەكان دروست نەدەكرد، زۆر لە كۆڵانی گەڕەكەكان لەبەر وەستانی ئۆتۆمبێل ڕێگەی هاتوچۆ نەماوە.
4_ لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندین زەوی دراوە بە وەبەرهێنەران، بەڵام كراون بە خانووی گەورە و گرانبەها و ڤێلا بۆ دەوڵەمەندەكان، ڕووبەری ئەو خانووانە 300 تا 1000 مەترن، كە لە توانای كڕینی كەسانی هەژاردا نین.
5_ ئەو پڕۆژە گەورە و گرانبەهایانەی بیناسازی لە جیاتی چارەسەری گرفتی كرێنشینان بوونەتە هۆی گرانبوونی كرێی نیشتەجێبوون، چونكە بە مەبەستی بازرگانی و قازانج دروست دەكرێن، بەتایبەت كەسانی دەوڵەمەند لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و كەسانی بیانی سوودیان لە پڕۆژەكانی بیناسازی وەرگرتووە، لەو پڕۆژانە 2%ی كورد، یان خەڵكی هەرێمی كوردستانن، 98%ی كەسانی بیانی كڕیویانە. ئەم بابەتەش لەداهاتوودا كاریگەریی خراپی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت و خەڵكی بیانی لە خەڵكی شارەكە زیاتر دەبێت.
دانیە هەوراز بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەكان لە كۆمپانیای حاجی سەلام، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت:»
لە ڕاستیدا ناتوانین بڵێین زۆری پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون نەبوونەتە هۆكاری كەم بوونەوەی كرێچیەتی، بە پێچەوانەوە پڕءژەكانی نیشتەجێبوون تا ئاستێكی باش بوونەتە هۆكاری ئەوەی هاوڵاتییان لە كرێچێتی ڕزگاریان بێت، دەتوانم بڵێم 50% كێشە و گرفتی هاوڵاتیانی چارەسەر كردووە، بە تایبەتی ئەو پڕۆژانەی كە بە شێوازی قیست دروست دەكرێن یان بە پێشەكییەكی كەم دەفرۆشرێنەوە، ئەوەش دەبێتە یارمەتیدەر بۆ خەڵكی كەمدەرامەت بۆ ئەوەی لە كرێچێتی ڕزگاریان بێت، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین لە زۆربوونی كرێچێتی هۆكارەكەی بۆ سروشتی ژیانكردن دەگەڕێتەوە، لە ڕابردوودا كوڕ كە هاوسەرگیری دەكرد ماوەی چەند ساڵێك لە ماڵی باوكی دەمایەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە سەرەتای هاوسەرگیرییاندا لە ماڵی جیا ژیان دەستپێدەكەن، دیارە لە سەرەتاشدا توانای كڕینی خانوو یان شوقەیان نابێت و ناچار دەچنە خانووی كرێ.
ئاشكرایە لە هەموو وڵاتانی دونیا كرێنشینی بوونی هەیە بەڵام بە ئاست و ڕێژەی جیا جیا كە دەگەڕێتەوە بۆ سەر باری ئابووری تاكەكان، چونكە هەموو خێزانەكان لە یەك ئاستی ئابووریدا نین، لەلایەكی دیكەشدا شاری هەولێر بەپێی ئەوەی پایتەختی هەرێمی كوردستانە و ناوچەیەكی سەقامگیرە، بزنسكار و خاوەن پڕۆژەكان كار و پڕۆژەكانیان دەهێننە كوردستان و وەبەرهێنان لێرە دەكەن.