عەبدولڕەزاق عەلی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: كۆتای پێكهاتەكان لەپاڵ كۆتای ژناندا دوو سیمای عەدالەتخوازانەی ئەزموونی حوكمڕانی و پەیڕەوكردنی دیموكراسین لە هەرێمی كوردستاندا
عەبدولڕەزاق عەلی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەڕێوەبەری گشتیی ئێزگەی دەنگی كوردستانیشە، توێژەر و ڕۆژنامەنووسێكی بەئەزموونە لە بواری بایەخدانی بە گرنگیی پاراستنی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كورستان، سەبارەت بە تایتڵی گفتوگۆی ئەم جارە (هەڵبژاردن و كۆتای پێكهاتەكان) بەم جۆرە دید و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو:
بەرلەوەی دوو قسە لەسەر مافی پێكهاتەكانی كۆمەڵی كوردستان و سیستمی كۆتا و هەڵبژاردن بكەین، با چوار ڕاستی بخەینە ڕوو، یەكەم: ڕێكخستن و چەسپاندنی سیستمی كۆتای پێكهاتەكانی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، یەكێك لە گەشترین ڕووەكانی ژیانی سیاسی و حقووقی هەرێمی كوردستانە. بوونی كۆتای پێكهاتەكان لەپاڵ كۆتای ژناندا سەرباری چەسپاندنی ئەمەی دواییان لە نێو دەستووری عێراقیشدا، دوو سیمای دیموكراسییانە و عەدالەتخوازانەی ئەزموونی حوكمڕانی و پەیڕەوكردنی دیموكراسین لە هەرێمی كوردستاندا، بۆیە هەر بیركردنەوە، یان هەوڵێك بە ئاراستەی نەهێشتن، یان كەمكردنەوەی ئەو مافە ئینسانی و دیموكراسییانەیە، جا بە هەر بیانوویەك و لەژێر هەر ناونیشانێكدا بێت، زوڵمە لە ماف و بوونی ئەو پێكهاتانە، زەبرە لە بنەماكانی دیموكراسی و لەكەداركردنێكی گەورە و بەئەنقەستی ژیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئەزموونی حوكمڕانیی خەڵكی كوردستانە. ڕاست و ڕەوان، بە بێ بوونی ئەو كۆتایانە، چ هی ژنان و چ هی پێكهاتەكان، ناتوانین باسی لایەنی هەرە كەمی دیموكراسی و عەدالەت بكەین.
ڕاستینەی دووەم ئەوەیە: لە هەموو ئەو وڵات و سیستمە دیموكراسییانەی كە پەیڕەوی سیستمی كۆتایان تێدا دەكرێت، كۆتا، بە ژمارەی ئەو پێكهاتەیە، یان ئەو توێژە كۆمەڵایەتییەی نوێنەرایەتی دەكات، مامەڵەی لە تەكدا ناكرێت، كۆتا، مافێكی وازلێنەهێنراوی دیموكراسییانە و ئینسانییانەی سیمبوولییانەیە و بە ژمارە ناپێورێت.
ڕاستینەی سێیەم: لە ڕووی لۆژیكی و واقیعییەوە، دەبێت كۆتای پێكهاتەكان بۆ ئەو ناوچانە بێت كە ئەو پێكهاتانەی تێدا دەژین، هەوڵدان بۆ دابەشكردنیان واتە تەرخانكردنی كورسیی كۆتا بۆ پێكهاتەیەكی دیاریكراو لە شار، یان بازنەیەكی هەڵبژاردن كە ئەو پێكهاتەیەی تێدا نییە، یان ناژی، ئەمە بیانووی سیاسییە، نەك مافی دیموكراسی، بۆیە ئەو هەوڵانەی بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان دەدرێن و بوونەتە هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردن لە كوردستاندا، بیانوون و دروستكردنی ئاستەنگی نایاسایی و نالۆژیكین لە بەردەم ئیستیحقاقێكی دیموكراسیدا.
