د. دیندار نەجمان دۆسكی سیاسەتمەدار: ئەو خۆپیشاندانانەی لە دژی ئەو دەستدرێژییانەی ئێران كران، كارێكی باش بوو، بەڵام بەەداخەوە هەڵوێستی حزبە سیاسییەكان لە ئاستی پێویست و گەورەیی ڕووداوەكە نەبوو

د. دیندار نەجمان دۆسكی سیاسەتمەدار:  ئەو خۆپیشاندانانەی لە دژی ئەو دەستدرێژییانەی ئێران كران، كارێكی باش بوو، بەڵام بەەداخەوە هەڵوێستی حزبە سیاسییەكان لە ئاستی پێویست و گەورەیی ڕووداوەكە نەبوو

 

 

 د.دیندار نەجمان دۆسكی سیاسەتمەدارێكی دیاری كوردستانە و پێشتر وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی بووە، لەم ڕاپۆرتەی بازنەی گفتوگۆ «بەئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی» بەم جۆرە دید و تێڕوانینەكانی خۆی خستە ڕوو:

 

ئێمە كە لە ناوچەیەكی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ كێشە و شەڕدا دەژین، ئەگەر سەرنج بدەین فاكتەری سەرەكی بۆ شەڕ و ناسەقامگیری و كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر لە یەمەنەوە تا دەگاتە سووریا و لوبنان و عێراق، بە شێوەیەك لە شێوەكان دەستی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پشتەوەیە.

ئێران دەوڵەتێكە لە ناوخۆی خۆیدا كێشەی زۆرە و كێشەكانیش لەسەر لێواری تەقینەوەن و خەڵكەكەی ناڕازییە، بەتایبەتی بەم دواییە كە لە ساڵیادی قاسم سولێمانیدا ئەو هێرشە تیرۆریستییە ئەنجام درا و، لە ئاكامدا ژمارەیەكی زۆر قوربانیی لێ كەوتەوە، ئەو كارە تیرۆریستییەی لەو بۆنەیەدا ڕووی دا، هاووڵاتیانی ئێران وەك جۆرێك لە شكستی حكومەتەكە لە قەڵەمی دەدەن، هەر لەم ماوەیەدا چەند جارێك لە ئاكامی ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر بنكە و بارەگاكانی میلیشیا چەكدارەكان لە سووریا، چەندین سەركردەی سوپای پاسداران كوژراون، لەم حاڵەتەدا كە ئێران ناتوانێت كێشە ناوخۆییەكانی خۆی چارەسەر بكات، هەوڵ دەدات لە دەرەوەی وڵاتی خۆی كێشە دروست بكات، بۆ ئەوەی كێشە ناوخۆییەكانی پێ پەردەپۆش بكات و خەڵكەكەی خۆی بە كێشەكانی دەرەوە سەرقاڵ بكات.

هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بۆ لێدانی بە مووشەكی بالیستیكی گەڕانە بە دوای ئەڵقەیەكی لاواز لە ناوچەكەدا، ئێران دەزانێت هەرێمی كوردستان خۆی توانای بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی نییە و، هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لە عێراق، كە خودی دەوڵەتی عێراق هاوپەیمانی ئێرانە.

لێرەوە ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین، ئەو بیانووانەی ئێران بە هەرێمی كوردستانی دەگرێت و دەڵێت لە هەرێمی كوردستان بنكەی مۆسادی ئیسرائیلی هەیە، ئێ باشە ئەمە كاری دەوڵەت و حكومەتی عێراقە كە ڕێوشوێنی پێوست بگرێتەبەر و ڕێگری لێ بكات، چ یاسایەكی نێودەوڵەتی ڕێگەی پێ دەدات، سەروەریی دەوڵەتێكی دیكە ببەزێنێت و هێرشی بكاتە سەر؟ بۆیە هەر ئەم ڕەفتارەی ئێران ئەو بیانووە پووچەڵ دەكاتەوە كە ئێران بانگەشەی بۆ دەكات، هەر بۆیە هەولێر و هەرێمی كوردستانیشی كردووەتە ئامانج، لەبەر ئەوەی باش دەزانێت هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییە و توانای ئەوەی نییە بەرپەرچی ئێران بداتەوە، ئێران چەندین جاری دیكەش هەولێری كردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی كێشە ناوخۆییەكانی خۆی پێ پەردە پۆش بكات.

