كلارا عودیشۆ ئەندامی ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری بۆ گوڵان:   سەرۆك بارزانی پاڵپشت و داكۆكیكاری ماف و بەرژەوەندییەكانی هەموو گەلی كوردستانە بە كریستیانەكانیشەوە

كلارا عودیشۆ  ئەندامی ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری بۆ گوڵان:     سەرۆك بارزانی پاڵپشت و داكۆكیكاری ماف و بەرژەوەندییەكانی هەموو گەلی كوردستانە  بە كریستیانەكانیشەوە

 

 

پێكهاتەكان وەكو دانیشتووانی ڕەسەنی كوردستان بەپێی یاسا مافەكانیان لە هەڵبژاردنەكان بۆ دیاری كراوە، ئەوەش بەپێی كۆتاكان، تاوەكو بەشداریی كارایان لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا هەبێت، ماوەیەكە بە بیانووی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كێشە دروستكردن بۆ كورسیی كۆتاكان، وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دواخراوە، گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەیەكی دیكەی پەیوەندیدار بە ماف و داواكاریی مەسیحییەكان، دیمانەیەكی لەگەڵ خاتوو كلارا عودیشۆ ئەندامی ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری ئەنجام دا.

 

* ئێوە وەكو پێكهاتەیەكی گرنگ ئایا پێتان وانییە هەڵمەتێك دژی بەشداریی سیاسی، بە بیانووی دەستكاریكردنی كورسیی كۆتاكان لە دژتان دەستی پێ كردووە؟ ئایا ئەو خاڵە ناكۆكانە چی بوون، كە بوونە ڕێگر لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە؟

- بە هۆی ململانێی سیاسی لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان نەگیشتنە ڕێككەوتن و، هەندێ لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەیانویست بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان لە هەمواركردنی یاسایی هەڵبژاردندا بێتەدی و، لەگەڵ ئەوەدا نەبوون كە بەرژەوەندیی هەموو گەلی كوردستان بەپێی یاسا ڕەچاو بكرێت، لە ئەنجامدا ململانێیەكی توند لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر كورسیی كۆتا دروست بوو، كە لایەن و حزبی سیاسیی كوردستانی هەبوو دەیویست كورسیی كۆتای پێكهاتەكان كەم بكرێتەوە، ئەمەش ناهەقییەك بوو بەرانبەر ئێمەی پێكهاتەی ڕەسەنی كوردستان، خاڵێكی دیكەی ناكۆكییەكان ئەوە بوو، كە لایەن هەبوو دەیویست سیستمی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان بە چوار بازنە بێت، لە كاتێكدا بە هیچ جۆرێك بۆ كورسیی كۆتای پێكهاتەكان گونجاو نییە، چونكە بە هۆی چوار بازنەوە لە بری یەك بازنە، دەنگ و ڕەنگ و ژمارەی دەنگدەرانی پێكهاتەكانی وەك مەسیحی بەگشتی و توركمان و ئەوانی دیكە بزر و پەرش و بڵاو دەبێتەوە، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەو خاڵەش نەبووین و قبووڵمان نەكرد، خاڵێكی دیكە كە بووە هۆی ئەوەی گفتوگۆی توندی لەسەر بكرێت، ئەوە بوو كە لایەن و حزب و فراكسیۆن هەبوون، ئێمەی پێكهاتەكانیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە ئێمە ڕاوبۆچوون و دەنگمان لەگەڵ فراكسیۆنێكی ناو پەرلەمانی كوردستانە، لەلایەكی دیكەوە لایەن و حزبی كوردستانی هەبوون، بە هەموو توانا و شێوەیەك هەوڵیان دەدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بیانوویان دەدۆزییەوە تا یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكرێتەوە، چونكە ئەو لایەن و حزبە دڵنیان كە لەو هەڵبژاردنەی ئەم جارەی پەرلەمانی كوردستاندا كورسییان كەم دەبێتەوە.

