ڕۆژگار موحسین  بەرپرسی یەكەی مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان:   ڕێژەی بەشداریی ئافرەت لە كەرتی گشتی و تایبەت زۆرە، بەڵام لە شوێنی بڕیاردان و پۆستە باڵاكان زۆر كەمە

ڕۆژگار موحسین  بەرپرسی یەكەی مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان:     ڕێژەی بەشداریی ئافرەت لە كەرتی گشتی و تایبەت زۆرە، بەڵام لە شوێنی بڕیاردان و پۆستە باڵاكان زۆر كەمە

 

لە پێناو بایەخدان و بەگەڕخستنی تواناكانی خانمان و دەستەبەری یەكسانی لە ئەرك و مافدا لە نێوان هەر دوو ڕەگەز، لە دیوانی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەیەكی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤـ كراوەتەوە. ڕۆژگار موحسین بەكر، بەرپرسی یەكەی مافی مرۆڤ لە وەزارەتی داد، وردەكاریی ئەو یەكەیە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەخاتەڕوو.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ڕۆژگار موحسین بەكر، بەرپرسی یەكەی مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وردەكاریی ئەو یەكەیە بەمجۆرە دەخاتەڕوو: «یەكەی مافی مرۆڤ لە 27/12/2018 لە دیوانی وەزارەتی داد بە فەرمی دامەزراوە، لە پێناو برەودان بە توانا و لێهاتوویی خانمان كاری كردووە. ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران كار دەكەین. بەپێی ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییەی كە وەكو وەزارەتی داد لەسەر ئێمەیە، كار لەسەر ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانمان دەكەین، ئەویش لە پێناو چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ بە شێوەیەكی گشتی، لە سەرەتای دروستبوونی ئەو یەكەیەش، ناوەكەی «یەكسانی جێندەری و مافی مرۆڤ» بوو، دواتر بە فەرمانی جەنابی وەزیر ناوەكەی كرا بە «یەكەی مافی مرۆڤ»، ئەویش بە حوكمی ئەوەی لە كوردستان وشەی جەندەر لەلایەن هەندێك كەسەوە قبووڵكراو نییە».

بەرپرسی یەكەی مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: «بەردەوام زیادكردنی ڕێژەی دادوەری ئافرەت لە پێشینەی كارەكانماندایە، هەروەها لە پەیمانگەی دادوەری ڕێژەی بەشداری ئافرەت زیاد كراوە، تەنانەت هەوڵ دراوە، ئافرەتان لە هەموو شوێنە هەستیار و گرنگەكان بڕیار بە دەست بن، لە هەموو حاڵەتەكانیشدا بۆ چوونە پێشەوەی ئافرەت، لە كاتی بوونی گیروگرفت ئێمە وەكو یەكەی مافی مرۆڤــ یارمەتیدەری دەبین و لە ڕێگای ئەو یەكەیە هەوڵ دەدرێت ڕێژەی بەشداریی ئافرەت لە شوێن و جێگەی بڕیاردان زیاد بكرێت». گوتیشی: «بە حوكمی ئەوەی مافی ئافرەت لە گرنگترین بەشی مافی مرۆڤدایە، ئەركی مافی مرۆڤ لەناو وەزارەتەكان، پاراستنی مافی فەرمانبەران و هاووڵاتییانە بەگشتی و مافی ئافرەت بەتایبەتی. وەك وەزارەتی داد، كار كراوە بۆ یەكسانیی ئافرەت و پیاو و زیادكردنی ڕێژەی ئافرەت لە شوێنی بڕیاردان، هەروەها كار لە پلانی هەرێم دەكەین بۆ مافی مرڤ و نەهێشتنی جیاكاریی ڕەگەزی و ئایین».

سەبارەت بە پلان و چالاكییەكانی یەكەكەشیان، ڕۆژگار موحسین گوتی:

«یەكەكەمان چەندین چالاكیی جۆراوجۆری ئەنجام داوە، لەوانە چەند كۆنفڕانسێك لەسەر چۆنیەتی كاراكردنی كاركردن بە یاسای بازرگانیكردن بە مرۆڤ، ئەنجامدانی دانیشتنێكی گەورە لە شاری هەولێر و لە بەغدا، هاوكات كاركردن لەسەر دۆخی ئەو منداڵانەی لە دایك و باوكی داعش لە دایك بوون، ئەویش بە مەبەستی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانیان، وێڕای ئەوانەش یەكەی یەكسانیی مافی مرۆڤ، كار دەكات بۆ دیراسەكردن و بەدواداچوون بۆ ڕەوشی ئافرەتان لە چاكسازییەكان و لە نزیكەوە ئاگادار بوون لە گرفتەكانیان و چارەسەر كردنیان، هەروەها كاركردن لەسەر هەمواركردنەوەی یاسایەك بۆ تاوانی كۆمەڵكوژیی خوشك و برا ئێزدییەكان لە شەڕی داعش».

سەبارەت بە پێگەی ئافرەتانیش لە بواری كاركردن لە دەرەوەی ماڵ گوتی: «هەرچەندە ئافرەتان لە تێكەڵبوون بە كار لە فەرمانگە حكوومی و ئەهلییەكان درێغییان نەكردووە و ئاستێكی باشیان بڕیوە و، ڕاستە ڕێژەی بەشداریی فەرمانبەری ئافرەت لە هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت زۆرە، بەڵام لە شوێنی بڕیاردان و پۆستە باڵاكان ڕێژەكەیان زۆر كەمە.

لەبەر ئەو هۆكارانە پێموایە هەبوونی یەكەیەكی تایبەت بە پرسی یەكسانیی مافی مرۆڤ لە وەزارەتەكان ڕۆڵێكی باشی لە پێشكەوتنی كۆمەڵگە دەبێت، بەڵام پێویستی بە كات و كاركردن هەیە، هەروەها پێویستی بە پلانێكی پوخت و گشتگیرە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات بتوانرێت ئەو یەكسانییە وەكو خۆی كە هەیە، دەستەبەر بكرێت، ئامانجی یەكەكەمان ئەوەیە هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە بە هەردوو ڕەگەزەوە (بە ژن و پیاو و منداڵ و پیر) وەك مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و بەبێ جیاوازی لە كۆمەڵگەدا یەكسان بن».

 

ڕۆژگار موحسین  بەرپرسی یەكەی مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان:     ڕێژەی بەشداریی ئافرەت لە كەرتی گشتی و تایبەت زۆرە، بەڵام لە شوێنی بڕیاردان و پۆستە باڵاكان زۆر كەمە
Top