بە دڵنیاییەوە و زۆر بە ڕاشكاوانە دەڵێم: ئەگەر ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی بنكەی مۆسادی ئیسرائیلی بوایە و ئاڵایەكی ئیسرائیلی لەسەر بوایە، ئێران بوێریی ئەوەی نەدەبوو كە هێرش بكاتە سەر ئەو ئاڵایە، نەك بە مووشەك بەڵكو نەیدەتوانی فیشەكێكی بەرامبەر بتەقێنێت.

ئیران لە سووریا چەندین میلیشیای چەكداری هەیە، لە لوبنان حزبوڵڵای هەیە، هەموو ئەم میلیشیایانە ڕۆكێتی ئەوتۆیان لەبەردەستە كە دەگەنە هەموو شارەكانی ئیسرائیل، پرسیار ئەوەیە بۆچی ئێران لە سووریا و لوبنانەوە شارەكانی ئیسرائیل بۆردومان ناكات كە زۆر لێوەی نزیكن؟ هەروەها هەر لە نزیك خۆی لە بەحرێن و ئیمارات بە فەرمی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل هەیە، بۆچی هێرش ناكاتە سەریان؟ ئەمە لەبەر ئەوەیە ئەوانە دەوڵەتن و عێراق پاشكۆی ئێرانە، بینیمان پاكستان چۆن وەڵامی هێرشە مووشەكییەكەی ئێرانی دایەوە و ئێران نەیتوانی وەڵام بداتەوە.

لە هەردوو هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر كە هەردوو جارەكە بە هەمان بیانووی ئیسرائیل هێرشەكانی ئەنجام دابوو، بۆ هەردوو جارەكەش لەسەر حكومەت و پەرلەمانی عێراق لێژنەی هاوبەش لەگەڵ پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك هاتوون، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكە بكەن، ڕاپۆرتی ئەو لێژنە هاوبەشانە بەوجۆرە بووە كە ئەوە ماڵی هاووڵاتیانی سڤیلە، هەر بۆیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەركۆنەی ئەو هێرشەیان كردووە و شەرمەزاریان كردووە، لەبەر ئەوە لە ئاكامی ئەو هێرشانە شەهید هەبووە و لە ناویاندا منداڵی ساواشی تێدا بووە.

لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان، ئەو خۆپیشاندانانەی لە دژی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە كران، كارێكی باش بوو، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستی حزبە سیاسییەكان لە ئاستی پێویست و گەورەیی ڕووداوەكە نەبوو. ئێمە چاوەڕێی هەڵوێستی توندتر و ڕژدترمان دەكرد، لەبەر ئەوەی یەكەم هەولێر پایتەختی كوردستانە و، ئەو قوربانییانەشی لە ئاكامی ئەو هێرش و دەستدرێژییە شەهید بوون، خەڵكی هەرێمی كوردستانن، شەهید پێشڕەو دزەیی هەموو كوردستان دەیناسێت و دەزانن خزمەتی هەرێمی كوردستان و تەنانەت عێراقیشی كردووە.

هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم هێرش و دەستدرێژییانەی كرانە سەر هەولێر، تا ڕاددەیەكی زۆر باش بوو، بەتایبەتی كە دەوڵەتە گەورەكانی وەك ئەمریكا و بەریتانیا و فیدراسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا هەموویان سەركۆنەی ئەو هێرش و دەستدریژییەی ئێرانیان كرد و شەرمەزاریان كرد.

 

 

Top