* بە ڕای ئێوە وەك ئەندامێكی ئەنجومەنی كلدانی ئاشووری سریانی، گرنگیی دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمانی كوردستان لە چیدایە؟ ئایا بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان چ لایەنیكی دیكە ئامادە و پەرۆشە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە شوباتی داهاتوو ئەنجام بدرێت؟

- بە ڕای من هیچ لایەنێكی دیكەی كوردستانی جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوە نییە كە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە شوباتی ساڵی 2024 ئەنجام بدرێت، ئەو حزب و لایەنانەی نایانەوێت هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت، ئەوە ڕاستەوخۆ ئەو مەرام و مەبەستەی هەیانە ڕای ناگەیەنن، بەڵكو بەربەست و بیانوو دەهێننە پێش پڕۆسەكە، تا دوا بكەوێت، یان هەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، دڵنیاتان دەكەمەوە، كە ئەو لایەن و حزبانە متمانەیان لە ناو جەماوەرەكەیان و گەلی كوردستاندا زۆر دابەزیوە و ناتوانن ئەو ڕێژە و كورسییە بێنن كە قەناعەتیان پێی هەیە، بۆیە یەكێ لەو بەربەستانەی كە دروستیان كردووە، بەتایبەت بۆ دواكەوتنی هەڵبژاردنەكە ئەو سكاڵایەیە كە پێشكەش بە دادگای فیدڕاڵییان كردووە، كە كورسیی كۆتای پێكهاتەی نەتەوەی ڕەسەنی توركمان نەهێڵن، لەلایەكی دیكەوە زۆر پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە تاكە حزب و لایەن كە دەیەوێت قەوارەی كوردستان بە بەهێزی و سەركەوتوویی بمێنێتەوە، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانە. هەروەها هەق و مافی خەڵك و گەلی كوردستانە كە هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، تاوەكو ئەو حزب و لایەنانەی خزمەتیان نەكردون و بەرژەوەندیی گەلی كوردستانیان خستووەتەبەر مەترسی، بە دەنگ و مافی خۆیان سزایان بدەن. ئێمەش وەك پێكهاتەیەكی ڕەسەنی كوردستان، باش دەزانین پاراستنی ناسنامەی ئێمە و خەڵكەكەمان لەوەدایە كە قەوارەی یاسایی هەرێمی كوردستان وەك چاوی خۆمان بپارێزین و لەگەڵ ئەو لایەن و حزب و فراكسیۆنەش بین كە داكۆكیكار و پاڵپشتە بۆ ماف و بەرژەوەندییەكانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان، كە ئەویش تەنیا فراكسیۆن و لایەنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە ڕابەڕایەتی و كاریزمایی مەرجەعی گەلی كوردستان جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی. 

*  جگە لەوەی لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵیی عێراقەوە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێندرایەوە، ئێستا جارێكی دیكە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەم پرسەیان بردووەتە دادگای فیدڕاڵی و دەیانەوێت بە بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی كۆتای پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكان دابەش بكات، ئایا ئێوە وەك نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان هەڵوێستتان لەم بارەوە چییە؟

- ئەو سكاڵایەی كە پێشكەش بە دادگای فیدڕاڵی كراوە، مۆدیل و كۆسپێكی دیكەیە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوا بكەوێت، چونكە لێرەدا بەو سكاڵایەی ئەو لایەنە كوردستانییە بەربەست لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دروست دەبێت، ئەمەش مەترسی و زیانێكی زۆر گەورەیە لەسەر ئەو قەوارە دیموكرات و ئازاد و یاساییەی كوردستان، چونكە ئەو لایەنانەی ئەو كردەوە و بەربەستانە دروست دەكەن، دەیانەوێت خەونە خراپەكانیان بۆ ماوەیەكیش بێت، بێتەدی. بە ڕاشكاوی پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە لایەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەكو موزایەدەی سیاسی و مەبەستی خۆیان، هەوڵ دەدەن بەربەست و بیانوو دروست بكەن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، چونكە دڵنیان كە متمانەی جەماوەر و خەڵكیان بەگشتی و نفووسی خۆشیان لە دەست داوە و ناتوانن ئەو دەنگ و كورسییانەی هەیانبووە، بەدەستی بیهێننەوە. هەروەها یەكێتی سكاڵاكەی بۆ گۆڕانكاریی ماددەكانی (1 و 9 و 15 و 22 و 36) یاسایی ژمارە(1)ی ساڵی 1992ی تێكڕای هەمواركراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش كردووە، لە كاتێكدا ئەو سكاڵایە ئەگەر بە پێی داواكاریی یەكێتی دەربچێت، ئەمە زیانێكی زۆر بە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان و قەوارەی هەرێم دەگەیەنێت، بەتایبەت بە نەتەوەی توركمان و، ناهەقییەكی گەورەیە بەرانبەر هەموو لایەكمان لەو هەرێمە سەقامگیرە، ئەمەی یەكێتی دەیكات، دواجار زۆر لە سەریان دەكەوێت.

