ئاریان سەرسام

ئاریان سەرسام

لە ناوی هونەرمەندەكەوە، ئاریان سەرسام، نیگامان بەرەو دنیای هونەری نیگاری منداڵان بە دەست و پەنجەی ئەو، دەبەین. بە درێژایی حەفتا ساڵ لە تێكۆشانی كورد لە نێو دەوڵەتی داگیركەری عیراقدا، ڕاپەڕینەكەی 1991 گەورەترین كاریگەری و نەخشی كارای لە ڕەنگڕێژ و نەخشڕێژ كردنی ڕێڕەوی بەدەست هێنانی مافی نەتەوەییانەی كورددا هەبوو. بۆیەش باسی 33 ساڵ بەر لە ئێستا دەكەم، چونكە كرۆكی باسەكەمان لەوێوە سەرچاوە دەگرێت.

ئاریان سەرسام

ڕاپەڕینی مەزن، هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حوكمەتی بەدوادا هات. دەسەڵاتی خۆماڵی، بە هیچ شێوەیەك، بە دەسەڵاتی داگیركەر بەراورد ناكرێت. داگیركەر دەرچوونی گۆڤارێك بۆ منداڵانی كورد (نموونەشمان گۆڤاری «ئەستێرە»یە) بە مەترسی دەزانێت، بەڵام لە سایەی دەسەڵاتی خۆماڵی لە ڕاپەڕینەوە تا دەگاتە ئێستا، دەیان گۆڤاری منداڵان لە گەورە شارانی كوردستاندا دەرچوون. وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هەر لە یەكەمین كابینەی حوكمەتی كوردستانەوە، بڕیاری دەركردنی گۆڤاری «هەنگ»ی بۆ منداڵانی كوردستان دا. لاپەڕەكانی ئەو گۆڤارەش پێویستی بە نیگاركێشی منداڵان هەبوو. هەنگین ئاریان سەرسام كیژۆڵەیەكی تازە ڕاچەنیو بوو، عەبدولخالیق سەرسامی باوكی خانەوادەیەكی كولتوورپەروەری چێ كرد بوو، ئیدی بۆیە ئاریان سەرسام زۆر بە متمانەوە توانیی گەشە بە خولیای خۆی لە بواری نیگاری منداڵان بدات. دوای تێپەڕ بوونی پتر لە سی ساڵ، ئێستا ئاریان سەرسام هونەرمەندێكی زۆر توانایە، نیگاركێشێكی ناسراوی هونەری نیگاری منداڵانە، لەم تەرزە هونەرەدا، خاوەن شێوازی تایبەت بە خۆیەتی.

ئاریان سەرسام

لە ڕووی بابەتەوە، نیگاری ئاریان بە دەوری سروشت و بابەتی پەروەردە و ژینگەی كۆمەڵایەتیدا دەخولێنەوە. بەرهەمی ئەو لە هەستی قووڵی نەتەوەخوازی و نیشتیمان پەروەرییەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر نیگارێكی ئەو وانەیەكە و ئاراستە بە منداڵانی كوردستان كراوە. بۆنە و یادەكان بە زمانێكی بەرزی ستاتیكی بەسەر دەكاتەوە، نیگاری ئەو هێندە جوان و بەرجەستەیە، قووڵ لە زەینی منداڵدا دەچەسپێت. هەستێكی بەرزی مرۆڤ دۆستی لە تێكڕای بەرهەمی ئەودا دەخوێندرێتەوە.

شتێكی كە زۆر مایەی ستایش و سەرنجە، زۆر وردەكارانە نیگار دەكێشێت، پوخت و پاك، جوان و دڵگیر گەڵاڵەی دەكات، ئەندێشەی نێگاركێشانەی ئەو، ئاوێتەیەكە لە دنیای واقیع و خەیاڵ، ئەمەش لە ڕووی پەروەردەییەوە گەشە بە هەستی جوان دۆستی و خۆناسی و ژینگە دۆستیی منداڵ دەدات، زۆر بە چڕی و ئارام، پەردەی خەیاڵ و خەیاڵدانی ئەوان پاراو دەكات، ئەو بە هونەرەكەی ڕۆڵێكی زۆر كارای پەروەردە و پێگەیاندن دەگرێتە ئەستۆ، ئەمەش پەیامێكی بەرزە و تەنیا هونەر دەتوانێت بیگرێتە ئەستۆ.

ئاریان سەرسام

لە بنەڕەتدا ئاریان نیگاركێشێكی توانایە، وەك لە لای هەموو نیگاركێشێك وا باوە، مۆدێلی دەموچاوی منداڵەكان (شافیگەر)ی نێو نیگارەكانی، دروست سیمای ڕوخساری ئەوی (هونەرمەندن)، ئەمەش كارێكی نەستەكی و بەدەر لە ویستی نیگاركێشە. هەر بە نیگار، لە نێو شارەوە بۆ باوەشی سروشت گەشتی هونەر دەكات. بە سوود وەرگرتن لە تەكنیكی دیجیتاڵ، ئاستی بەرجەستە كردنی نیگارەكانی بەرزتر و درەوشاوەتر كردووە. ئاریان زۆر بە هێوری و ورد ئێمەی گەورانیش بەرەو دنیای ڕەنگینی منداڵان دەبات، پێشم وا نییە منداڵێك هەبێت بتوانێت ئاوێتە بە نیگارەكانی ئەو نەبێت، سیحری جوانییەكی بە تەوژم، بینەر، چ گەورە بێت یان كچگە، بەرەو دنیای ڕەنگینی نیگارەكانی پەلكێش دەكات.

Top