ڕاستینەی چوارەم: ئەوەی ئەمڕۆ بە هۆكاری سیاسییانە و لەپێناو بەرژەوەندیی حزبیانەدا، بیانوو بە كۆتای پێكهاتەكان دەگرێت، سبەی لە یەكەمین دەرفەتدا بە هەمان مونتەڵەق و بەناونیشانێكی دیكە بیانوو بە كۆتای ژنانیش دەگرێت.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا بەڕاست ئێمە هەموو مافە ئینسانی و دیموكراسی و سیاسی و كەلتوورییەكانی پێكهاتەكای كوردستانمان وەك پێویست دابین و جێبەجێ كردووە، تا ئێستا بێین بیانوو بە كۆتاكانیان بگرین؟ بەڕاست دونیای دیموكراسی و دەوڵەتانی دۆست كە بە ڕاستی پاڵپشتیی كوردستانیان كردووە و دەكەن، لێمان قەبووڵ دەكەن لە جیاتی فراوانكردنی زیاتری مافی پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ بەرژەوەندیی ئەم یان ئەو حزب دەست بۆ مافە بنەڕەتییەكانی ئەو پێكهاتانە بەرین؟
ئەوەی لەم پرسەدا پێی گەشبینم ئەوەیە كە دیدگە و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی ئەم تەنگژەیە بەو جۆرەیە كە ناكرێت و نابێت حزبە سیاسییەكان لەبری پێكهاتەكان بڕیار بدەن، پێكهاتە نەتەوەییەكانی كوردستان هاووڵاتی ڕەسەنی ئەم كوردستانەن و دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، ئەركی سەرشانی حزبە سیاسییەكانیشە ڕێز لە ویست و ئیرادەی پێكهاتەكان بگرن، هەر بۆیە لەم ڕوانگەیەوە پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهاتەكانی سەر پشك كردووە، هەر بڕیارێك ئەوان بیدەن، هەتا ئەگەر لە بەرژەوەندیی ئەم حزبەش نەبێت، ئەوا پارتی كوردستان ڕێزی لێ دەگرێت، ئەم ئاراستەیە ئێستا هەست دەكرێت بە جۆرێك لە جۆرەكان بووەتە قەناعەتی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە (بێجگە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) هەموویان پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن كە دەبێت نوێنەرانی كۆتای پێكهاتەكان خۆیان بڕیار بدەن، بەوەی ئایا دەیانەوێت بە یەك بازنە بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، یان كۆتاكانیان بەسەر چوار بازنەدا دابەش بكرێت.
ئەوەی دەمێنێتیەوە، ئەو سكاڵایەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە لەسەر كەمكردنەوەی كورسیی كۆتاكان بە تایبەتی پێنج كورسیی كۆتای توركمانەكان و كورسییەكی كۆتای ئەرمەنەكانە، پێشكەشی دادگای فیدڕاڵیی كردووە، لەگەڵ ئەوەی جارێ دیار نییە، ئەم دادگایە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم سكاڵایە دەكات، بەڵام ئەگەر لە ڕەهەندی دەستووری و یاساییەوە سەیری كورسیی كۆتاكانی كوردستان بكەین، ئەوا چۆن لە پەرلەمانی كوردستان كورسیی كۆتا هەیە، بە هەمان شێوە لە پەرلەمانی عێراقیش كورسیی كۆتا هەیە، بۆیە ئەمە پێمان دەڵێت، دادگای فیدڕاڵی ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیار لەسەر پرسێكی لەو جۆرە بدات، بەڵام پێشكەشكردنی سكاڵا لە لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و وەرگرتنی ئەم سكاڵایە لەلایەن ئەو دادگایەوە، ئەوەمان پێ دەڵێن كە ئەم دادگایە بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان لە دیدگای سیاسییەوە تەفسیر بۆ دەستوور دەكات، نەك یاسایی، هەروەها ئەوەشمان پێ دەڵێت كە زۆر جار بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی دەگاتە ئەو ئاستەی هەموو هێڵە سووركان ببەزێنێت و باكی بە بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان نەبێت.