* بیانووی حزبە كوردستانییەكان بۆ دابەشكردنی كۆتای نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان ئەوەیە كە دەڵێن: «ئەم كۆتایانە بەشێكن لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان»، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئێوە چۆن سەیری ئەم خاڵە دەكەن كە پشتگیریی فراكسیۆنی پارتی دەكەن؟ لەكام خاڵە هاوبەشەوە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی لەلایەنەكانی دیكە بە باشتر دەزانن؟

- لەو پرسیار و پرسەدا زۆر بە ڕاشكاوانە و بە واقیعی دەڵێین تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان هیچ لایەن و حزبێكمان نەبینیوە كە داكۆكی و پاڵپشتی لە ماف و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئایینی ئێمە بكات، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی نەبێت، ئێمە تەماشای كار و كردەوەكان دەكەین، نەك قسەی باق و بریقەدار، لەلایەكی دیكەوە لە هەموو دونیا و لە هەموو وڵاتێكدا هاوپەیمانی لە نێوان لایەن و حزبەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیییەكان دروست دەكرێت، ئێمەش هاوپەیمانیمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە و، لە ناو پەرلەمانیشدا بۆ هەر بابەت و پڕۆژەیەك، گفتوگۆ دەكەین و سەرنجی خۆمان دەدەین و حیسابیش بۆ قسە و سەرنجەكانمان دەكرێت و، هەندێك جار سەرنجی جیاشمان لەگەڵ پارتی هەیە، كە ئەوانیش ڕێز لە پێشنیار و سەرنجەكانمان دەگرن، هەروەها لێرەدا تەئكید دەكەمەوە كە جەنابی سەرۆك بارزانی سەمامی ئەمانە بۆ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان، ئەو ئاماژەیەشمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆر هەڵویست و كار و بڕیاری جوان و گرنگی جەنابی مسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانمان بینیوە، بۆیە ئێمەش هەڵویست و بڕیار و هاوپەیمانیمان هەر لەگەڵ پارتییە. لەلایەكی دیكەوە ئەگەر پاڵپشتیی پارتی نەبووایە، ئەوە ئێمە وەك پێكهاتەی مەسیحی و هەموو پێكهاتەكانی دیكە، چەندین یاسا هەبووە لە دژمان دەردەچوو، كە مەترسی و زیانی گەورەی دەخستە سەر ژیان و بارودۆخی ئێمەی پێكهاتەكان. هاوكات لەو كاتەی كە تیرۆریستان پەلاماری كریستیانەكانی بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراقیان د،ا بەتایبەتی كە تیرۆریستانی داعش پەلاماری دەشتی نەینەوایان دا، هەڵویست و بڕیاری سەرۆك مسعود بارزانی و حكومەتی كوردستان نەبووایە، كە هەموو سنوور و دەروازەكانیان بە ڕووی خەڵكی ئێمەدا كردەوە، ئەوە ئێمە بەشێكی زۆرمان وەك كریستیان لەناو دەچووین.

* ئێوە وەك كلدانی ئاشووری سریانی، لە هەرێمی كوردستان مەزندەتان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان چییە و بەشداریی ئێوە لە حكومەتی داهاتووی كوردستان چۆن دەبینن؟

- ئێمە وەك كریستیانەكان چەندین حزب و لایەنی سیاسیمان هەیە و لە ساڵانی شەستەكان و حەفتاكان و تا ڕاپەڕینیش بەشداریمان لە شۆڕشەكانی ڕزگاریخوازی كوردستان كردووە، هەموو كات ئێمە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانین، چونكە دەزانین تاكە لایەن و حزبە لەسەر بیر و عەقیدەی بارزان و باوكی ڕۆحی مەلا مستەفا بارزانی بۆ هەموو گەل و پێكهاتەكانی كوردستان هەوڵ دەدات. پارتی دەیەوێت هەموو پێكهاتەكان بە كوردیشەوە بە یەكەوە هەرێم و قەوارەكەی ئیدارە بدەن و پارێزگاری لێ بكەن، ئێمە ئامادەین بۆ بەشداریكردن لەو هەڵبژارنەی كە بڕیارە لە مانگی شوباتی ساڵی 2024 ئەنجام بدرێت و لەو خول و كابینەیەی دێتەپێش، وەك جاران و زیاتریش بەشدار و كارا بین بۆ سەرخستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، ئێمە بە هاوپەیمانیی پێنج لایەن و حزبی كریستیانی كە (جووڵانەوەی دیموكراتی ئاشووری و ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری و پارتی نیشتمانی ئاشووری و یەكێتیی نیشتمانیی بەیت نەهرەین و حزبی ئەبنائی نەهرەین) پێك هاتووە، بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكەین و ئومێدی زۆریشمان هەیە كە دەرئەنجامێكی سەركەوتوو بەدەست بهێنین.

Top